"تا ئێستا سیستمێک نیە بۆ پاک ڕاگرتن و جوانکردنی ژینگەی شار"

چالاکوانێکی ژینگەیی باس لەوە دەکات کە پاراستنی ژینگە ئەرکی هەموو تاکێکە، وتیشی: فڕیدانی پلاستیک و جلوبەرگ زیان بە ژینگە دەگەیەنێت.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چەمەن تاهیر، چالاکوانی ژینگەیی، باس لە هەبوونی وایەری کارەبایی، حاویەکان و بەکارهێنانی ماددە پلاستیکیەکان دەکات، کە بوونەتە هۆکار بۆ ناشرینبوون و پیسبوونی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا، هۆکاری ئەمانەشی گەڕاندەوە بۆ کەموکورتی حکومەت و شارەوانی بە دابین نەکردنی حاویە لە شوێنی گونجاو، یاخود سیستمێک بۆ کارەبا و نەهێشتنی عەمود و وایەرەکان، جگە لەوەش جیانەکردنەوەی پلاستیک لە خۆڵ و خاشاکەکانی دیکە.

 

ئەو چالاکوانە باسی لەوەکرد گرنگە سەتڵی خۆڵی تایبەت دابین بکرێت بۆ پلاستیکەکان بۆ ئەوەی ئاسانتر کاریان لەسەر بکرێت و لەناو ببرێن، بەڵام نەبوونی ئەو سیستمە بووەتە هۆکار بۆ پیسبوونی ژینگە، وتیشی: لە سیستمی پەروەردە و فێرکردندا منداڵان فێر ناکرێن ژینگەکەیان بپارێزن و خۆڵ و خاشاکەکان فڕێدەنە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە، یاخود تاک بۆ خۆی تەنەکەی خۆڵەکە دەبینێت بەڵام هۆشیاری نییە خۆڵەکە بخاتە ناو تەنەکەی خۆڵەکەوە.

 

"وایەری کارەبایی نەک دیمەنی شاری ناشرین کردووە زیانی دیکەی هەیە"

چەمەن تاهیر، ئاماژەی بەوەکرد، زۆر هۆکار بۆ پیسبوونی ژینگە یەکێکی دیکە لەوانە بوونی سەتڵی ماست و ئەو مادانەی وەک ئەو ماددەیەن، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەکارهێنانەوەیان نییە بۆیە فڕێ دەدرێنە ژینگەوە و ژینگە پیس دەکەن، وتیشی: وایەری کارەبایی لە هیچ وڵاتێکدا بوونی نییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستاش کاری پێدەکرێت کە هۆکارە بۆ ناشرین بوونی دیمەنی شار، جگە لەوەش مەترسیدارە و چەندین جار شۆرتی کارەبا دروست بووە و زیانی گیانی لە دواوەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، وایەری کارەباییەکان زۆربەیان ڕزیون و ئەمەش هۆکارە بۆ زوتر دروستکردنی شۆرتی کارەبایی، لەهەمان کاتدا حاویەکان لە ناو شار و کۆڵانەکاندا هێندە بە ناشرینی بەتاڵ دەکرێت، بۆنێکی پیس و بەکتریا بڵاودەکەنەوە، خودی تاکیش هۆشیاری نییە و لەبری ئەوەی خۆڵەکە فڕێداتە ناو حاویەکە، فڕێی دەداتە دەوروبەرەکەی، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دروستبوونی نەخۆشی.

 

"حکومەت و شارەوانی سستن لە پاکردنەوەی ژینگە و جوانکردنی دیمەنی شار"

لە درێژەی قسەکاندا چەمەن تاهیر ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتێکی سست لە باشووری کوردستاندا هەیە، بەتایبەت لە جێبەجێکردنی پێداویستییەکانی تایبەت بە خەڵکیدا، دەڵێت: هەڵاوسانی ژمارەی دانیشتوان و کەمی خزمەتگوزاری دەرخەرن بۆ ئەوەی حکومەت کار ناکات و دواجار ژینگە و هاوڵاتیانی باجی دەدەن، ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکانە کار بکەن بۆ ئەوەی شێوازێکی تازەی ژینگە پارێزی جێبەجێ بکەن، نەک وەک ئێستا خزمەت بکەن کە شارەوانییەکان دراونەتە دەست کۆمپانیاکان و ئەوانیش تەنها ئامانجیان پارەیە، ئەگەر نا زۆرینەی حاویەکان هی سەردەمی ساڵانی نەوەدەکانە.

 

لە کۆتایدا چەمەن باسی لەوەکرد، حکومەت و لایەنی پیەوەندیدار کێشە ژینگەییەکان چارەسەر بکەن و بۆ وایەرەکان سیستمی ژێر زەوی بەکاربهێنن، لەهەمان کاتدا حاویەکان لاببەن و چیتر لەناو شاردا نەمێنن، بەڵکو سیستمێکی تایبەت بە کۆکردنەوەی خۆڵ دابنێن، هەروەها ئەرکی تاکە هۆشیاری هەبێت دەربارەی پاک ڕاگرتنی ژینگە و فڕێنەدانی خۆڵ لە ماڵەکەی خۆیەوە تا دەگاتە دوورترن شوێن، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵەگەی مەدەنیش کار بکەن بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە.