لە هەشتی مارسدا ڕێکخراوەکان چی دەکەن؟

لە ڕۆژی جیهانی ژناندا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و داکۆکیکار لە مافی ژنان چەندین چالاکی ئەنجام دەدەن، لەنێویشیاندا ڕژاک هەشت چالاکی بۆ ئەو یادە ئامادە کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

هەشت مارس/ئادار ئەو ڕۆژەی لە دەرئەنجامی تێکۆشانی هەزاران ژن و ڕشتنی خوێنی ژنانەوە بەدەستهاتووە لە جیهاندا بە چالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە، لە هەرێمی کوردستانیشدا ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە بواری ژنان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.

بۆ ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستاندا چەندین ڕێکخراو یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە، لە نێویشیاندا ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاکە کە بڕیارە لە ڕۆژی یەکی مارس تا هەشتی مارس ڕیزە چالاکییەک ئەنجام بدات.

 

ژینۆ ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی ڕژاک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ژنها ڕایگەیاند، ڕیزە چالاکییەکیان بۆ هەشتی مارس ڕێکخستووە، لە یەکەم ڕۆژی مانگی سێ بەکردنەوەی پێشانگایەک بۆ کاری هونەری ژنان دەستپێدەکەن، لە کۆتا ڕۆژیشدا بە ڕێپێوانێکی گەورە کۆتایی بە چالاکیەکانیان دەهێنن.

 

چالاکییەکانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەم جۆرە دەبێت:

١ی مانگی ئادار، کردنەوەی پێشانگایەکی هونەری بۆ ژنان.

٢ی ئادار، سیمینارێک بۆ پیاوان دەربارەی تێکۆشان، هەوڵ و تواناکانی ژنان و کۆمەڵگا.

٣ی ئادار، بەخشینەوەی گوڵ لەناو بازاڕدا بەسەر ژنانی کرێکار و ڕەنجدەر.

٥ی ئادار، ئاهەنگێک بە ڕەنگی ژنان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی نوێگەر ساز دەکرێت.

٧ی ئادار، سەردانی گۆڕستانی ژنانی بێ ناسنامە دەکرێت.

٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی ژنان، ڕێپێوانێکی فراوان بە بەشداری سەرجەم ڕێکخراوەکان ڕیکدەخرێت بۆ یادی ئەم ڕۆژە.

 

ژنیۆ ڕەشید باسی لەوەشکرد، هەشتی مارس ڕۆژی تێکۆشانی ژنانە، ڕۆژێکی زۆر گەورەیە، دەبێت وەک هەشتی مارس هەموو ڕۆژێک ژنان تێکۆشان بکەن، ئاماژەی بۆ ئەوەشکردن، ئەوان وەک ڕژاک بەردەوام چالاکییان بۆ ژنان هەیە، دەیانەوێت ژنان زیاتر بەرەوپێش بچن و سەرکەوتووبن.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئامانجیان لەم چالاکییە جۆراوجۆرانە ئەوەیە، ژنان بەردەوام هەموو ڕۆژێک تێکۆشان بکەن و خەبات لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیاندا بکەن، وەک ڕێکخراویش بەردەوام دەبن لە ئەنجامدانی چالاکی نوێ بۆ خزمەتی ژنان.

 

ڕۆژی هەشتی مارس مێژوویەکی کۆنی هەیە، ١٦٤ ساڵ لەمەوبەر ژنانی یەکێک لە کارگەکانی ڕستن و چنین دژی پێنەدانی هەقدەستی تەواو و مافەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، بەڵام لەلایەن پۆلیسی ئەو شارەوە بەشێکی زۆر لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران و بەسێکیشیان لە کوژران و بریندار کران.

 

ئەم هەڵوێستەی ژنان لە جیهاندا دەنگدانەوەی لێکەوتەوە، وایکرد تا ژنان ڕاپەڕن و دژی ئەو ستەمی لێیان دەکرێت بێ دەنگ نەبن، ئەم یادە ساڵانە لای بەشێک لە ژنانی جیهان بۆ یادی ئەو ژنانەی کوژران دەکرایەوە، بۆیە لە ساڵی ١٩٠٨ لە کارگەیەی دیکەی ڕستن و چنین لە هەمان شار، ژنان بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژە جارێکی دیکە خۆپیشاندان دژی جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان ئەنجامدەدەن، کە ژمارەیان ١٢٩ ژن بوو.

 

بەڵام جارێکی دیکە توندوتیژییەکان دەستیان پێکردووە، لە لایەن خاوەنی کارگەکەوە درگای کارگەکە داخرا، ڕێگە نەدرا ژنەکان بێنە دەرەوە، بەهۆی ئاگرێک کە لە کارگە کەوتەوە، بەشێکی زۆری ژنەکان سووتان، تەنها ژمارەیەکی کەمیان ڕزگارییان بوو.

 

ئەم ڕووداوانە بوونە هەوێنی سەرهەڵدانی فشارەکانی ژنان لە زۆرینەی وڵاتاندا، دوای دەیان هەوڵی یەک لە دوایەکی ڕێکخراوە فێمینستییەکان لە جیهاندا، لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕۆژی هەشتی مارس بە ڕۆژی جیهانی ژنان لە جیهاندا ناسرا.

 

ت.پ