"ژنان ڕۆڵ دەگێڕن لە بە کولتوورکردنی زەرفی خام و کاغەز لە کۆمەڵگەدا"

بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان زیانی تەندروستی و ژینگەی لێدەکەوێتەوە، چالاکوانێکیش دەڵێت: پێویستە هۆشیاری بدرێتە تاکەکانی کۆمەڵگە و سیستمی سەرمایەداری ناچار بکرێت، بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیکییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە دوای جەنگی جیهانیەوە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، زانایان گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا دەگەڕێننەوە بۆ زۆری بەکارهێنانی ماددەی پلاستیکی و ئەمەش جیهانی ڕووبەڕووی کێشەی سەختی ژینگە کردووەتەوە، باشووری کوردستان لە کێشە ژینگەییەکان بێبەش نییە و لە ئێستادا بۆ ڕێگری کردن لە دیاردەی بەکارهێنانی ماددە پلاستیکییەکان هاوتای جیهان، هەڵمەتی جیاوازی هۆشیاری ژینگەی بەڕێوەدەبرێت.

 

ڕووبار ئەحمەد، چالاکوانی ژینگەیی، ئاماژەی بەوەدا، لە هەموو کایەکانی ژیاندا ماددە نایلۆنییەکان بەکاردەهێندرێت، لە بەکارهێنانی کەرەستە سەرەتاییەکانی ژیانمان وەک سفرەی سەفەری، زەرف و چەندین پێداویستی دیکە لە نایلۆنن، کە لە کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی دروستکراون، هەروەها بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی زۆر کارلێک دەکەن لەگەڵ ماددە خۆراکییەکان و ڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، ئەو خواردنانەی گەرمن و دەکرێنە زەرفە نایلۆنەکانەوە دوبارە کارلێک دەکەن لەگەڵ ماددە زیانبەخشەکان، وتیشی: بەیانیان دەچین نانی گەرم دەهێنین ڕاستەوخۆ دەیکەینە ناو زەرفی نایلۆنەوە، بەو گەرمیە ماددە ژەهراوییەکانی دەگوازرێتەوە بۆ نانەکە پاشان زیانەکانی دەردەکەوێت، لەگەڵ خانە چەورییەکان یەکتری دەگرن و بە ئاسانی لە لەشی مرۆڤەکاندا شی نابنەوە، کە دەبنە هۆی گۆڕانی هۆڕمۆن، گۆڕانی بۆمایی مرۆڤەکان و درستبوونی خانەی شێرپەنجەییەکان.  

   

لە جیهاندا گۆڕانی کەشوهەوا بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێننەوە

ڕووبار ئەحمەد، زیانەکانی ماددە پلاستیکییەکانی بۆ ژینگە خستەڕوو و وتی: هەموو ئەو ماددانەی لە دروستکردنی بابەتە پلاستیکییەکاندا بەکاردێن زیانبەخشن بۆ مرۆڤ و ژینگە، بەڵام سووتاندنیان دە هێندە زیانەکەی زیاتر دەکات، ئەو ماددانەی دەچێتە هەواوە زیان بە ڕووەکەکان، خاک، ئاو و هەوا دەگەیەنن، هەروەها لە ڕێگەی سووتانەوە زیان بە بەرگەهەوا و تێکچونی وەرزەکان دەگەیەنن، وەک دەبینین وەرزەکانی ساڵ گۆڕاون و لە کاتی خۆیدا باران نابارێت، هەروەها گەرمایەکی زۆر هەیە کار دەکاتە سەر مرۆڤ و ژینگە، ئەم گۆڕانکارییانە بەهۆی دروستبونی گازە ژەهراوییەکانەوەیە.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، "لەدوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە بەکارههێنانی پلاستیک بە ڕێژەیەکی چاوەڕوان نەکراو زیادی کردووە، کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیسبوونی بەرگەهەوا و گۆڕانی کەشوهەوا، هەروەها لە جیهاندا بووەتە خەمی هەموو وڵاتان، کە ڕێگری بکەن لە گۆڕینی کەشوهەوا، بەڵام تا بەکارهینانی ماددە پلاستیکییەکان نەوەستێندرێت گرفتەکانی کەشوهەوا کەم نابێتەوە".

