لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا سێ کورد بە دەستی فاشیستی تورک کۆتایی بە ژیانیان هاتووە

تەنها لە باکوور و باشووری کوردستان لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا هەریەک لە هێرۆ بەهادین، گوڵستان تارا و حەکیم لوقمان بە دەستی ئەقڵیەتی فاشیستی تورک کۆتایی بە ژیانیان هێنراوە.

تەوار پێنجوێنی

 

سلێمانی- ئەقڵیەتی فاشیستی تورک لە سەردەمێکدا، کە بە سەردەمی گەشەی دیموکراسی و پێکەوە ژیانی گەلان دەناسرێت، گەیشتووەتە ترۆپک و لەسەر بنەمای یەک ئاڵا، یەک زمان و یەک نەتەوە، هەموو نەتەوە و کولتوور و پێکهاتەکانی دیکە ڕەتدەکەنەوە، ئەم ئەقڵییەتە جگە لەوەی حکومەتەی ئاکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆغان بەڕێوە دەچێت و هەموو هەوڵێک بۆ لەناوبردنی گەلی کورد و زمان و کولتوورەکەی دەدات و ڕۆژانە بە ڕێگای فشاری دەروونی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و هونەرییەوە ڕێگری لە ژیان و چالاکی کورد دەکات، بەشێک لە گەلەکەشی بەهەمان ئەقڵیەتی فاشیست هێرش دەکاتەوە سەر ئەو گەشتیارە کوردانەی ڕوودەکەنە وڵاتی تورکیا، جا چ بە مەبەستی گەشتیاری بێت، یان بە مەبەستی بازرگانی و تەندروستی بێت.

 

مێژووی فاشیستیی تورکیا هاوکاتی بوونی کوردە لەو وڵاتەدا، چەندین ڕووداو هەن لە ساڵانی ڕابردوودا، کە خەڵکە ڕەگەزپەرستەکەی تورکیا هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کوردانەی ڕوویان لەو وڵاتە کردووە، یەکێک لەو ڕووداوانەش، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠١٩دا بوو، کە چەند تورکێکی ڕەگەزپەرست لە ترابزۆنی وڵاتی تورکیا هێرش دەکەنە سەر یەکێک لەو گەشتیارە کوردانەی لە باشووری کوردستانەوە چووەتە ترابزۆن.

 

بە گوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی ئارتی گه‌رچه‌ك- Arti Gerçek‌کە دیمەنی هێرشەکەی بڵاوکردووتەوە، توركە نه‌ژادپەرستەكان هێرشیان كردووەتە سەر یەكێك له‌و گەشتیارانەی باشووری كوردستان لەكاتێكدا ویستوویەتی بە ئاڵای هه‌رێمی كوردستانەوە وێنە بگرێت، هەر لە دیمەنەکانیشدا دەرکەوتووە، سەرەڕای ئەوەی لە شوێنی ڕووداوه‌كه‌ جەندرمەی تورك هه‌یه‌، بەڵام ئەو گەشتیارە بۆ ماوەیەكی زۆر هێرشی دەكرێتە سەر و هاوار دەكات كەس ناچێت بە دەنگییەوە، ئەو كەسەی دیمەنی هێرشكردنەكەشی تۆمار كردووە، سوكایەتی بە گه‌لی كورد دەكات و دەڵێت، "ئێوە كێن؟ ئێوە بێ‌ مێژوون".

 

دەوڵەتی تورکیا دەستبەرداری ڕەگەزپەرستی نابێت

دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کوردان، لە خاڵە سنورییەکان و فرۆکەخانەکاندا سوکایەتی بە کورد دەکات و بە چەندین کاتژمێر بۆ پشکنین دەیانوەستێنێت، لە ناوخۆشدا هێرش دەکاتە سەر ئەو کەسانەی بە مەبەستی بازرگانی ڕوو لە تورکیا دەکەن.

 

یەکێک لەو ڕووداوانەش بەرەبەیانی دوێنێ، ١ی ئەیلول بوو، کاتێک هاوڵاتی باشووری کوردستان حەکیم لوقمان، لە شاری ئیستەمبوڵی وڵاتی تورکیا، لەو کاتەی بە کامێرا و بە کوردی قسە لەگەڵ کەسوکاریدا دەکات، لەگەڵ چەند گەنجێک دەبێت بە دەمەقاڵێیان و بە ١٢ کەسەوە بە چەقۆ لە دڵی دەدەن و گیان لەدەستدەدات، حەکیم لوقمان کە لەگەڵ برا و چەند کەسێکی دیکەدا بووە، ئەوانیش هێرشیان دەکرێتە سەر، لە کاتی قسەکردنی براکەیدا بۆ میدیاکان، ئاماژە بەوە دەکات کە براکەی لەسەر قسە کردن بە کوردی کوژراوە و هێرشیش کراوەتە سەر ئەوان.

 

حەکیم لوقمان خەڵکی شارەدێی کەڵەکچی سنووری پارێزگای دهۆکە و تەمەنی ٤٥ ساڵ بوو، خێزاندارە و سێ منداڵی هەیە و خاوەنی پێشانگەی ئۆتۆمبێلە، براکەشی لە لێدوانەکانیدا بۆ میدیاکان دەڵێت کە لە دوبەیەوە گەڕاونەتەوە بۆ تورکیا، تا بازاڕی بکەن و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

 

تورکیا لە دەرەوەی وڵاتەکەشیدا هێرش دەکاتە سەر کوردان

تورکیا مێژوویەکی درێژی دوژمنایەتی بەرامبەر بە کورد هەیە، جگە لەوەی لە ناوخۆدا لەسەر بنەمای یەک زمان، یەک ئاڵا و یەک نەتەوە هێرش دەکاتە سەر کوردان، لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاشدا چەندین رووداو هەن کە تورکە ڕەگەزپەرستەکان هێرشیان کردووەتە سەر کورد، هێرشەکانیشی لە شێوەی شەڕی داگیرکاریدا لە کوردستان قوڵترە و هەر کوردێکی ئازادیخواز لە پێناو خاکەکەیدا پێنووس و زمان و قەڵەم و ناسنامەی بەکاربهێنێت، دەبێتە جێگا ئامانجی ئەو ئەقڵیەتە فاشیستە و لە ئاستی دەوڵەتیدا هێرشەکانی ئەنجام دەدات، وەک ئەو هێرشەی لە ٢٣ی ئابدا، لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کردیە سەر ئۆتۆمبێلێکی ڕۆژنامەنووسان و لە ئەنجامی هێرشەکەدا گوڵستان تارا، خەڵکی باکووری کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٠ وە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات و ماوەی سێ ساڵ لە کۆمپانیای چەتر وەک ڕاوێژکاری میدیایی کاری دەکرد و هێرۆ بەهادین خەڵکى شارەدێى سەنگاو، کە کارى مۆنتێرى دەکرد لە کۆمپانیاى چەتر گیانیان بەختکرد و هەروەها ڕۆژنامەنووسێکیش بەناوى ڕێبین بەکر، کە تەمەنى ٣٠ ساڵە و خەڵکى سلێمانییە و سەرپەرشتیارى دیجیتاڵ میدیاى کۆمپانیاى چەترە، بریندار بوو.

 

بە هێرشکردنە سەر حەکیم لوقمان لە ئەستەمبوڵی وڵاتی تورکیا، دەبێتە سێ کەس کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا بە هۆی ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی و فاشیستیەتی دەوڵەتی تورک و تاکەکانیەوە کۆتایی بە ژیانیان هاتبێت.