ئەشکەوتی تیس؛ چیرۆکێک لە ئەفسانە و مێژووی لەبیرکراو لە دڵی باغۆزدا

لە ئەفسانەی گەڕانەوەی تیس لە کاتەوە بۆ دەروازەکان کە پێیان وایە دوو شارستانیەت بەیەکەوە دەبەستنەوە، ئەم هێما سروشتییەی "ئەشکەوتی تیس"، پەنجەرەیەک دەکاتەوە بۆ میراسێکی دەوڵەمەند کە شایەنی باسکردنە.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور-لە گۆشەیەکی لەبیرکراوی جوگرافیای سووریادا، ئەشکەوتی تیس لە دڵی شارۆچکەی باغۆزدا شاراوەتەوە، وەک نهێنیەکی کۆن کە چاوەڕێی دۆزینەوەیە، ئەم ئەشکەوتە لە نێوان بەردەکان و چرپەی بادا هەڵکەوتووە، شایەتحاڵی ئەو چیرۆکانەیە کە بە نەوەکاندا دەگوازرێنەوە، مێژوو و ئەفسانە تێکەڵ دەکەن، لەناو قووڵاییەکانیدا نهێنییەکانی شاردنەوە کە تا ئێستاش بە زەحمەت ماونەتەوە.

 

لە قوڵایی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە سروشت هاوسنوورە لەگەڵ خەیاڵ و شاخەکان لەگەڵ مێژوودا تێکەڵ دەبن، ئەشکەوتی تیس وەک هێمایەکی شوێنەواریی و ئەفسانەیەکی زیندوو لە شارۆچکەی باغۆز وەستاوە، شارۆچکەیەک کە بە سۆز و مێژووی کۆن ناسراوە، لە دامێنی چیای عرسی کە بە هێمنی زاڵە بەسەر دیمەنەکاندا، ئەم ئەشکەوتە هەڵکەوتووە، کە دەیان ساڵە بووەتە جێی سەرنجی چیرۆکەکان کە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە، لەناو خۆیدا هێما و نهێنی و ڕەنگە تەنانەت گەنجینەکانیشی هەڵگرتووە.

 

گەشتێک بۆ قووڵترین نهێنی

سەفیە ئەحمەد، ژنێکی هاوڵاتی شارۆچکەی باغۆز لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە هۆگری مێژوو و میراسی هەیە، ڕایگەیاندووە، لەناو ئەشکەوتی تیسدا جوگرافیا لەگەڵ ئەفسانە تێکەڵ دەبێت، ئەمە وایکردووە جیاکردنەوەی ڕاستی لە ئەفسانە قورس بێت، ئەو ڕوونیکردەوە کە ئەم ئەشکەوتە "تەنها بۆشایی شاخەکە نییە، بەڵکو دەروازەیە بۆ جیهانێکی دیکە، جیهانێک کە سەرەڕای تێپەڕبوونی کات هێشتا نهێنییەکانی خۆی دەپارێزێت.

 

ناوی ئەشکەوتەکە پەیوەستە بە ئەفسانەیەکی بەناوبانگی ناوچەکەوە، کە باس لە شوانێکی گەنج دەکات کە چاودێری ڕەوە بزنێکی کردووە کاتێک بزنێکی نێر لێی ڕادەکات، دەچێتە ناو ئەشکەوتەکەوە، کاتێک شوانەکە بەدوایدا ڕۆیشت، هەردووکیان دیار نەما، دوای ماوەیەکی زۆر، بزنی نێر بە قژی سپی داپۆشراو دەرکەوت، مووی کوڕە شوانەکەش سپی بووەوە، وەک ئەوەی کات لەناو ئەشکەوتەکەدا بە خێراییەکی جیاواز دەجووڵێت، یان شتێکی ترسناک ڕوودەدات.

 

شوێنی ستراتیژی و قووڵی ئەفسانەیی

سەفیە ئەحمەد ڕوونی کردەوە کە ئەشکەوتەکە زیاتر لە ٨ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە، بە پێی ژمێریارییە ناوخۆییەکان بە هەشت دەروازە خاڵبەندی کراوە، دەوترێت یەکێک لەو دەروازانە دەچێتە ناوچەی ڕەمادی لەناو سنووری عێراق، ئەمە گرنگییەکی ستراتیژی و جوگرافیای بەرچاو بە شوێنەکە دەبەخشێت، بەو پێیەی وەک ڕێڕەوێکی نێوان دوو وڵات و سنوورێکی نێوان دوو شارستانییەت کار دەکات.

