ڕۆژ کۆبانێ لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان: چالاکیی شانەکانی داعش لە دێرەزوور بەرەو هەڵکشان دەچێت
ڕۆژ کۆبانێ، فەرماندە لە یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە"، پەرەسەندنی مەترسیداری چالاکی شانەکانی داعشی لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە پارێزگای دێرەزوور و ناوچە کوێستانییەکانی دەوروبەری ئاشکرا کرد.

زەینەب خەلیف
دێرەزوور-لە چەند مانگی ڕابردوودا پارێزگای دێرەزوور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا شایەتی چالاکی مەترسیداری شانەکانی داعشی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش نیگەرانی دروستکردووە لەوەی کە ڕەنگە ئەو گروپە کۆببنەوە و هێرش بکەنە سەر ناوچەکە و سووریا بە گشتی.
ڕۆژ کۆبانێ، فەرماندە لە یەپەژە سەرهەڵدانی مەترسیداری شانەکانی داعشی پشتڕاستکردەوەو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو بۆشاییە ئاسایشیە گەڕاندەوە کە ناوچەیەکی زۆری سووریا و بەتایبەتی لە ناوچەی بادیەی گرتووە وتی: ئەمە دەرگای ئازادی و جووڵەی شانە تیرۆریستییەکانی کردووەتەوە، ڕێگەی پێداوە ڕیزەکانیان ڕێکبخەنەوە و ئۆپەراسیۆنی ئامانجدار دەستپێبکەن بە ئامانجی تێکدانی سەقامگیری دۆخەکە.
ڕۆژ کۆبانی ڕوونیشیکردەوە، ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بە هاڕمۆنی لەگەڵ یەپەژە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ماوەی چوار مانگە ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی چڕوپڕ ئەنجام دەدەن، حەشارگەکانی داعشیان لە گوندی دێرەزوور کردە ئامانج. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک سەربازی چەتە و فەرماندە مەیدانییەکانیان، ئەمە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی شانە خەوتووەکان کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرش بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی ئاسایش بە هەمان شێوە.
هەڵمەتێکی ئاسایشی لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ شانە تیرۆریستییەکان
لەو چوارچێوەیەشدا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لەم دواییانەدا هەڵمەتێکی ئاسایشی نوێیان لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزوور دەستپێکرد، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئاسایشی داعش کە ماونەتەوە لەو ناوچانە. داتا مەیدانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شانە تیرۆریستییەکان پشت بە تاکتیکی وەک بۆردوومان و تیرۆر و بۆمبی چێندراو دەبەستن، ئەمە جگە لەوەی هێرشی لەناکاو دژی ئامانجە ئاسایشیکان و مەدەنییەکان ئەنجام دەدەن بە ئامانجی ئاژاوەگێڕی و تیرۆرکردنی دانیشتووان.
ئاڵەنگاری ئاسایشی ئاڵۆزترە لە تەنها خانە خەوتووەکان
ئاڵەنگاریە ئاسایشیەکان زۆرن و ئاڵۆزن، دیارترینیان چالاکیی شانە خەوتووەکانی داعشە، کە بۆردوومانکردن و تیرۆرکردن بەکاردەهێنن بۆ تێکدانی سەقامگیری و لەرزۆکی متمانەی گشتی. هەروەها ئاڵەنگاری پەیوەندیدار بە قاچاخچێتی و گەندەڵی هەیە، ئەمە جگە لە هەوڵە ناوچەییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەکە لەڕێگەی پشتگیریکردنی گروپە دەرەوەی یاساکانەوە.
ڕۆژ کۆبانی وتیشی: ئەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی ئەنجومەنی سەربازی و یەکینەکانی پاراستن دەبنەوە، لە هەڕەشەی شانە تیرۆریستییەکان تێدەپەڕن و پرسگەلێکی ئاڵۆزی وەک قاچاخ، گەندەڵی، هەوڵە ناوچەییەکان بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی گروپە دەرەوەی یاساکانەوە دەگرێتەوە. ئەو دووپاتی دەکاتەوە کە هەندێک لەو هەوڵانە سیستماتیکین و بۆشاییە ئاسایشی و کۆمەڵایەتییەکان دەقۆزنەوە بۆ سووتاندنی گرژییەکان و چاندنی ئاژاوە.
