کوێستان عەبدوڵا: بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتی و داواکارییەکانمان
فەرمانبەر، مامۆستا و دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامن لە داواکاریەکانیان و دەڕژێنە سەر شەقامەکان، بەردەوامی دەدەن بە چڕکردنەوە و دەستەبەرکردنی داواکاریەکانیان، فەرمانبەرێکیش دەڵێت: حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێباکان.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی گردبوونەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی داوای مافە ڕەواکانی خۆیان دەکەن، فەرمانبەران و مامۆستایان ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام بۆ دەستەبەرکردنی داواکاریەکانیان دەڕژێنە سەر شەقامەکان، کە وەرگرتنی مووچە لە کاتی خۆیی و پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران و دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستە، هەروەها فەرمانبەران سیستمی پێدانی مووچەلە ڕێگەی ئەکاوتنی بانکی "هەژماری من"، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن پەدەکەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕەت دەکەنەوە، لە ئێستادا کێشەکانیان بەرەو زیادبوون هەنگاو دەنێت، تیایدا تەنها مامۆستایان زەرەرمەند نابن، بەڵکو تەواوی فەرمانبەران و هاوڵاتیان لە ڕێگەی هەژماری من کە هەژمارێکی حزبیە ڕوبەڕووی ئاریشە دەبنەوە، هەروەها دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکان بەردەوام لە ڕێگەی گردبوونەکانەوە داوای مافی دامەزراندن دەکەن، ماوەی پێنج ساڵە مافخوراوان بەردەوامن لە ئەنجامدانی گردبوونەوە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی، پێیان وایە کۆڵنەدان و بەردەوامیان لە داواکاریەکانیان دەیانگەیەنێت بە مافەکانیان.
"هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکرنی مافە ڕەواکانی خۆیان تێکڕا بڕژێنە سەر شەقامەکان"
کوێستان عەبدوڵا، فەرمانبەری تەندروستی، باس لەوەدەکات، تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی پێنەدانی مووچەکانیان، بەرزنەکردنەوەی پلەیان و هێنانی چەندین شێوازی پێدانی مووچەکانیان ناڕەزایان دەردەبڕن، بەڵام حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بێباکانە بارودۆخی هاوڵاتیانی بەش خوراو درک پێ ناکەن، دەڵێت: پێویستە تەواوی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەران لە ناویاندا هاودەنگی خۆمان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەرببرێن، بەشداریکردنی گردبوونەوەکان ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگەیە بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیان، زۆرێک لە فەرمانبەران دژ بە هەبوونی "هەژماری من" و " تی بی ئای " هەڵوێستیان لە ڕێگەی بەیاننامە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گەیاندوەتە دەسەڵات، بەڵام بێ خەمی دەسەڵات بەرامبەر دەنگی هاوڵاتیان، بۆتە هۆکاری چەندین گردبوونەوەی هاوڵاتیان، حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم هەموو چینوتوێژێکی هەراسان کردووە.
ئەو فەرمانبەرە جەختی لەوەکردەوە، "ئەو زوڵم و ستەمەی لە لایەن حکومەتەوە دەکرێت تەنها مامۆستایان ناگرێتەوە، سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانکردن دەگرێتەوە، ڕەتکردنەوەی ئەو بارودۆخەی هاوڵاتیانی تیکەوتووە تەنها ئەرکی مامۆستایان نییە، ئەرکی تەواوی چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستانە، دەبینین ڕۆژانە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، مامۆستایان و فەرمانبەران، دەرچوانی دانەمەزراو بەردەوامن لە داواکردنی مافەکانیان، سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و دەستپێکردنەوەی کاری خولی شەشەمی پەرلەمان، ماوەی ٣٣ ساڵ حکومڕانی هاوڵاتیانی کوردی بەرەو بێ هیوابردن بە پەرلەمان و حکومەت برد، دەبێت بە هەبوون و ڕێکخستنەوەی پەرلەمانێکی نوێ مافی هاوڵاتیان و فەرمانبەرانی بگاتە ئەنجام، پێویستە پەرلەمانێک بێت بڕیاردەری دەنگی خەڵک بێت، نەک ببێتە داردەستی حکومڕانێکی دیکتاتۆری دراوسێ، دوورخستنەوەی بەرگی حزبایەتی لە پەرلەمانتاران، پەرلەمانێکی سەرکەوتوو دەهێنێتە ئاراوە.
لە کۆتایدا ئەو فەرمانبەرە وتی: هاتنە سەر شەقامەکان و داواکردنی مافی خۆمان ئەرکی هەر تاکێکی کوردە، پێویستە هاوڵاتیان ڕێگری تەواوەتی لە زوڵ و ستەمی حزب و دکتاتۆرەکان بکەن، مامۆستایان ڕێچکە شکێنێک بوون و هاوڵاتیانی دیکەش پشتیوانی لە خوێندکارانی دانەمەزراو و فەرمانبەران بکەن، تا بتوانین بە مافە ڕەواکانی خۆمان بگەین.