قۆناغی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە خەباتی ژنان هەیە

ڕێکخەری کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا جەختی لەوە کردەوە، ناتواندرێت بەبێ دەستوەردانی ژنان کۆتایی بەو ململانێیانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن بهێنرێت، ئەمەش پێویستی بە خەبات و تەحەددا هەیە کە ژن، ژیان، ئازادی بکاتە دروشمی ئەو سەردەمە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن و قەیرانەکانی قووڵتر دەکەنەوە، تەماحەکانی دەسەڵاتی هەژموونی ئەم ناوچەیەی کردووە بە ناوەندێک بۆ جەنگی جیهانی سێیەم، کە تێیدا لەسەر حسابی کوشتن و قڕکردنی گەلان یەکلایی دەکرێنەوە لە هەرێمەکە، کە یەکەم زیانبەرکەوتووان ژنان و منداڵانن، کە بە تەواوی لە ڕووماڵکردنی ڕاگەیاندنەکاندا ئامادە نین.

 

ڕوقیە محەمەد، ڕێکخەری کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا، ئاماژەی بەوەکرد، ژنان و منداڵان ئەوانەن کە باجی ئەم شەڕە دەدەن، هەرچەندە ئەوان ئەو گروپانەن کە زۆرترین بانگەشە بۆ ئاشتی دەکەن و هیچ پەیوەندییەکیان بەم شەڕەوە نییە، ژن ئەو وزەیەی هەیە کە توانای تێپەڕاندنی هەموو ئەو قۆناغە سەختانەی هەیە بۆ گۆڕینی پێگەی خۆی لە قوربانییەکەوە بۆ ئاشتیخواز و بڕیاردەر سەبارەت بە چارەنووسی کۆمەڵگەکەیان و خاکەکەیان، ئەم هەنگاوانە بە یەکخستنی هێز و ئیرادەی ژنان دێت بۆ تێپەڕاندنی جوگرافیا و ناسنامەی زایەندی خۆیان، بۆ ئەوەی بەم شێوەیە بتوانن واقیع بگۆڕن .

 

ڕوونیشیکردەوە، ژنان لە لوبنان و فەلەستین و ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ئێرانیش لەهەمان کارەساتدان و وتی: ئەگەر ئێمە وەک ژن بتوانین هەوڵەکانمان یەکبخەین و ببینە یەک هێز و توانای ئاشتیمان هەبێت دوور لە سنوورە جوگرافییەکان کە جیامان بکەنەوە، شوناسێکی ژن هەیە کە ئێمە یەکدەخات.

 

ئەزموونی ئەو ژنانەی کە خەباتیان لە ژێر داروپەردووی شەڕ و جینۆسایدەوە پەرەی سەند بەبیرهێنایەوەو وتی: ژنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان شۆڕشی ژن، ژیان ئازادییان دروست کرد و هاوپشتی جیهانییان لەگەڵ شۆڕشەکەیان بەدەستهێنا کە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد، تەنانەت ئەو ژنە ئێزیدیانەی لە شەنگال کە لەسەر دەستی داعش تووشی قڕکردن بوون، ڕفێندراون و لە بازاڕەکانی کۆیلەدا فرۆشراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و بە زۆر لەگەڵ چەتەکانداهاوسەرگیریان کردووە و کراون بە کاڵا، ئێمە دەیانبینین، ئەمڕۆ دەبینین کە، لە ڕێگەی خەباتی خۆیانەوە، بوونەتە پێشەنگ لە کۆمەڵگەکەیان، دەستوەردان لە بواری سیاسیدا، لە بواری سەربازیدا، سیستمێکی خۆپاراستنیان روست کردووە کە لە هەر هێرشێک یان جینۆسایدێک دەیانپارێزێت.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەروەها ژنانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە دەستی داعش تووشی کارەسات بوون، کەسانێک هەبوون کە بەردباران کران و کوژران، بەڵام ئەمڕۆ ڕۆڵی خۆیان لە هێزە سەربازییەکان دەگێڕن، بەشداری سیاسەت دەکەن، خزمەتی کۆمەڵگەکەیان دەکەن، ئەمانە نموونەی ئەو ژنانەن کە دژی ڕژێمە کۆنەپەرستەکان بوون و خەباتیان کردووە بۆ گۆڕینی هاوکێشەکە و گۆڕینی لە قوربانیی شەڕەکانەوە بۆ دروستکەرو ئاشتی.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەوری جەنگی جیهانی سێیەمدا ناوەند بووە، بەو پێیەی گۆڕاوە بۆ گۆڕەپانێکی ململانێی فیکری و سیاسی و تائیفی و گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی نمرەی نێوان زلهێزە باڵادەستەکانی جیهان لەسەر حیسابی " گەلانی ناوچەکە"، زۆرێک لە وڵاتان شاهیدی ئەم ململانێیانەن، لەوانە غەززە، لوبنان و ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاو ئێران.

 

سەبارەت بە ئامانجی ئەو ململانێیانە وتی: هەوڵدەدەن جوگرافیا و بیرکردنەوە بگۆڕن و کولتوورەکان بسڕنەوە و ستراتیژێک لەسەر حیسابی گۆشەگیری و قڕکردنی گەلان بەدەستبهێنن، ئەو شەڕەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکاتە ئامانج، بە جینۆساید دادەنرێت کە لەبەردەم جیهاندا ئەنجامدەدرێت، بەڵام نەبوونی ڕووماڵی ڕاگەیاندنی نێودەوڵەتی هەیە.

 

دووپاتی کردەوە کە تورکیا لە نێو ئەو وڵاتانەیە کە هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافی و جوگرافیای ناوچەکە دەدەن، بە سەپاندنی زمان و دراو لەو ناوچانەی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیری کردووە و لکاندوویەتی بە زەوییەکانیەوە.

 

ژنان و منداڵان دەبنە ئامانج

ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەنجامی ئەو ململانێیانەدا ژنان و منداڵان دەکوژرێن و ئاوارە دەکرێن و برسی دەکرێن. واقیعی کارەساتباری ژنان لە بیروڕای گشتی شاراوەتەوە، ئەوان بە بێدەنگی ئازار دەچێژن لەبەر ڕۆشنایی ئەو شتانەی کە لە کامپەکانی ئاوارەبووندا ئەزموونی دەکەن، و کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونییان دەبێت.

 

ڕوقیە محەمەد جەختی لەسەر پێویستی  خەباتی ژنان کردەوە لەو قۆناغەدا که ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست به ململانێی خوێناویدا تێدەپەڕێت، وتی: ئەو ململانێیانەی هەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتەنها بە پیاوان کۆتایی پێناهێندرێت، چونکە چارەسەری بەشەکی دەبێت، بە دەستوەردانی ژنانیش چارەسەری ڕادیکاڵ دەبێت، بۆیە ئێمە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ململانێیانە ڕووبەڕووی تەحەددای گەورە دەبینەوە لەگەڵ هۆشیاری ژنان و ڕۆشنبیری، ئێمە توانیمان ئاشتی دروست بکەین و نمونەیەک بین بۆ هەموو ژنانی جیهان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، دوای ئەو میراسەی کە خەباتی ژنان بەجێی هێشتووە، نابێت هەنگاوێک بەرەو دواوە بنێین بە پێچەوانەوە دەبێت هەنگاو بنێن بۆ پێشەوە لەسەر ڕێگای شۆڕشەکەمان و دیوارەکانی کۆیلایەتی و نێرینە تێکبشکێنین، هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەرەو گەیشتن بە ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە.