"بازرگانیکردن بە ئاژەڵەوە دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئاژەڵە دەگمەنەکان"

لەناوبردنی ئاژەڵەکان بە مەبەستی جوانکاری و بازرگانیکردن پێیەوە زیان گەیاندنە بە ژینگە، نەبوونی یاسایەکی باش بۆ بازرگان و ڕاوکەران هۆکارێکی سەرەکی لەناوچوونی ئاژەڵەکانە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- بوونی ئاژەڵەکان بێ هۆکار نیە لەسەر زەوی، ئاژەڵ و باڵندەکان دەبنە هۆکاری ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگە و ڕێکخستنی ژینگەیان لە ئەستۆدایە، مرۆڤ ئەگەرچی بەپێی باوەڕی ئاینی یەکەم ڕێزلێگیراوی سەر زەوییە، بەڵام یەکەمین هۆکاری تێکدانی ژینگەشن، چونکە ڕێگەی بازرگانیکردن بە ئاژەڵەکان دەگرنەبەر و لەپێناو ماددە و حەزی تاکدا سروشت و ژینگە و ژیان و گیانی ئاژەڵان لەناو دەبەن و لە بازاڕەکاندا ساغی دەکەنەوە. هەر وڵاتێک وەرزی ڕاوکردنی تایبەتی هەیە، بەڵام لە هەندێک وڵات نەبوونی یاسا و سزایەکی گونجاو بۆ پێشێلکردنی ئەو یاسایە دەبێتە هۆی ئازادکردنی مرۆڤەکان لە بەرامبەر کوشتن و قڕکردنی ئاژەڵاندا.

 

شیلانە ئەحمەد، بەرپرسی ڕێخراوی شەماڵی کوردستان بۆ پاراستنی ژینگە، باس لەوە دەکات ڕەنگە مرۆڤەکان بڵێن ئاژەڵەکان سوودیان نیە لەسەر زەوی، بەڵام هیچ دروستکراوێک بێ حیکمەت نییە، لە نوێترین توێژینەوە لەسەر باڵندەکان لەوڵاتی چین کراوە، کە گرنگی باڵندەکان بۆ ژینگە دەخاتەڕوو، جۆرە باڵندەیەک هەیە بەڕێژەی ٪٣.٤ بوونەتە هۆکاری کەمبوو نەوەی ئەو دەردە کوشندانەی ڕوبەڕووی بەروبوومە کشتوکاڵیەکان دەبنەوە.

 

وتیشی: لە کیشوەری ئاسیا ساڵی ١٩٨٦دا، سێ جۆر باڵندە هەبوون: (هەڵۆ، باز و داڵە کەرخۆرە) ئەم باڵندانە ڕوبەڕووی جۆرە نەخۆشیەک بوونەوە لە ناوچەکە ڕوویان لە کەمی کرد، نەمانیان بوە هۆکاری زیادبوونی ئەو سەگانەی ئەم باڵندانە دەیانخواردن، بە کەمبوونی ئەو باڵندانە و زیادبوونی ئەو جۆرە سەگانە، بووە هۆکاری بڵاوبوونەوەی پەتایەک بەناوی پاتای (سەگ گڵاوی) و گیان لەدەستدانی ٤٧ هەزار و ٣٠٠ کەسی لە کیشوەری ئاسیادا لێکەوتەوە.

 

ڕاوکردنی ئاژەڵەکان لە کاتی قەدەغەی ڕاوکردندا دەبێتە هۆکاری لەناوچوونیان

زیانگەیاندن بە ژینگە لە ڕووی لەناوبردنی گیانداران و بڕینەوەی دارەکان یاخود هەرجۆرە زیانێک بێت، ڕاستەوخۆ زەرەر و زیانەکەی بۆ مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە، شیلانە ئەحمەد، ئاماژەی بەوەکرد، نەبوونی بەرنامەیەک بۆ ڕاوکردنی ئاژەڵەکان هۆکاری نەمانیانە، ڕاوکردنی ئاژەڵەکان لە کاتی نەگونجاودا دەبێتە دژایەتی کردنی ئاژەڵەکان لەلایەن مرۆڤەکانەوە، نەمانی هەرجۆرە گیاندارێک ڕاستەوخۆ زیانی تەندروستی دەبێت بۆ مرۆڤەکان، نەمانی باڵندەی ڕیشۆڵە لەناو شارەکاندا بۆ قڕکردن ئەگەڕێتەوە، ڕاوکردنی ماسیەکان وەرزی خۆیان هەیە بۆ گەرا دانان، پێش کاتی خۆی ڕاوی دەکرێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ماسی بۆ ساڵەکانی دیکە.

 

شیلانە ئەحمەد، ژینگەپارێز، باس لەوە دەکات نەبوونی بەرنامەیەک بۆ پاراستنی ژینگە و گرنگ نەبوونی ئاژەڵەکان لەلایەن حکومەتەوە ڕێژەی لەناوچوونی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان بەرەو هەڵکشان دەبات، دروستکردنی پڕۆژەی نیشتەجێبوونیش لە بناری شاخەکاندا هۆکارێکی دیکەیە بۆ تێکچوونی لانەی ئاژەڵەکان، لەکاتێکدا هیچ ڕێگریەک و یاسایەک نیە بۆ تێکدانی لانەی ئاژەڵەکان، ئەمەش وایکردوە ڕووبکەنە ناوەندی شارەکان، وتیشی: دەبێت حکومەت ڕێگاچارە بگرێتەبەر بۆ پاراستنیان لە ڕێگەی کردنەوەی شەڵتەرەوە یاخود نەزۆک کردنیان، ڕاستە نەزۆک کردنیش دەبێتە هۆی لەناوچوونیان، بەڵام نەزۆک کردنیان باشترە لە کوشتنیان.

 

دەستبردن بۆ ژینگە دوورە لە مرۆڤایەتییەوە

شیلانە ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەکات لە هەرێمی کوردستاندا شەڵتەرمان هەیە بۆ پاراستنی ئاژەڵە بێلانەکان، دەبێت ببنە هێلانەیەک بۆ ئاژەڵەکان، بەڵام بەداخەوە بێپلانی حکومەت و نەبوونی کەسانی پسپۆڕ لە بواری ئاژەڵ و باڵندەکاندا، بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی لەناوچوونی ئاژەڵەکان، وتیشی: دەستبردن بۆ ژینگە لە بەرژەوەندی مرۆڤەکان کارێکە دوورە لە مرۆڤایەتییەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکان بە شێوەیەکی بێبەزەییانە لە ڕووی ئاین و مرۆڤایەتیەوە ڕێگەپێدراو نییە، لە کارگەکاندا پەپولە بە زیندووی مۆمیا دەکەن لەبەر بەرژەوەندی ماددی خۆیان، هەروەها بۆ مەبەستی جوانکاریش لە ماڵەکاندا بەکاردەهێندرێت.

 

لە کۆتایشدا وتی: سێ سەرچاوە هەیە بۆ گرنگیدان بە ژینگە، (ئاین، کولتوور و دابونەریت، سیستمی پەروەردە)، ئاین تەواو گرنگی داوە بە ئاژەڵەکان بەڵام وەک پێویست نەگەیەندراوە، کولتوور و دابونەریتە وایکردوە لە تەمەنێکی منداڵیەوە بە ئاژەڵەکان دەیانترسێنن، هەروەها لە سیستمی پەروەردەدا هیچ گرنگییەک بە بواری ژینگە نەدراوە نەک ئاژەڵ و باڵندەکان، دەبێت قوتابیان لەڕێگەی قوتابخانەکانەوە فێر بکرێن کە دۆستی ژینگە بن، دەبێت لەم سێ سەرچاوەیەوە هاوڵاتیان هۆشیار بکەینەوە زیانگەیاندن بە ژینگە و باڵندەکان، زیانگەیاندنە بە مرۆڤەکان.

