لە مێرگەپان ٢٠ داری سروشتی بڕدرانەوە

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاوىکردەوە، لە گوندى سەرگەڵووی مێرگەپان ٢٠ دار لە جۆرى بەڕوو و گۆیژ و هەرمێ بڕدراونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لەبارەى بڕینەوەى ژمارەیەکى زۆر دارى سروشتیى لە مێرگەپانی سنوورى سلیمانى ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، تیمەکانى بنکەی پۆلیسی دارستانی مێرگەپان دەرچوونێکیان ئەنجامدا بۆ سنوری گوندی سەرگەڵوو بە مەبەستیی پاراستنیی ئەو سنوورە لە هەر دیاردەیەکی نایاسایی، کە ئەنجام بدرێت.

 

ئەوەخراوەتەڕوو، لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی ووردی سنوورەکە لەلایەن تیمەکان دەرکەوت ٢٠ دار بڕدراونەتەوە، کە لە جۆرى داری بەڕوو و گۆیژ و هەرمێ بوون.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەستگیرا بەسەر یەک مشاری دار بڕیندا، پاشان بە بڕیاری دادوەر دەستگیرا بەسەر سەرجەم دارە براوەکاندا و گواسترانەوە بۆ بنکەی مێرگەپان.

 

لە کۆتایدا هاتووە، لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و ڕادەستی دادوەر کراوە بە مەبەستى وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی.