سیستمی چینایەتی دەربڕینی ڕاستییەکان لە گەنجان و منداڵان زەوت دەکات

پەروەردە و خێزان هەمیشە بانگەوازی ڕاستگۆیی دەکەن بۆ منداڵان و گەنجان، بەڵام کاتێک دێتە سەر ڕاستکردنەوەی هەڵە بۆ گەورەکان، بێدەنگیان دەکەن، پێیان شەرمە منداڵێک لە گەورەیەک ڕاستگۆتر بێت، ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەو منداڵە هەمان شت لە داهاتوودا دووبارە بکاتەوە

شنیار بایز

 

سلێمانی- لە خێزان و کۆمەڵگەدا، لە خوێندنگە و شوێنە گشتییەکان بەردەوام گوێبیست دەبین، کاتێک منداڵێک یاخود گەنجێک کە هەڵەیەک بۆ کەسێکی لە خۆی گەورەتر ڕاست دەکاتەوە، یاخود دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵی لەسەر بابەتێک و بیروبۆچوونی کەسە گەنجەکە باشترە، هەمیشە لەلایەن کەسانی دەوروبەر بێدەنگ دەکرێن و پێیان وایە شەرم و عەیبەیە ئەگەر کەسێک هەڵەیەک بۆ لە خۆی گەورەتر ڕاست بکاتەوە و گفتوگۆی لەگەڵ بکات.

 

لەگەڵ ئەوەی هەمیشە منداڵان بە ڕاستگۆ و خاوەن باوەڕی جیاواز بە ناو دەکرێن، بەڵام کاتێک دەکەونە بەرامبەر گەورەیەک بە پێچەوانەوەیە، لەبەر شکۆی گەورەکە منداڵەکە بە ناڕاست و درۆزن بە ناو دەکرێت و بۆچوونەکانی ڕەت دەکرێنەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سیستمی چینایەتی و ئەو سیستمەی هەمیشە هێز دەسەپێنێت بەسەر کەسانی ژێر دەستە و بێ دەسەڵاتدا.

 

"سیستمی چینایەتی دەبێتە بێدەنگکەری کەسانی گەنج"

شارا تاهیر، دەرووناسی کۆمەڵایەتی و نووسەر، لەو بارەیەوە وتی: خودی بابەتەکە پەیوەندیدارە بە سیستمی چینایەتییەوە، کە خودی سیستمەکە بە واتای هەژموون و دەسەڵاتی باوک دێت، ڕەگ و ڕیشەی گوێڕایەڵی منداڵێک یاخود کەسێکی گەنج بۆ کەسانی تەمەن گەورەتر لە خۆیان لە کوێوە هاتووە، بێگوومان سەرچاوەکەی لە هەژموون و دەسەڵاتی باوک لە ناو خێزان و خێڵدا هاتووە.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، ڕەگ و ڕیشەی ئەم شێوازی مامەڵەکردنەش پەیوەندیدارە بە ئاینەوە، کاتێک فەرمانی سەربڕینی کوڕەکەی بۆ یەکێك لە پەیامبەرەکان دێت، بە بێ بیرکردنەوە بڕیار دەدات کوڕەکەی سەرببڕێت، ئەم شێوازە بە گوێڕایەڵیەکی کوێرانە ناو دەبات کە بەردی بناغەی سیستمی چینایەتی و باوکسالارییە، تیایدا نابێت هیچ کەسێک گومان و پرسیاری هەبێت، هەروەها چەپاندنی هەست و سۆز و هەبوونی ترس لە کەسانی خاوەن هێز و تەمەن گەورە دەسەپێنێت.

 

"کۆمەڵگەی کوردی ئەقڵیەتی چەندین ساڵەی پێش ئێستا پەیڕەو دەکات"

شارا تاهیر ڕوونیکردەوە، تەنها کەسانی تەمەن گەورە ئەم شێوازە بەکار ناهێنن، بەڵکو هەر تەمەنێک کە خاوەن دەسەڵات بێت لە خێزاندا دەتوانێت خودی خۆی زاڵ بکات بەسەر کەسانی دیکەدا، وتیشی: لەم سیستمەدا کەسانی ژێر دەستە مافی بیرکردنەوەیان نییە، دەبێت کوێرانە گوێڕایەڵ بن، ئەم شێوازەش چووەتە ناو هەموو کایەکانی کۆمەڵگە وەک سیستمی خوێندن، پەروەردە، خێزان و سیاسەتیشەوە وەک تاکێک گوێڕایەڵی هەر یەک لەو شتانە نەبیت، بێگومان بە کەسێکی خراپ ناوت دەبەن، کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکە کە تیایدا کەسانی گەورەش کەسانی گوێڕایەڵی ساڵانی ڕابردووترن، نەوە بۆ نەوە ئەقڵیەتەکە دەگوازرێتەوە، بۆیە کاتێک دەبنە خاوەن دەسەڵات هەمان سیستم بەکار دەهێننەوە کە بەرامبەر خۆیان بەکارهێنراوە، ئەو ئەقڵیەتەی تیایدا نابێت بە کەسانی گەورە بوترێت هەڵەی یاخود ڕاست ناکەی، بەڵکو ئەگەر هەڵە و ناڕاستیش بوو دەبێت چاوپۆشی لێبکرێت و بە ڕاستی دابنێن.

