٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە بۆ ڕزگاربوون لە جیاوازی جێندەری

ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ڕۆژی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییە دژ بە جیاوازی جێندەری و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و ژیانی ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان، ئەو ڕۆژەی لە ساڵی ١٨٧٥ ژنانی کرێکاری کارگەی قوماش و درووین، لە نیویۆرک لە ئەمریکا ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای زیادکردنی مووچە، کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن و باشترکردنی دۆخی کارکردنیان کرد.

 

هەرچەندە ئەم خۆپیشاندانە بەهۆی هێرشی پۆلیس و لێدان لە ژنانی کرێکارەوە کۆتای پێهات، بەڵام پریشکێک بوو بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانی بۆ ژن و پیاو، ئەو مافانەی پێشتر پشتگوێ خرابوون و لە یەکەم هەوڵەکانی ژنان بوون بۆ ڕزگاربوون لە پێشێلکاری و جیاوازی جێندەری، ئەو جیاوازییەی کە لە ئەنجامی دەسەڵاتی پیاوسالاری و سەپاندنی کولتووری پیاوسالاری لەمێژینەوە ژنانی لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوتکردبووە.

 

سەرەتای خەباتی ژنان

مێژووی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان مێژووی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە دژی جیاکارییەکان، ئەم ڕۆژە ڕۆژی هاودەنگی و خەباتکردنە بۆ بەدەستهێنانی مافی یەکسانی و باشترکردنی بارودۆخی کارکردن و ژیان بۆ ژنان.

 

هەلومەرجی سەخت و نامرۆڤانەی کارکردن و کەمی حەقدەست "موچە"ی ژنانی کرێکار لە کاتێکدا، کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا لەگەڵ پیاوان هاتنە ناو بازاڕی کارەوە، ناچاربوون بە شێوەیەکی ڕێکخراو و ڕێکوپێک دژی ئەم نادادپەروەرییە بجەنگن.

 

لەو ڕۆژەدا ژنانی کرێکاری قوماش لە کارگەیەکی گەورەی جلوبەرگدا مانیانگرت، بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی سەختی کارکردن و بارودۆخی ئابوورییان، ئەم مانگرتنە بۆ کرێکارانی قوماش مایەوە و ناڕازیبوونی گشتی لەم مەرجانە بۆ ژنانی کرێکار بەردەوام بوو.

 

لە ٨ی ئاداری ساڵی ١٩٠٨، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پەنجا ساڵ، ژنانی کرێکاری کارگەی قوماش لە شاری نیویۆرک ئەو ڕۆژەیان زیندووکردەوە، کە پێشێلکاری و فشاری زۆری کار، مووچەی کەمی ژنان دۆخێکی سەختی بۆ ژنان دروستکردبوو، بۆیە دەستیان بە مانگرتن و ناڕەزایەتی کرد.

 

خاوەنی ئەم کارگەیە بە هاوبەشی لەگەڵ پاسەوانەکان ئەم ژنانەیان لە شوێنی کارەکەیان لە کارگەکەدا قفڵ کرد، بۆ ئەوەی کرێکارانی بەشەکانی دیکە نەچنە ناو ئەم مانگرتنە و ناڕەزایەتییەکان فراوان نەبێت، بە هۆکارێکی نادیار کارگەکە ئاگری گرت و تەنها ژمارەیەکی کەم لە ژنە کرێکارە زیندانیکراوەکان توانیان خۆیان و ژنە کرێکارەکانی دیکە ڕزگار بکەن، ١٢٩ لەو ژنە کرێکارانە لە ئاگرەکەدا سووتان، هەر بەم هۆیەشەوە ڕۆژی ٨ی ئادار وەک ڕۆژی خەباتی ژنانی کرێکار لە دژی نادادپەروەری و فشارەکان لە دژی ژنان یاد دەکرایەوە.

 

  لە ساڵانی دواتردا، لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا، خەباتی ژنان لە شێوەی خۆپیشاندان و مانگرتن لە دژی فشار و کۆلۆنیالیزم و مافی یەکسان لە کۆمەڵگەدا بەردەوام بوو.

 

مێژووی دروستبوونی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان

یەکەمین ڕێوڕەسمی ڕۆژی ژنان لە ٢٨ی شوباتی ساڵی ١٩٠٩ لە نیویۆرک بەڕێوەچوو، کە لەلایەن پارتی سۆسیالیستی ئەمریکاوە بۆ یادی مانگرتنی "یەکێتی نێودەوڵەتی ژنانی کرێکارانی جلوبەرگ" لە ساڵی ١٩٠٨دا ڕێکخرابوو.