 

لەناو ئەشکەوتەکەدا وێنەکێشان و هێماکان لەسەر دیوارە بەردینەکان هەڵکەندراوە، پێدەچێت مێژووەکەی بۆ سەردەمی کۆن و ڕەنگە بۆ شارستانیەتەکانی وەک شانشینی ماردین یان شانشینی ماریا ببینرێت، بەڵام ئەم هێمایانە بە زەحمەت ماونەتەوە و چاوەڕێی شیکردنەوەن، سەفیە ئەحمەد دەڵێت، هەر هەنگاوێک بۆ ناوەوە بۆشایییەکی نهێنی دەردەخات، تاریکی قووڵتر دەبێتەوە، هەوا تەنک دەبێتەوە، ڕێڕەوەکان تادێت تەسک دەبنەوە، وەک ئەوەی بچیتە ناو دڵی خودی زەویەوە، "ئەم شوێنە تەنها ئەشکەوت نییە. مێژوویەکی شاراوەیە، ڕەنگە گەنجینەی گەنجینەکان بێت.

 

ئەفسانەکان بێکۆتان

ئاماژەی بەوەشکردووە، چیرۆکەکانی دەوروبەری ئەشکەوتەکە تەنها لە چیرۆکی شوان و بزنەکەدا سنووردار نین،"کەسانێک هەن دەڵێن ئەشکەوتەکە شوێنی حەشاردانی گەنجینەکان بووە، هەندێکی دیکە پێیان وایە پەناگەیەک بووە بۆ هەڵاتووانی دادپەروەری بەدرێژایی سەدەکان، بەهۆی ئەو پارێزگارییە سروشتییەی کە پێشکەشی دەکات، ئەو دەروازە نهێنی و سەختانەی کە بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت، دەنگۆی ناوخۆیی بڵاودەبێتەوە سەبارەت بە بوونی گەنجینەی نێژراو و هێزی نهێنی کە پاسەوانی شوێنەکە دەکەن، ئەمە وایکردووە نزیکبوونەوە لە هەندێک شوێن سەرگەرمییەکی مەترسیدار بێت.

 

بانگەوازێک بۆ پاراستنی میراس

سەفیە ئەحمەد بانگەوازی لە دەسەڵاتدارانی پەیوەندیدار بە شوێنەوار و میراسەکانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد کە ئەرکی هەڵکەندن و لێکۆڵینەوەی زانستی بنێرن بۆ ئەو شوێنە، لێکۆڵینەوەی وردی لێبکەن، بیخەنە لیستی شوێنەوارە گرنگەکانی سووریاوە،"ئەم پێگەیە شایەنی ئەوەیە ببێتە شوێنێکی مەبەست بۆ زانایان و توێژەران، شایەنی ئەوەیە لەلایەن هاوڵاتیانەوە بناسرێت، بەو پێیەی بەشێکە لە ناسنامە و یادەوەری بەکۆمەڵمان.

 

هەروەها داوای کرد بۆ سازدانی بۆنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی تایبەت بە ژنان لە دەوروبەری ئەو شوێنەوارانە، جەختی کردەوە کە "ژن نەک هەر چیرۆکنووس نین، بەڵکو دروستکەری مێژوون، ئەمڕۆ، ئێمە ئەو چیرۆکانە لە دڵی ئەشکەوتەکەوە هەڵدەگرینەوە، لە سەر بنیاتنانی هۆشیارییەکی نوێ بۆ بەهای شوێن و مرۆڤەکان.

 

لە نێوان ئەفسانە و مێژوودا، ئەشکەوتی تیس بە شانازییەوە وەستاوە، شایەتحاڵی شارستانیەت و نهێنییە لەناوچووەکانە کە هێشتا ئاشکرا نەکراون، لە باغۆزدا، کە ڕابردوو لەگەڵ ئێستادا یەکدەگرێتەوە، ئەم ئەشکەوتە بانگهێشتمان دەکات، بۆ بیرکردنەوە و گەڕان و پاراستنی ئەوەی لە گەنجینەکانی یادەوەری ماوەتەوە.