هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا کردنەوەی دەرگایەکە بە ڕووی کێشەکاندا

کولتووری کۆمەڵگە و ناهۆشیاری خێزانەکان وای کردووە ژنانی گەنج بڕیاری پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری بدەن لە تەمەنێکی کەمدا و پارێزەرێکیش دەڵێت: زۆربوونی هۆکارەکانی جیابوونەوە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدایە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی کارەکان بۆ ژیانی هەر تاکێک لەسەر خۆیەتی، بەڵام لە کۆمەڵگەدا بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریت و ناهۆشیاری خێزانەکان وا لە ژنانی گەنج کراوە، بترسن لە بڕیاردان و بکەونە ژێر کاریگەری قسەی کۆمەڵگەوە، وەکو پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، کە زۆرجار ژنانی گەنج لە ترسی وشەی قەیرەبوون ئەنجامی دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان لەسەری هەبێت و دواجار سەردەکێشیت بۆ جیابوونەوە.

 

"ئەنجامدانی هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا دەگەڕێتەوە بۆ ناهۆشیاری کۆمەڵگە"

شەیما فەرەیدون، پارێزەر، باسی لە هاوسەرگیری کرد و ئاماژەی بەوەکرد، هاوسەرگیری لە یاسای باری کەسێتی عێراقدا گرێبەستێکی ڕەزامەندیە لە نێوان هەردوو ڕەگەزدا، لە ژێر خۆشەویستیدا ژیانێک دروستدەکەن و کۆمەڵێک بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرن، بە مەرجێک تەمەنی یاسایان تەواو کردبێت، بەڵام هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا پێش تەمەنی یاساییە، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کاتێک ژنێکی گەنج خوێندن تەواو دەکات یان لە خوێندن دادەبڕێت، خێرا بیریان بۆ ئەوە دەچێت کە دەبێت ئەم ژنە هاوسەرگیری بکات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ پەروەردەی خێزانەکان و ناهۆشیاری کۆمەڵگە، هیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر ئەوەی ئایا تەمەنی ژنانی گەنج بۆ هاوسەرگیری دەبێت چەند بێت و ئایا سەرکەوتوو دەبێت لەو دۆخەی کە دەکەوێتەوە ناویەوە، لە کاتێکدا کێشە و گرفتەکان کاتێک دەستپێدەکات کە لە خوار تەمەنی یاساییەوە و هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ئەنجام دەدەن.

 

"نەبوونی ئابووری سەربەخۆ هۆکارێکە بۆ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا"

شەیما فەرەیدون ڕوونی کردەوە، هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدای ژنانی گەنج دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەترسن لە وشەی قەیرە، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر باوە و دەترسێت لەوەی کۆمەڵگە قسەی لەسەر بکات، بۆیە بڕیار دەدات هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ئەنجام بدات کە هەندیک جار ڕەزامەندی خۆیشی لەسەر نابێت، هۆکارێکی تر نەبوونی ئابووری سەربەخۆیە بۆ ژنان و هەژاری خێزانەکانە، هەندێک جاریش خێزانەکان هۆکارن و دەڵێن با لە کۆڵمان ببنەوە، ئەم لە کۆڵبوونەوەیەش دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی بۆ ژنانی گەنج، توندوتیژی کردن بەرامبەر بە ژنانی گەنج لەلایەن خێزانەکانەوە هۆکارێکی ترە.

 

وتیشی: هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا کاریگەری کۆمەڵایەتی لەسەر ژنانی گەنج دەبێت و دواتر دەزانن کە چی بەرپرسیارێتیەکە، چونکە پێش پرۆسەکە هیچ زانیارییەکی لەسەر نەبووە، ئەمەش کۆمەڵێک کێشەی خێزانی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، لە ڕووی دەروونیشەوە ژنانی گەنج کە ئەو پرۆسەیان ئەنجام داوە نائارام دەبن، دواتر سەردەکێشێت بۆ ئەوەی توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، لە ڕووی پزیشکیشەوە کێشەی جەستەیی بۆ ژنانی گەنج دروست دەکات.

 

"هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ جیابوونەوە"

شەیما فەرەیدون ڕوونی کردەوە، بەشێک لە ژنانی گەنج وا بیر دەکەنەوە کە لە دوای تەواوبوونی خوێندنیان دەبێت هاوسەرگیری بکەن، لە کاتێکدا ئەمە کارێکی هەڵەیە، بەپێی ئامارێکی جیهانی ساڵی ٢٠٢٣ کە دەڵێت لە جیهاندا ٪٢٥ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا ئەنجامدراوە، بەڵام بەداخەوە لە عێراقدا ڕێژەکە ٪٢٥.٥ بووە، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان کاریگەری ئاوارە عەرەبەکانیش هەیە، چونکە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا لای ئەوان باوترە.

 

شەیما فەرەیدون ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی حاڵەتەکانی جیابوونەوەی ئێستا لە دادگاکاندا و ئەو کەیسانەی دێتە لامان هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا، لەبەرئەوەی لە تەمەنێکی کەمدا هاوسەرگیریان ئەنجامداوە، ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن، بۆیە پەنا دەبەنە بەر جیابوونەوە، ژنانی گەنج لە ئێستادا تەنها دیوە ڕووکەشەکەی هاوسەرگیری دەبینن.

 

شەیما فەرەیدون لە کۆتایدا وتی: پێویستە ژنانی گەنج هۆشیارییەکی تەواویان هەبێت و نەکەونە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک شتەوە، ئەرکی هەموومانە کە هۆشیاری بڵاوبکەینەوە کە چی تەمەنێک گونجاوە بۆ هاوسەرگیری و ئەو پرۆسەیە چییە، خێزانەکانیش تا ژنە گەنجەکان ئامادە نەبن، نەیانخەنە بەردەم هاوسەرگیری لە تەمەنی کەمدا.