 

"ماددە پلاستیکییەکان لەژێر خاکدا دەبنە بەربەست لە ڕۆشتنی ئاوی ژێر زەوی"

ڕووبار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی دروستکردنی ماددە پلاستیکییەکان ژەهرێکی زۆر دەخرێتە هەواوە، فڕێدانی بوتڵە پلاستیکە بەکارهاتووەکان لەناو دەریا و زەریاکان هۆکارێکی سەرەکی پیسبوونی خاکە، کە بەپێی توێژینەوەیەک ژمارەی پلاستیک لەناو دەریا و زەریاکاندا لە ژمارەی ماسییەکان زیاترە، کە دەبێتە هۆی تێکچونی هاوسەنگی ژینگەی و وادەکات ئەو ناوچانە بۆ ژیانکردن نەشێت، هەروەها ماددە پلاستیکەکان زیاتر لە ١٠٠ ساڵ لە خاکدا دەمێننەوە، کە خاک دووچاری لەناوچونی خاک و ئەو زیندەوەرانەی لەخاکدان دەبێتەوە، دەشڵێت: کاتێک ماددە پلاستیکییەکان دەخرێنە ژێر خاکەوە دەبنە بەربەست لە ڕۆشتنی ئاوی ژێر زەوی، هەروەها دەبنە هۆی کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی و لەناوچوونی ئەو زیندەوەرانەی لەناو ئاودا دەژین.

 

هەروەها باسی لەوەشکرد، پلەی زۆر سارد بە هەمان شێوەی پلەی گەرمی کاردەکاتە سەر ئەو زەرفە نایلۆنانەی لەناو بەفرگرەکاندا خواردنی تێدا هەڵدەگیرێت، بە تایبەت ئەو نایلۆنانەی بۆیەک جار بەکاردەهێندرێت کە زیانیان هەزار جار زیاترە لەو نایلۆنانەی چەند جارێک بەکاردەهێندرێنەوە، کە بەئاسانی کارلێک لەگەڵ خواردنەکاندا دەکەن و بە ئاسانی ماددە ژەهراوییەکانی لە خواردندا دەتوێتەوە.

 

"دەبێت خێزانەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن لە تەندروستی خۆیان و منداڵەکانیان"

ڕووبار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەدا، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاریەوە دەتوانین چارەسەری کێشەی ماددە پلاستیکییەکان بکەین، بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی پلاستیک کەمبێتەوە، پێویستە ڕێژەی بەکارهێنان کەمبێتەوە، پێویستە خێزانەکان خۆیان بە بەرپرس بزانن لە تەندروستی خێزان و منداڵەکانیان، لەو بارەیەوە وتیشی: دایکان و باوکان بەیانیان نان لە نانەواخانەیەکەوە دەهێننەوە بۆ ماڵەوە، دەتوانێت تورەکەیەکی خام بەکاربهێنێت تا نەبێتە هۆکاری زیان بۆ خۆی و خانەوادەکەی، هەروەها نەبێتە هۆکاری ئەوەی نەوەی داهاتوو بەو ماددە زیانبەخشانە ژەهراوی ببن.

 

"منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە ئەو ماددە زیانبەخشانە لە لەشیدا کۆدەبێتەوە"

ڕووبار ئەحمەد، باسی لە بەکارهێنانی دەفری پلاستیک بۆ هەڵگرتنی خواردنی منداڵ کرد، کە لە ماڵەکاندا زۆر بەکاردێت، وتی: منداڵ لە تەمەنێکی بچووکەوە ئەو ماددە زیانبەخشانە لە لەشیدا کۆدەبێتەوە، بەکارهێنانی دەفری شووشە بۆ هەڵگرتنی خواردنەکان و گواستنەوەی خواردنەکان لە ماڵەکانمانەوە هۆکارێکی باشە بۆ نەهێشتنی ماددە پلاستیکییەکاپلاستیکییەکان، لەم ڕێگەیەوە هۆشیاری بدرێتە تاکەکانی کۆمەڵگە و دەوڵەتان

دەوڵەتان و سیستمی سەرمایەداری ناچار بکرێت بەرهەمهێنانی ماددە پلاستیکەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە.

 

لە کۆتاییدا وتی: پێویستە بەکارهێنانی زەرفی کاغەزی و زەرفی خام لە کۆمەڵگەدا بە کولتوور بکرێت، لە خێزانەوە دەستبکەین بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، دایکان و ژنان بۆ پێداویستی ڕۆژانەیان زەرفی خام و کاغەزی بەکاربهێنن تا بتوانین هۆشیاری بڵاوبکەینەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، هەروەها ئێمەی تاک بەڕێژەیەکی بەرچاو گرنگی بدەین بە بە کولتوورکردنی بەکارهێنانی زەرفی خام و کاغەزی تا نەوەی داهاتوو سوپاسی ئێمە بکات.