ئاڵنگاریی منداڵانی کار لە ئەفغانستان
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تاڵیبان بە زۆرەملێ منداڵانی دەستگێڕ لە شەقامەکان کۆدەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ زیندانێک بەناوی "چاککرنەوەی پەروەردەی منداڵ"، کە شوێنکە بارودۆخی لە شەقمەکانی ئەفغانستان خراپترە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- بوونی منداڵانی کار یەکێکە لە کێشەکانی کۆمەڵگە. لە کۆمەڵگە هەژار و جەنگاویەکانی وەک ئەفغانستان کە هەمیشە دەسەڵات بەدەست کەسانێک وەک تاڵیبانەوە بووە، کارکردنی منداڵان یەکێکە لە پێشێلکارییەکانی مافی منداڵان و ئەو تاوانانەی کە منداڵانی ئەفغانستانی گرتۆتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت.
لە کۆمەڵگەی ئەفغانستان بەهۆی نەزانی و نەبوونی ئیمکاناتی تەندروستی، خێزانەکان بە بەردەوامی منداڵیان دەبێت و بەشێکی زۆریان ڕێگاکانی خۆپاراستن لە دووگیانی نازانن. لە لایەکی ترەوە مەلا و تاڵیبان کە بە "حیکمەتی خودا" ناوی دەبەن، ڕێگری لە زیادبوونی لەدایکبوون دەکەن و دروشمی ئەوان هەمیشە ئەوەیە: "خودا ڕزق و ڕۆزی دەبەخشێت و زەوی بارگرانی لێدەسەنێتەوە"، بۆیە پێیان وایە ئێمە هیچ مافێکمان نییە ڕێگری لە لەدایک بوون بکەین.
بەهۆی زۆری منداڵەوە، خێزانەکان لە هەژاری و بێکاریدا ژیان بەسەر دەبەن ناتوانن هیچ بکەن. لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا ئەم دۆخە خراپتر بووە و خەڵک مانگانە لە هەر چالاکیەک، تەنانەت بازرگانیکردن و هەڵگرتنی شتەکان بە عەرەبانە باجێکی قورس دەدەن.
جگە لەوەش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتی تاڵیباندا ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و پیاوان لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و ژمارەیەک مەلای تاڵیبان جێگەیان گرتۆتەوە. باوک و دایکان بەهۆی نەبوونی کارەوە، ناچارن منداڵەکانیان هانبدەن بۆ ئەوەی کاربکەن بۆ بەدەستهێنانی پارچە نانێک. منداڵانی کار ڕۆژانە ڕووبەڕووی سووکایەتی، لێدان، برسێتی و ئازاردانی جەستەیی و سێکسی و دەروونی دەبنەوە و جگە لەو بابەتانەش لە خوێندن بێبەش دەبن. ناچارن لە بەیانی تا ئێوارە کار بکەن بۆ ئەوەی خۆیان و خوشک و برا بچووکەکانیان لە برسێتی ڕزگار بکەن.
بەپێی ئەو ئامارەی کە پێشکەش کراوە، دەوترێت ژمارەی منداڵانی کار لە ئەفغانستان نزیکەی سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسە.
هەروەها "ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار" لە ڕۆژی جیهانی کاری منداڵان لە ساڵی ٢٠٢٤ ڕایگەیاند کە ژمارەی منداڵانی کار لە ئەفغانستان ٣ ملیۆن کەسە.
لە ساڵی ٢٠١٧دا، "کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان" ڕاپۆرتێکی توێژینەوەی لەسەر منداڵانی کار بڵاوکردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "٪٣٣ی منداڵان لەکاتی کارکردندا لێیان دەدرێن و ٪٣٩یان زەلیل و سوکایەتییان پێدەکرێت، زیاتر لە ٪٢٧یان ناچاردەکرێن کارێکی ماندووکەر ئەنجامبدەن، ٪١٦یشیان تووشی ئازاردانی سێکسی دەبن".
هەروەها لەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "٪٩٠ی منداڵان هەفتەیەک زیاتر لە ٣٥ کاتژمێر کار دەکەن و تەنانەت هەندێکیان تەنانەت بە شەوان کار دەکەن". ژمارەیەک منداڵ بەهۆی فێربوونی پیشەیەک و مووچەیەکی جێگەی ڕەزامەندی لە کارەکانیان ڕازین. منداڵانی کار تەمەنیان لە نێوان ٧ بۆ ١٨ ساڵدایە، ٪٨٠یان تەمەنیان لە سەرووی ١٢ ساڵەوەیە و ٪٩٢یان کوڕن.
هەر لەو ساڵەدا وتەبێژی "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی" ڕایگەیاند: "ژمارەی منداڵانی کار لە ئەفغانستان دەگاتە ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار منداڵ، هەروەها ٣ ملیۆن منداڵ لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین".
بەڵام بەرپرسی نووسینگەی "وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی تاڵیبان" ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "ژمارەی منداڵانی کار لە ئەفغانستان لە نێوان سێ هەزار بۆ چوار هەزار کەسە و زیاتریش نین".
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەرکاتێک ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتی تاوانە بەردەوامەکانی ئەفغانستان بڵاودەکەنەوە، بەرپرسانی تاڵیبان دژایەتی دەکەن و دەڵێن: "ئامارەکان ورد نین".
ماوەی زیاتر لە ساڵێکە تاڵیبان بە زۆر کۆڵبەر و سواڵکەری منداڵان لە شەقامەکانەوە کۆدەکاتەوە و دەیانگوازێتەوە بۆ زیندانێک بەناوی "چاکسازی پەروەردەی منداڵان"، کە بارودۆخەکە لە ڕێگاکانی ئەفغانستان خراپترە. هەروەها خێزانەکان ئاگاداری چارەنووسی منداڵەکانیان نین تا ئازاد دەکرێن.
سەبارەت بە کۆکردنەوەی منداڵی دەستگێڕ و سواڵکەر زۆر گێڕانەوە هەیە. شایەتحاڵەکان دەڵێن: "ئەندامەکانی جەستەی ئەم منداڵانە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە بۆ پاکستان یان دەگوازرێنەوە بۆ قوتابخانە ئاینییەکان لە پاکستان بۆ ئەوەی هاوشێوەی خۆیان پەروەردە بکرێن". ئێستا منداڵانی کرێکار و سواڵکەر لە شەقامەکاندا نابینرێن و تاڵیبانیش ئەم دەرفەتەیان قۆستەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن: "هەژاری و منداڵی دەستگێڕ و سواڵکەر لە کۆمەڵگەدا نەماون".