ئەوانەی زۆرترین کاریگەریی ململانێکانیان لەسەرە ژنانن

مریەم یاغی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی لوبنانی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و پلانی هێزە هەژموونخوازەکان لە دژی ژنان وتی: ئەوانەی زۆرترین کاریگەریی ململانێکانیان لەسەرە ژنانن.

فەدیا جوما

بەیروت- لە باشووری لوبنان کە پێکدادانەکان لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل توندتر بوون، ژنان وەک هێزێکی بەرچاو لە شەڕی مانەوە و بەرگریکردن لە خاک و ئاوەدانکردنەوەی ژیان و گەشتکردن بە گەشتی چاکبوونەوە لەنێو وێرانکارییەکاندا دەرکەوتن. ئەم ڕۆڵە، وەک ئەوەیکە لە کۆمەڵگە پیاوسالاری و سەردەستەکاندا ئاساییە، زۆرجار لە سێبەری ئەواندا ماوەتەوە و لە شوێنی بڕیاردان دوور دەخراونەتەوە. مریەم یاغی، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسی لوبنانی، تێڕوانینێکی کورتی لە بارەی دۆخی سیاسی ئێستای لوبنان و کاریگەریی شەڕەکانی سوریا و فەلەستین لەسەر دۆخی ناوخۆی لوبنان و بەتایبەت لەسەر ژنان و گروپە پەراوێزخراوەکان لەگەڵ ئێمەدا باس کرد.

 

"شەڕەکانی وڵاتانی دراوسێ دۆخی لوبنان قورستر دەکات''

مریەم یاغی لە سەرەتای قسەکانیدا ڕایگەیاند کە هەر ململانێیەکی بەردەوام لە وڵاتەکانیان، لە ڕووی مێژووییەوە، دەیسەلمێنێت کە ژنان و گروپە پەراوێزخرا و لاوازەکان لە نێو ئەو گروپانەدان، زۆرترین کاریگەری ئەم ململانێیان لەسەرە. مریەم یاغی وتی: ئەوەی لە سوریا و فەلەستین دەگوزەرێت، دۆخی لوبنان زیاتر لاواز دەکات، لە ئەنجامدا لاوازترین گروپەکان بەهۆی کاریگەرییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانەوە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەمە فشارەکان لەسەر گروپە پەراوێزخراوەکانی وەک ژنە پەنابەر و کرێکارە کۆچبەرەکان دوو هێندە دەکات، کە بەهۆی کۆچکردن، هەژاری، لەدەستدانی هەلی کار، یان زیادبوونی توندوتیژی بەهۆی ململانێ و توندوتیژی خێزانییەوە دروست دەبێت".

 

کاریگەری شەڕ و ململانێ لەسەر ژنان

سەبارەت بە کاریگەریی ململانێ ناوچەییەکان لەسەر ژنان، مەریم یاغی بەم شێوەیە قسەی کرد: "لەکاتی قەیرانەکاندا، ژنان، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانیانەوە زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە. قەیرانەکان دەبنە هۆی تێکچوونی خزمەتگوزارییە گشتیەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە؛ هەر بۆیە ژنان و ژنانی گەنج زیاتر ڕووبەڕووی بەربەستی گەورەتر دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بەردەستەکان. هەروەها ڕووداوەکانی توندوتیژی خێزانی لەو ناوچانەدا باون کە قەیرانی دووبارەبووەوەیان بەسەردا دێت و ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری وەک بیانوویەک بۆ تاوانباران بەکاردەهێنرێت. لە ئەنجامدا دۆخەکە بۆ ژنان و ژنانی گەنج سەختتر دەبێت. چونکە کۆمەڵگە بیانوو بۆ تاوانباران دەڕەخسێنێت. هەروەها ئەمەش ئازارەکانیان زیاد دەکات".

 

''دەنگی ژنان دژی بێدەنگی و جینۆساید بەرز دەبێتەوە''

مەریم یاغی ئامانجی هاوپشتی و پلانی زلهێزە هەژموونخوازەکانی دژ بە ژنان لە جیهاندا دەربڕی و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: " شەڕی ئێمە دژی داگیرکاری و دەسەڵاتە ستەمکارەکان و پیاوسالارییە. ئەم ڕژێمە لە وڵاتانی ئێمەدا لە لوبنانەوە تا فەلەستین و سوریا و میسر و سودان و یەمەن و ئەوانی تر بە چەندین شێوە دادەمەزرێت و پراکتیزە دەکرێت. دەبینین چۆن دەسەڵاتە ستەمکارەکان لە ژێر پەردەی دروشم و لافیتەی سیاسیدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پێکهاتە ستەملێکراو و پەراوێزخراو و بێ بەرگرییەکان لەم ناوچانەدا پەیوەندی دەکەن. دەبینین چۆن ڕژێمە سەربازییەکان و ڕژێمە ستەمکارە پیاوسالارەکان هاوکاری دەکەن بۆ چەوساندنەوەی ئەم گروپە بێ بەرگریانە. هەر بۆیە هەمیشە دەنگی ژنان بەرزە، بەرەو پێشەوە دەچن و ئەم سیستەمە پیاوسالاری و ستەمکارانە لەناو دەبەن".

 

''دەبێت کۆلۆنیالیزم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاببرێت''

مریەم ئاماژەی بەوەدا کە خەونی لوبنانی ئازاد و سەربەخۆ کۆتایی هێنان بە هەموو جۆرەکانی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم لەخۆدەگرێت. مەریم تیشکی خستە سەر ڕۆڵی ژنان لەم چوارچێوەیەدا و لە کۆتاییدا وتی: ڕۆڵی ژن تەنیا خەون نییە، بەڵکو ڕاستییەکیشە؛ چونکە ژنان هەمیشە لە پێشەنگی دژایەتی ئەم کۆلۆنیالیزمەدا بوون. خەونی ئێمە لوبنانێکە کە دوور بێت لە کۆلۆنیالیزم".