کیمیایی؛ چەکی بێدەسەڵاتیی داگیرکارانی خاکی کوردستان ...١

کوردستان ئەو خاکەی بەرخۆدانییەکەی و هێزی سەرکەوتنەکانی، دوژمنانی وەک دەوڵەتی تورکیا و ڕژێمی بەعسی عێراقی ناچار بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی کردووە لە دژی، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی هەزارەها کورد و وێران کردنی خاکی کوردستان.

سلێمانی

 

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٣٧ بۆ ١٩٣٨ گەلی کورد لە باکووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕووبەڕووی کیمیاباران کردن بووەتەوە، پاشان ڕژێمی بەعسی عێراقی ناوچەکانی باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کیمیاباران کردووە، ساڵی ٢٠١٩ سەرێکانی و گرێسپی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە چەکی کیمیای لە جۆری فۆسفۆر کیمیاباران کرا و چیاکانی کوردستانیش تا ساڵی ٢٠٢٤ کە ئامارەکان بڵاوکراوەتەوە، دەوڵەتی تورکیا فۆسفۆڕی سپی، کە خراپترین جۆری چەکی کیمیایییە، بەکارهێنا بۆ کۆمەڵکوژکردنی هێزە ئازادیخوازەکانی کوردستان.


ئەو چەکە کیمیاییانەی لە کوردستان بەکارهاتووە و کاریگەریەکانی

ئەو چەکە کیمیاییانەی لەسەر گەلی کورد بەکارهاتوون بریتین لە گازەکانی "خەرتەل، سارین، ڤی ئێکس، فۆسجین، فسفۆڕی سپی" کە کاریگەرییەکانی بە تەنها لەسەر مرۆڤ نییە و دەبێتە هۆی لەناوبردنی ژینگ، کاتێک چەکی کیمیای لە شوێنێک دەڕژێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی مردنی مرۆڤەکان و نەخۆشی درێژخایەن، کاریگەری لەسەر ڕووەک و خاک دروست دەکات، بۆ چەندین ساڵ ئەو خاکە ژەهراوی دەبێت و دەگاتە سەرچاوە ئاوییەکانی ژێر زەویش، ئەو ئاوەش کاتێک بەکاردێتەوە ژەهراوی بوون دروستدەکات و سودی لێ وەرناگیرێت بۆ باخداری و خواردنەوە.

 

گازی خەردەل پێکهاتەیەکی کیمیاییە، بریتیە لە شلەیەک کە هەڵمێکی ترسناک دەردەکات دەبێتە هۆی سووتانەوە و قڵیشانی پێستی بەرکەوتوو، ئازاری کۆئەندامی هەناسە دەدات و دەبێتە هۆی ڕشانەوە و سکچوون زیان بە چاو ڕیشاڵەکانی بینین دەگەیەنێت، هەروەها زیان بە پێست و ئەو ئەندامانەی کە خوێن دروست دەکەن، دەگەیەنێت، ترسناکترین گۆڕانە دوور مەوداکان تووشبوونە بە شێرپەنجە، کە چارەسەریی دەگمەنە.

 

گازی سارین هەڵمێکە کە ڕەنگی نییە و دەبێتە هۆی نابینایی و گرانی هەناسەدان و تێکچوونی ماسولکەکان و ئارەق کردنەوە، لە هۆش خۆچوون و ڕەق بوون، وەستانی هەناسە و گیان لەدەستدان، گازەکە ٪٩٠ دەبێتە هۆی مردن.

 

ڕژێمی سەدام لە دانپێدانانێکدا وتوویەتی، ١٠٠-١٥٠ تەن لە گازی سارینی بەکارهێناوە و گۆڕیویەتی بۆ چەک  لە تۆپەکاندا بەکاری هێناوە.

 

ڤی ئێکس، ناسراو بە گازی مێشک کە بریتیە لە شلەیەکی چەوری سەوز و بۆنی نییە، کاریگەریەکانی بە هەمیشەی دادەنرێت بەو توخمانەی کە زۆر ژەهراوین لەچاو ئەو توخمانەی تا ئێستا بەرهەم هێنراون، ئەم گازە بەهۆی هەواوە دەگوازرێتەوە و دەتوانێت لە ماوەی چەند دەقەیەکدا زیندەواران لەناو ببات، بەڵام هەڵمژینی سەرەکی لە ڕێگەی پێستەوە دەبێت و کار دەکاتەسەر کۆئەندامی دەمار و نیشانەکانی نەبینین و گرانی هەناسەدان تێکچوونی ماسولکەکان، ئارەقکردنەوە و ڕشانەوەیە.

 

فۆسجین گازێکی بێڕەنگی قورسی بۆن ناخۆشە، ٩ هێندە لە گازی کلۆر ژەهراوی ترە لەگەڵ ئاسندا کارلێک دەکات و مادەیەکی ژەهراوی ڕەنگ زەردی سورباو دروستدەبێت و دەبێتە هۆی ئازارێکی زۆر لە کۆئەندامی هەناسەدا.

 

فسفۆڕی سپی بە تێکەڵکردنی توخمی فسفۆڕ لەگەڵ ئۆکسجیندا توخمێکی مێوی ڕوون و سپی زەردبا دروستدەبێت، بۆنەکەی لە بۆنی سیر دەچێت، فۆسفۆڕ و ئۆکسجین بە خێرایی کارلێک دەکەن و لە ئەنجامدا ئاگر و دوکەڵێکی سپی دروست دەکات لە بنی دەریادا و لەسەر ئەو خاکەش دەنیشێت کە لەسەری بەکارهێنراوە، کاتێک بەر لەشی مرۆڤ دەکەوێت پێست و گۆشتەکە دەسوتێنێت و تەنیا ئێسکەکە دەهێڵێتەوە.

 

ئەو کەسانەی دەبنە بەرکەوتەی چەکی کیمیایی، کاریگەریان لەسەر دەمێنێتەوە تاوەکو کۆتای تەمەن، چونکە زۆربەی ماددە کیمیاییەکان تێکەڵ بە خوێن دەبێت و کاتێک هاوسەرگیری دەکەن لە ڕێگەی کرۆمۆسۆمەکانەوە بۆماوەییانە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی و هەمان پێکهاتەکان دەگوازێتەوە، باوترینیان نەخۆشیەکانی ڕەبۆ و دڵ و کێشەکانی هەناسەدانە.