پەیکەری ژنی ئازاد؛ ناسنامەیەک بۆ بەرخۆدانی ژنانی کۆبانێ

پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار هێمایە بۆ سەدان ژنی شەڕڤانی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر، کە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادی و پاراستنی کۆمەڵگە و خاک، ئەم مێژووەیان لە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە تایبەتی لە بەرخۆدانی کۆبانێ تۆمار کردووە.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە و هێزەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە لە ساڵی ٢٠١٣دا ڕووبەڕووی هێرشی بە کرێگیراوانی داعش بوونەوە، شەڕێکی توند و بەرخۆدانی مێژوویی لە شاری کۆبانێ تۆمار کرا، کە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر هەموو جیهان دروستکرد، ئەو بەرخۆدانەش لە ساڵی ٢٠١٤دا بوو بە سیمبولی خەبات و قارەمانێتی و بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد و شەڕڤانانی یەپەژە داستان نووسرایەوە.

 

شاری بچووکی کۆبانێ بوو بە قەڵای بەهێزی بەرخۆدان و خۆڕاگری و جیهانی بە کورد و ژنی کورد و پرسی کورد ناساند، بۆیە هەموو گەلانی جیهان، بە ئامانجی بڵاوبوونەوە ئاشتی و بۆ پشتیوانی لە شەڕڤانانی ژن و بەرخۆدانی کۆبانێ یەکیان گرت و ناوی کۆبانێیان هێنا.

 

 دروستکردنی پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار

ڕۆژی ١٤ی ئاداری ٢٠١٦ پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار، کە نوێنەرایەتی ئازادی و ئازایەتی ژنە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرە کوردەکان دەکات، لە گۆرەپانی کۆبانێ دانرا، پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار هێمای خەباتی ژنی کوردە، ئەم پەیکەرە سیمبول و دیاری شاری سلێمانی بوو بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە شەڕی کۆبانێدا بەشدار بوون و بەرخۆدانیان کرد.

 

هونەرمەندی پەیکەرتاش زیرەک میرە، پەیکەری ژنی ئازادی بە درێژی ٩ مەتر و بە کێشی ٨ تەن دروستکردووە، کە زیاتر لە ٣ مانگی پێچووە، شێوەی پەیکەرەکە هێمای چەندین پەیامە، باڵەکان هێمای خوداوەندی سەرکەوتنن، دانانی دەستی ڕاستی پەیکەرەکەش لەسەر سنگی ئاماژەیە بۆ سوێندخواردن، کە لەلایەن ژنانی شەڕڤانەوە لە کاتی هەڵگرتنی چەکدا ئەنجام دەدرێت، بەرزکردنەوەی دەستی چەپیش هێمای سەرکەوتنە.

 

پەیکەری ژنی ئازادی باڵدار سیمایەکە بۆ خەباتی سۆڕشگێڕانەی ژنانی کۆبانێ 

سەبارەت بە گرنگی پەیکەری ژنی ئازاد بۆ خەڵک و ژنانی شۆڕشگێڕی کۆبانێ پەیکەری ژنی ئازاد وەک سوپاس و پێزانینێک بۆ خەبات و بەرخۆدانی ژنان لە شەڕی دژی داعش پێناسە دەکرێت، کە بە داستانی کۆبانێ بە ناو دەکرێت، پەیکەرەکە شایەتحاڵی بەرخۆدانی کۆبانێ و ئیرادەی خەباتکاران و یەکینەکانی پاراستنی ژنانە، شایەتحاڵی بەرخۆدانی دایکانە لە شەڕەکەدا و پێداگرییانە لەسەر مانەوە لە شارەکەیاندا، ئەم پەیکەرە بۆ خەڵک و ژنانی کۆبانێ بەها و گرنگییەکی ئەخلاقی هەیە، لەبەر ئەوەی سیمبول و هێمای ژنی بەرخۆدێری کۆبانێیە.

 

پەیکەرەکە نوێنەرایەتی سەدان ژنی شەڕڤانی وەک ئارین، ڕێڤان، بێرتان، ئاڤیستا و ...هتد دەکات، بەڵام ئێستا ئەم گۆڕەپانە دیسان لەژێر هێرشدایە، بۆیە ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی بەرخۆدانی کۆبانێیان کرد، دەبێت دووبارە لەگەڵ گەلی کۆبانێ بووەستنەوە و هێرشەکان ڕابگرن. داعش نەیتوانی بەرامبەر هێز و هزری ژنانی کۆبانێ ڕووبەڕوو ببێتەوە، ژن هەمیشە لەڕیزی پێشەوەی جەنگەکان بوون و گیانی پاکی خۆیان فیدای وڵاتەکان کردووە و  بەرەنگاربوونەتەوە لە پێناو ئازادی ژن و دەستەبەرکردنی یەکسانی مافی مرۆڤ.