ئامادەکاری بەردەوام و ستراتیژی پێشکەوتوو
سەبارەت بە ئامادەیی هێزە سەربازییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە بەردەوامەکان، ڕۆژ کۆبانی ڕوونیکردەوە کە "هێزەکانی سەر بە ئەنجومەنی سەربازی و یەپەژە ئامادەکارییەکی زۆریان هەیە، بەپێی پلانی فریاگوزاری بیرکراوە، بە هاڕمۆنییەکی نزیک لەگەڵ هێزە ئاسایشیە ناوخۆییەکان و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاردەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاستی ڕاهێنان و ئامادەکاری لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا زیادیکردووە، لەوانەش ڕێکخستنی خولی تایبەت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، چاودێریکردنی هەواڵگری، و بەدواداچوونی شانە خەوتووەکان. هەروەها خولی تایبەتمەند هەیە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەدواداچوونی شانە خەوتووەکان. هەروەها کاردەکەین بۆ بەرزکردنەوەی کاری هەواڵگری و قووڵکردنەوەی هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆیی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لە کاتی خۆیدا، ئەمەش سوودێکمان پێدەبەخشێت لە ڕێگری پێشوەختە."
ژنان لە بەرامبەر تیرۆردا... لە زیانبەرکەوتووەوە بۆ فەرماندە
ڕۆژ کۆبانی جەختی لەوە کردەوە کە ژن تەنها زیانبەرکەوتووی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نین، بەڵکو ئێستا بوونەتە هێزێکی کاریگەر لە ڕووبەڕووبوونەوەیان، چەکدارە ژنەکان لە یەپەژە توانای خۆیان سەلماندووە بۆ بەشداریکردن لە شەڕەکاندا، تەنانەت لە هەندێک ئەرکدا سەرکەوتوو بن، کە پێویستیان بە لێهاتوویی بەرز و وردبینی هەواڵگری و هۆشیاری کۆمەڵایەتی هەیە.
پێیوایە بوونی ژنان لە هەڵمەتە ئاساؽشیەکاندا سوودێکی تاکتیکی دەڕەخسێنێت، بەتایبەتی لەو ژینگەیانەی کە پێویستیان بە تێگەیشتنێکی قووڵ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری هەیە.
ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مۆدێلێکی جیهانی بەرخۆدانە
ڕۆژ کۆبانێ ڕوونیشیکردەوە، لە شەڕی مێژوویی کۆبانییەوە تا شکستی داعش لە ڕەقە و دێرەزوور، ژنان لە بەرەکانی پێشەوە بوون، نەک تەنها وەک شەڕڤان بەڵکو وەک سەرکردە و بڕیاردەر. ئەزموونی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆتە مۆدێلێکی جیهانی بۆ بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ڕێکخراو. ژنان ڕەهەندێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییان بۆ کردەوە سەربازییەکان زیادکردووە، کە متمانەی کۆمەڵگەی ناوخۆیی بە دامەزراوە ئاسایشی و سەربازییەکان بەهێزتر کرد”.
پاڵپشتیکردنی ژنان پێویستیەکی ستراتیژییە نەک بژاردەیەکی تەواوکەر
سەرەڕای پێشکەوتنە بەرچاوەکان، ڕۆژ کۆبانی جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پشتیوانی بۆ ژنان لەو هەڵمەتانە و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و ئەخلاقی و باشترکردنی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی بۆ هاندانی ژنانی زیاتر بۆ بەشداریکردن کردەوە. "ئێمە ژنانی شەڕڤانی ڕاهێنراو و لێهاتوویی بەرزمان هەیە، بەڵام پێویستمان بە پشتیوانی زیاتر و ئامێری تایبەتمەند هەیە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامیی ئەم ڕۆڵە پێشەنگایەتییە، بۆ ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژنان نموونەیەکی دەگمەنیان لە پێشەنگایەتی و بەرخۆدان داناوە، ئەمەش سەلماندی کە ڕۆڵی ئەوان لە نەریتە بەرتەسکەکانی کۆمەڵایەتی تێدەپەڕێت.
لە کۆتاییدا ڕۆژ کۆبانێ جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری چالاکانەی ژنان لە یەپەژە و یەکەکانی دژە تیرۆر نەک تەنها لە ئاستی ناوخۆیی بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانی سەرچاوەی ئیلهامبەخش بووە، ژنان لە کاتی شەڕە گەورەکاندا، چ لە کۆبانی، چ لە ڕەققە، یان دێرەزوور، لە هێڵی پێشەوە بوون و بەشدارییان لە دروستکردنی هاوسەنگییەکی ڕاستەقینەی هێز لەناو سیستمی سەربازیدا هەبووە، ئەمەش شەرعیەت و متمانەی ئەو دامەزراوانە لە چاوی هاوڵاتیاندا بەهێزتر کردووە.