 

"تاکی ئازاد و خاوەن بڕیار بەرهەم نایەت بەڵکو تاکی ژێر دەستە بەرهەم دێت"

شارا تاهیر لە درێژەی قسەکانیدا  جەختی کردەوە، لەم کۆمەڵگەیەدا ڕێگە نادرێت کەسانی گەنج و منداڵ خۆیان بن، ئەگەری دروستبوونی تاک بوونی نییە یاخود کەمە، تاکێک بەرهەم دێت لەسەر سیستمی دەسەڵاتداری و چینایەتییە، دەڵێت: هەمیشە وا باو بووە ئەو کەسانەی گوێڕایەڵن و ڕەخنە لە خاوەن دەسەڵات و ئەو کەسانە ناگرن کە گومان لە قسەکانیاندا هەیە و قسە لە قسەی کاسانی گەورەتر ناکەن، ئەو کەسانە خۆشەویسترن.

 

هەروەها باسی لەوەکرد کۆمەڵگەی کوردی هەڵقوڵاوی کلتوورێکە پیاو و ڕەگەزی نێر بە باشتر و دەسەڵاتدارتر دەزانێت، بەو واتایەی نەک تەنها کەسانی تەمەن گەورە بەڵکو پیاوانیش باڵادەست کراون، هەمیشە ژنان بە نەزان دەزانن، واتە ئەگەر کەسانی گەنج و منداڵان زوڵمێکیان لێکرابێت ژنانی گەنج دووجار زوڵمیان لێدەکرێت، چونکە پیاوان لە سیستمی چینایەتی بووەتە ئەفسانەی سەرکەوتنەکان.

 

"خێزان دەبێت خێزانێکی چالاک بێت دوور لە هەموو نایەکسانییەک بێت"

شارا تاهیر ئاماژەی بەوەکرد، مەبەستی قسەکانی تێکدانی شیرازەی خێزان و ڕێز نەگرتن نییە لە کەسانی تەمەن گەورە، بەڵام بە گرنگی دەزانێت خێزان وەک خێزانی ئێستا نەبێت و چالاک بێت، یەکسانی هەبێت لەناو تاکەکانی خێزان و کۆمەڵگەدا، وەک ڕێگە چارەسەرییەک دەچێتەوە سەر فکری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان و دەڵێت: "ئەو ڕێبەرە تێزێکی هەیە پێی دەوترێت کوشتنی پیاوەتی و سیستمی چینایەتی، ئەم تێزە دەبێتە ڕێگە چارەسەرییەک، چونکە ڕەگی لە هەموو کایەکاندا داکوتیووە".

 

هەروەها وتی: دەبێت خێزانەکان پەورەدەیەک بدەنە منداڵەکانیان کە لە داهاتوودا تاکی ئازاد بەرهەم بێت، تاکێک خاوەن بڕیار و پێشنیاری خۆی بێت و هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی دەروبەری بدات، جگە لەوە کار لەسەر شەرم بکرێت و تەنها ڕێگە بە باوک و کەسانی تەمەن گەورە نەدرێت کە قسە بکەن، بەڵکو منداڵانیش خاوەن ڕای خۆیان بن، هەروەها کەسانی گەورە شەرم نەکەن لە گێڕانەوەی هەڵەکانی خۆیان، کاتێک کەسێکی لە خۆمان گەورەتر بەسەرهاتمان بۆ دەگێڕێتەوە قەت گوێمان لێنابێت هەڵەیەکی کردبێت، بە پێچەوانەوە هەمیشە باس لە کارە باشەکانی خۆی دەکات، چونکە ناوێرن خۆیان بگێڕنەوە، ئەو هەستەش بۆ منداڵان دروست دەکەن کە ئەوان هەرگیز هەڵە نەبوون و ئەمان زۆر هەڵە دەکەن.

 

"وتنی ڕاستی و تێکشانی شەرم ڕێگایەکە لە چارەسەرییەکان"

لە کۆتایدا ڕوونیکردەوە، هەمیشە هەمووان دەڵێن منداڵان ڕاستگۆن، بەڵام کاتێک منداڵێک خۆی دەگێڕێتەوە و باسی خۆی دەکات، هەڵەی کەسانی گەورەتر لە خۆی ڕاست دەکاتەوە ناهێڵین قسە بکات و خۆی دەرببڕێت، خودی ئەو منداڵانەش کە ئێستا ویستی وتنی ڕاستییەکانیان هەیە لە داهاتوودا کە گەروە دەبن بە هەمان شێوەی کەسانی گەورە کە ئێستا هەن، مامەڵە دەکەن و هۆکارەکەش بوونی ئەو سیستمەیە کە هەزاران ساڵ حکوم دەکات، بۆیە یەکەمین ڕێگا بۆ نەهێشتنی ئەم حاڵەتە نەهێشتنی سیستمی چینایەتی و باوکسالارییە، هەموو ئەو چەمکانەی مرۆڤی لەسەر دروست بووە وەک، دەسەڵات، شەرم و مرۆڤایەتی، ئازادی دووبارە پێناسەی بۆ دابنرێتەوە و دابڕێژرێتەوە.