 

لەناوبردنی ئاژەڵەکان بۆ جوانکاری زیانێکی گەورەیە بە ژینگە دەگات

بەیان عەقیل، پزیشکی ئاژەڵان و خاوەنی هوتێلی بێری بۆ مانەوەی ئاژەڵان، باس لەوە دەکات هەڵە بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ مەبەستی بازرگانی لەلایەن بازرگانانەوە، ڕاوکردنی ئاژەڵە دەگمەنەکان بۆ مەبەستی جوانکاری و ناوماڵ و دروستکردنی پێداویستییەکان، دەبێتە هۆی لەناوچوونی ئاژەڵە دەگمەنەکان، ڕاوکردنی ئاژەڵەکان بەشێوەیەکی هەڵە هۆکاری سەرەکی لەناوچوونی ئاژەڵە دەگمەنەکانە، هەندێک لە ڕاوکەرەکان بۆ مەبەستی جوانکاری ئاژەڵەکان ڕاو دەکەن، بۆ نمونە ئاسکێکی دەگمەن ڕاودەکەن بۆ جوانی دایدەنێن، لە ئاژەڵی فیلدا ئەوە باوە شاخەکانی لێدەکەنەوە بۆ جوانکاری، هەروەها ڕاوکردنی ئاژەڵە مێکان و دووبارە نەکردنی زاوزێ تیایاندا هۆکارێکی دیکە دەبێت بۆ نەمانی ئاژەڵەکان.

 

هەڵگری نەخۆشی لە ئاژەڵەکاندا کێشە بۆ کاتی مۆمیاکردن دروستدەکات

بەیان عەقیل، ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک ئاژەڵ هەیە دەگمەنە، خاوەنەکەی لە دوای مردنی هەڵدەستێت بە مۆمیا کردنی ئاژەڵەکە بۆی لەناونەچێت، یاخود بۆ مەبەستی جوانکاری ناوماڵ بەکاری دەهێنن، هەروەها کەسانی شارەزا هەڵدەستن بە مۆمیاکردن و پاککردنەوەی ئاژەڵەکە، هەروەها ناوسکی ئاژەڵەکە دەردەهێنن و بە فۆم یاخود لۆکە شوێنەکەی پڕدەکەنەوە و دوای مۆمیای دەکەن، وتیشی: نەبوونی ڕێکاری تەندروستی بۆ ئەنجامدانی مۆمیاکردنی ئاژەڵەکان، یاخود بەکارهێنانی دەرزی (فۆڕمالین) بۆ ئاژەڵە ڕاوکراوەکان، لێکەوتەی خراپی تەندروستی لێدەکەوێتەوە، جا لە ڕێگەی هەستیاری-حەساسیەت بێت بە جۆری ئەو ماددەیەی بەکاردەهێندرێت یان فەروەکەی، تەنانەت بۆنی ئاژەڵەکان دەبێتە هۆی حەساسیەت بۆ بەکارهێنەران، بۆیە پێویستە ڕێکاری تەندروستی بگیرێتەبەر بۆ پاککردنەوەیان.

 

"بازرگانەکان بە زیندووی پێستی ئاژەڵەکان دادەماڵن"

بەیان عەقیل، باس لەوە دەکات بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ مەبەستی جوانکاری جیاوازە لەگەڵ لایەنە زانستییەکەی، بەکارهێنانی ئاژەڵەکان بۆ توێژینەوەی زانستی بەکاربهێندرێت ڕێگەیەکی یاساییە، بەڵام بەمەبەستی جوانکاری لە کەرەستەکانی ناوماڵ یان وشکردنەوەی بۆ حەزێکی تایبەتی، کارێکە دوورە لە مرۆڤایەتیەوە، ئەو پزیشکە وتیشی: بەکارهێنەران ئەگەر بزانن بازرگانەکان بە زیندووی پێستی ئاژەڵەکە لێدەکەنەوە بەمەبەستی بەکارهێنانی فەروەکانیان، هەرگیز ئەو بەرهەمانە باکارناهێنن کە فەروەکانیان ٪١٠٠ سروشتییە، بەکارهێنەران ئاگاداربن لە بەکارهێنانی بەرهەمەکان و بزانن لە چی وڵاتێکەوە بەدەستیان دەگات، چونکە دەبنە هۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەکان لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێداویستیەکانەوە.

 

بەیان عەقیل لە کۆتاییدا وتی: حکومەتی هەموو وڵاتەکان کاتێکیان هەیە بۆ ڕێگری لە ڕاوکردن بەهۆکاری زاوزێکیردنی ئاژەڵەکان، بەڵام زۆرێک بازرگان و ڕاوچیەکان پابەندی ئەو یاسایانە نابن، هەروەها مرۆڤەکان لە بناری شاخەکاندا نیشتەجێبوون، ئەمەش هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی ئاژەڵە دەگمەنەکان.