 

لە مانگی ئابی ساڵی ١٩١٠ دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ژنانی سۆسیالیستی لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک بەڕێوەچوو، سۆسیالیستی ئەڵمانی لویس زایتس بە سوود وەرگرتن لە سۆسیالیستەکانی ئەمریکا، پێشنیاری دامەزراندنی ڕۆژی جیهانیی ژنانی کرد و لەلایەن سۆسیالیستی پێشکەوتنخواز "کلارا زەتکین"ەوە پشتیوانی لێکرا، کە دواتر بوو بە سەرکردەیەکی کۆمۆنیست.

 

بەڵام لەو کۆنفرانسەدا هیچ ڕۆژێکی تایبەت دیاری نەکرا، نوێنەرەکان کە پێکهاتبوون لە ١٠٠ ژن و لە ١٧ وڵاتەوە بەشداربوون، هاوڕابوون لەگەڵ بیرۆکەی پێشخستنی یەکسانی مافی ژنان، لەوانەش بەدەستهێنانی مافی دەنگدان بۆ ژنان.

 

ساڵێک دواتر و لە ١٩ی ئاداری ساڵی ١٩١١ یەکەم ڕێپێوان و یادکردنەوەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە سەرتاسەری ئەوروپا بەڕێوەچوو و ملیۆنان کەس لە نەمسا و دانیمارک و ئەڵمانیا و سویسرا بۆ یەکەمجار ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەم ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

 

تەنها لە نەمسا و هەنگاریا ٣٠٠ خۆپیشاندان ئەنجامدرا، لە ڤییەنا ژنان بە هەڵگرتنی دروشم و پۆستەری ڕێزلێنان لە شەهیدانی پاریس، ڕێپێوانیان ئەنجامدا، لە سەرتاسەری ئەوروپادا ژنان داوای مافی دەنگدان و دەستبەسەرداگرتنی پۆستی گشتییان دەکرد، هەروەها ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە جیاکاری ڕەگەزی لە دامەزراندن و بەدەستهێنانی کار.

 

لەبەرئەوەی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە بنەڕەتدا بەروارێکی دیاریکراوی نەبووە "هەرچەندە بە زۆری لە کۆتایی مانگی شوبات یان سەرەتای مانگی ئاداردا ئاهەنگ دەگێڕدرا"، ئەمریکییەکان لە کۆتا یەکشەممەی مانگی شوباتدا ڕۆژی نیشتمانی ژنانیان بەڕێوەدەبرد، هەروەها لە ڕووسیا بۆ یەکەمجار ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە ساڵی ١٩١٣ لە کۆتا شەممەی مانگی شوبات بەڕێوەچوو.

 

لە ساڵی ١٩١٤ ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە ٨ی ئاداردا بەڕێوەچوو، تا ئێستاش لە هەمان ڕۆژدا یادی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان دەکرێتەوە، ساڵی ١٩١٤ ڕۆژی ژنان لە ئەڵمانیا تایبەت بوو بە مافی دەنگدانی ژنان، هەرچەندە ژنانی ئەڵمانی تا ساڵی ١٩١٨ ئەم مافەیان بەدەستنەهێنا.

 

لە ٨ی ئاداری ساڵی ١٩١٤ لە لەندەن ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە مافی دەنگدانی ژنان بەڕێوەچوو، سیلڤیا پانکرست لەکاتی ڕۆشتنی بۆ گۆڕەپانی ترافالگار بۆ وتاردان لەبەردەم وێستگەی چارڵز کرۆس دەستگیر کرا، لە ساڵی ١٩١٧ خۆپیشاندانێک بە ناوی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە شاری سانت پترسبۆرگ بەڕێوەچوو کە سەرەتای شۆڕشی شوبات بوو.

 

لە هەمان ڕۆژ ژنان لە سانت پترسبۆرگ بەشدارییان لە مانگرتنەکانی "نان و ئاشتی" کرد و داوای کۆتاییهێنانیان بە جەنگی جیهانی یەکەم و کەمی خۆراکی ڕووسیا و دەسەڵاتی تۆتالیتاریان دەکرد، لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە، ئەلێکساندرا کۆلۆنتای و ڤلادیمێر لینین ئەم ڕۆژەیان وەک بۆنەیەکی فەرمی لە یەکێتی سۆڤیەتدا ناساند.

