سودانییەکان لە گەشتێکی مەترسیدار و نادیاردان
ململانێی دارفور و باشووری کۆردۆفان، هەزاران خێزانی ناچار کردووە لە گەشتە سەختەکاندا هەڵبێن، ماڵە وێرانەکانیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سەرما و برسێتی و نەخۆشی ببنەوە لەو کامپ و خوێندنگەیانەی کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان و مانەوەیان نییە.
میرڤەت عەبدولقادر
سودان-ئەو جەستانەی کە بەهۆی ئەشکەنجە و برسێتی و ڕۆیشتنێکی بێوچان بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و سەدان کیلۆمەتر ماندوو بووە، خەڵکی مەدەنی لە دۆزەخی ململانێکان و ئاگرەکان لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوای سودان ئاوارەدەبن، لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەڕۆن و بەدوای پارێزراوی و ئاسایش و خۆراک و شوێنی مانەوەدا دەگەڕێن.
لە شاری ئەبیەز پایتەختی کۆردۆفانی باکوور، ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لە فاشر و دیلنجەوە هاتوونەتە دارفور و کۆردۆفانی باشوور، ئەو ناوچانەی کە بەهۆی ململانێکانەوە وێران بوون، پەنایان بردۆتە بەر خوێندنگەکانی شارەکە کە بوونەتە پەناگەی کاتی، بۆ پاراستنیان لە سەرمای تاڵ و بارودۆخی سەختی زستان.
ئاژانسەکەمان بۆ بینینی بارودۆخی دڵتەزێنی ئاوارەکان گەشتێکی بۆ ئەو خوێندنگایانەی کرد، کە بە پێی پەتی و لاوازیان و دالەرزن بەهۆی سەرمایەوە، هەروەها منداڵان کە بەدەست هەوکردنی سنگ و ئەنفلۆنزاوە دەناڵێنن تازە لەگەڵ خێزانەکانیان گەیشتبوونە ئەبیەز، هەندێکی دیکەش بێ یاوەر بوون، هەندێکیان کوژرابوون و هەندێکی تریش دایکیان بۆ کۆیلایەتی سێکسی بردبوو.
لە ناوەڕاستی ئەو خوێندنگایانەی کە وەک پەناگە دیاری کراوە، ئاژانسەکەمان چاوی بە ئەرزوڵا صالح عەبدول ڕەسووڵ کەوت، کە ئاوارە بوو لە شاری فاشر، چەند ڕۆژێک بە پێ ڕۆیشتووە تا گەیشتۆتە ئەبیەز بەهۆی زۆری ژمارەی ئاوارەکان و قەرەباڵغی خوێندنگەکان، نەیتوانی شوێنێک مسۆگەر بکات، پەنای بۆ بەستنەوەی چەند پارچە قوماشێک بەیەکەوە برد بۆ ئەوەی پەناگەیەکی کاتی بۆ خۆی و منداڵەکانی دروست بکات.
ئەرزوڵا صالح عەبدول ڕەسووڵ وتی: ئەو و منداڵەکانی ناچاربوون ماڵەکەیان لە شاری فاشر بەجێبهێڵن دوای شەڕە توندوتیژەکان و کۆنترۆڵکردنی شارەکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ماڵەکەیان ژمارەیەک موشەک لێیداوە و هەرچەندە ڕزگاریان بووە، بەڵام بە تەواوی وێران بووە، لە دۆخێکی سەختدا فاشریان بەجێهێشتووە و بەدەست برسێتی و تینوێتییەکی زۆرەوە دەناڵێنن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ئازارانەی کە خۆی و هاوڕێکانی تووشی بوون زۆر توند بووە، ئەوان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و بێڕێزیکردن و لێدان بوونەتەوە لە دەستی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کە بە درێژایی ڕێگاکە جێگیر بوون، ئاماژەی بەوەشکدووە، کە ئەو هێزانە دەستیان بەسەر هەموو شتێکدا گرت کە هەیانبوو، تەنانەت جلوبەرگەکانیشیان لێ وەرگیرا، هیچیان بەجێنەهێشتووە، تەنانەت ئەو ئاوە کەشیان بردووە کە هەیانبوو.
"تەرم و لاشە بەدرێژایی ڕێگا و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان"
ئەرزوڵا صالح عەبدول ڕەسووڵ وتی: هەنگاومان بەسەر ئەو تەرمانەدا کە هێزەکانی پشتیوانی خێرا کوشتبوویان و لە شەقامەکاندا بەجێیان هێشتبوون، تەرمی ژن و پیاو و منداڵانیان دۆزیوەتەوە، چەند کەیسێکی دەستدرێژی سێکسی ڕاست لەبەردەم چاوماندا هەبووە، ئەم هێزانە دەستدرێژییان کردە سەر یەکێک لە هاوەڵەکانمان و ڕفاندیان و براکەیان کوشت و تەرمەکەییان لەسەر ڕێگا بەجێهێشت، هەموو ئەمانە لەبەردەم منداڵە بچووکەکاندا ڕوویانداوە، کە دوای ڕفاندن و گواستنەوەی بۆ شوێنێکی نادیار جیاکراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان، نزیکەی ١٦٠٠ کەس کە زۆرینەی ڕەهایان ژن و منداڵن، گەیشتوونەتە شاری کۆستی لە نیلی سپی، دوای گەشتەکانیان کە زیاتر لە هەفتەیەک دەخایەنێت، زۆرجار بە باشووری سودان، ماندوون و نیشانە ڕوونەکانی زەبر و زەنگیان لێ دیارکەوتووە، شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی، چاودێری تەندروستی، ئاو، پاکوخاوێنی، خۆراک و یارمەتی پاراستنیان نییە.
هاوبەشەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکەن کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار کەس لە کۆردۆفانەوە ئاوارەبوون بۆ "إيدا" لە باشووری سودان، لە کاتێکدا نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ کەس لە کۆردۆفان و دارفۆرەوە گەیشتوونەتە ناوچەی فاو لە قەزارفی ڕۆژهەڵاتی سودان، هەروەها چاوەڕوانی ئاوارەبوونی زیاتر دەکرێت.
"بەردەوامی ئاوارەبوون لە باکوور: ڕاستیەکی کارەساتبار بۆ ئاوارەبووەکان"
کامپی عەفاز لە باکووری سودان، زیاتر لە ١٥ هەزار خەڵکی دارفور تێیدا نیشتەجێن، سەرەڕای ئەوەی کە هاوکارییە مرۆییەکان لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانەوە دەگاتە کامپەکە، بەڵام ئاوارەکان بەدەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە دەناڵێنن٫ پەتا و نەخۆشیەکان، بەتایبەتی سەرما و تا بەربڵاون، چونکە ناوچەکە بە زستانە سەختەکانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ناسراوە.
هەروەها کامپەکە دەستشۆر و پێویستی پاکوخاوێنی نییە و کەڵەکەبوونی خاشاک ئازارەکانی ئاوارەکانی زیاتر کردووە و بەشدار بووە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هاوکات کەمی کەلوپەلی پزیشکی زۆر هەیە.
"ئاوارەبوون بۆ باکووری کۆردۆفان و ترس لە پەرەسەندنی ململانێ"
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ "IOM"، گروپه مەیدانییەکانی ئەو ڕێکخراوە مەزەندەیان کردووە کە بەهۆی پەرەسەندنی نائاشایشیەوە سەدان کەس لە کادوقلی ئاوارە بوون، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕوونیکردەوە کە ئاوارەکان بۆ شوێنی جیاواز لە ناوچەکانی رەهد و شیکان لە کۆردۆفانی باکوور بڵاوبوونەتەوە، هەروەها دۆخەکە تا ئێستا زۆر گرژ و ناجێگیرە.
بەگوێرەی ژووری فریاکەوتنی ئەبو جوبەیهە، زۆربەی ئەو خێزانانە سەرەتا گەیشتوونەتە کامپی "إيدا" لە باشووری سودان، دواتر لە ڕێگەی لیرییەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەبو جوبەیهە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، کە ئاوارەکان بۆ چەند ڕۆژێک ماونەتەوە پێش ئەوەی لە ٩٠٪ یان بە پاڵپشتی ڕێکخراوەکان و گروپە خۆبەخشەکان بەرەو نیلی سپی بڕۆن، بەڵام ٥٧ خێزان "٢٦٧ کەس" مانەوە، زۆربەیان هیچ شوێنێکی دیکەیان نییە، ئەمەش وایکردووە بانگەوازێک بۆ ڕێکخراوەکان بکرێت بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە و کامپ.