 

دوای بە فەرمی کردنی ئەم ڕۆژە لە ڕووسیا، دوای شۆڕشی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩١٧، ئەم ڕێوڕەسمە بە شێوەیەکی سەرەکی لە وڵاتانی کۆمۆنیستی و سۆسیالیستی بەڕێوەچوو، لە ساڵی ١٩٢٢ەوە لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە لە چین و لە ساڵی ١٩٣٦ەوە لە ئیسپانیا ڕێکخرا، دوای دامەزراندنی کۆماری گەلی چین لە ١ی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٤٩ و لە ٢٣ی کانوونی دووەم، ئەنجومەنی دەوڵەت ڕایگەیاند کە ٨ی ئادار پشووی فەرمییە و ژنان لە چین نیو ڕۆژ پشوویان پێدەدرێت.

 

لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە دوای ساڵی ١٩٧٧ بۆ یەکەمجار بەرز ڕاگیرا، کاتێک کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بەروارەدا وڵاتانی ئەندامی بانگهێشت کرد، بۆ ئەوەی ڕۆژی ٨ی ئادار وەک ڕۆژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی ژنان و ئاشتی جیهانی ناوببەن، بەڵام ژنانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات کە لە ئەمریکای باکوور دەژیان، دەیان ساڵ پێش ئێستا ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنانیان بەرز ڕاگرتووە.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی یەکەم لە ٢٨ تەمووزی ساڵی ١٩١٤، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بوو بە خاڵی کۆبوونەوە بۆ بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرتاسەری جیهان، بۆ ئەوەی بیکەنە ڕۆژی ناڕەزایەتی دژی جەنگی جیهانی یەکەم، دوای جەنگی جیهانی دووەم، لە ساڵی ١٩٤٦ لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات جارێکی دیکە ئاهەنگی ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بەڕێوەچوو.

 

لەو وڵاتانەدا ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان وەک پشووی فەرمی و لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشانکرا، وەک هەنگاوێکی حکومەت بۆ باشترکردنی پێگەی ژنان لەو وڵاتەدا، لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوادا، سەرەتا و لە دوای جەنگەوە، هیچ بەرنامەیەکی چاکسازی بۆ ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان نەبوو، دواتر ئەم ڕۆژە بوو بە ڕۆژی تێکۆشان بۆ خواستێکی گشتی ژنان.

 

لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوو، کە ٨ی ئادار دووبارە گرنگی و مانایەکی تایبەتی پەیدا کرد، بابەتگەلێکی وەک یەکسانی مافی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، مافی لەباربردنی منداڵ، نەهێشتنی هەڵاواردن لە ژیانی خێزانی، و پشتیوانی لە دایکان لە کاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون لەبەرچاو گیرا، یەکێک لە خاڵە بەرزەکانی ئەم ناڕەزایەتیانە ڕۆژی مانگرتنی ژنان بوو لە ساڵی ١٩٩٤، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ژن لە سەرتاسەری ئەڵمانیا لە دژی جیاکاری و نایەکسانی لە مافی ژنان بەشداریان کرد.

 

لە ئێستادا هەموو وڵاتان ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی ناڕەزایەتی گشتی یاد دەکەنەوە، لە بەرامبەر نادادپەروەری و فشارەکانی ژنان وەک ڕێزگرتن لە تێکۆشان و خەباتی ئەو ژنانەی کاریان بۆ بەرزڕاگرتنی پێگەی ژنان کردووە، له زۆربەی وڵاتانی جیهان مافی دەنگدانی ژنان و بەشداریکردنیان له چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا به فەرمی ناسێنراوه، بەڵام ڕێگەیەکی دوور و درێژ هەیه بۆ ئەوەی ژنان یەکسانی لە مافەکانیان بەدەستبهێنن.

 

سەرباری مێژووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی ژنان، بەڵام تا ئێستا ژنان لە خێزان، کۆمەڵگە، یان لە ژینگەی کاردا تووشی توندوتیژی دەبن و لە زۆرێک لە وڵاتانی وەک ئێران و ئەفغانستان یاسا دژە فێمینیستەکان کە مافە سەرەتاییەکانی ژنان بەڕێوەدەبەن، پێشێل دەکرێن و ژنانیش دەبنە قوربانی یاسا و کولتووری پیاوسالاری کۆمەڵگە.