دەربڕینەکانی منداڵان لەلایەن خێزانەکانیانەوە بە کەم تەماشا دەکرێت

منداڵان بۆ دەربڕینەکانیان وێنە بەکاردەهێنن بەڵام خێزان نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی گرنگی بە دەربڕینی منداڵەکانیان بدەن بۆیە ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی دەروونی دەبنەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- منداڵ جیهانێکی جیاوازی هەیە بە بەراورد بە جیهانی گەورەکان، هەندێک کات دەربڕینەکان لەلایەن مندڵانەوە جیاوازە لە دەربڕین لەلایەن گەورەکان، منداڵان زمانی زارەکی کەمتر بەکاردەهێنن بە بەرورد بە زمانی جەستەی، یاخود گریان و هەندێک شتی دیکە لەوانەش وێنەکێشانە، منداڵ هەندێک کات وێنە دەکێشێت بەڵام خێزانەکەی گرنگی پێنادات، بە وتنی وشەی 'جوانە' بەڕێی دەکات لە کاتێکدا دەکرێ چەندین مەبەست لە پشت ئەو وێنانەوە بێت.

 

"وێنەکێشانی منداڵان مەبەستێکی لە پشتەوەیە"

شۆخان عەبدولخالق، چارەسەرکاری دەروونی، تایبەت بەو بابەتە ڕوونیکردەوە، زۆر کات دایکان و باوکان لە شوێنان یاخود لە ناو ماڵەکانیاندا بۆ ئەوەی منداڵەکانیان بێدەنگ بکەن و زۆر نەجوڵێن پەڕەیەک و قەڵەمێک دەدەنە دەستیان، سەرنجی منداڵەکە بدە کۆمەڵێک وێنە دەکێشێت، دایکان و باوکان گرنگی بەو وێنانە نادەن و سەرنجیان نادەن تەنها هەست دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کاتەکەی کێشاویەتی، کەلە ڕاستیدا ئەو وێنانە کۆمەڵێک مەبەستیان لە پشتەوەیە.

 

وێنە بریتییە لە زمانی نا زارەکی منداڵ کە منداڵەکە لە ڕێی وێنەوە دەربڕینەکانی دەکات، تەواوی هەست و سۆزەکانی لە ڕێیەوە دەردەبڕێت، وێنەکردنیش چەندین قۆناغی هەیە، سەرەتا منداڵەکە تەنها چەند خەتێک لە ناو پەڕەکەدا دەکات یاخود بازنە دەکات، لە قۆناغی دووەمدا منداڵەکە کە وێنە دروست دەکات نا ڕوونە، بەڵام لە قۆناغی سێهەمدا وێنەکانی ڕوونن و دەتوانیت لێی تێبگەیت.

 

"منداڵان دەیانەوێت لە ڕێی وێنەکێشانەوە خۆیان بسەلمێن"

کاتێک منداڵ قەڵەمێک هەڵدەگرێت و دەیەوێت شتێک بنوسێت و دروست بکات لە هاری منداڵەکە نییە یاخود بە مەبست نایکات بەڵکو دەیەوێت هەستی ناخی خۆی دەرببڕێت دەیەوێت خۆی بسەلمێنێت کە بوونی هەیە، لە پاشان و لە دوای تەمەنی شەش ساڵی بە تەواوەتی دەتوانێت لە ڕێی وێنەوە هەستەکانی دەرببڕێت چونکە چیتر بە زارەکی نایڵێت و کپ دەبێت.

 

ڕوونیکردەوە ناتوانرێت تەنها بە یەک وێنە درک بە ناخی منداڵەکە بکرێت و دیاری بکرێت کە لە چ دۆخێکی ژیاندایە چونکە ئەم منداڵە چەندین وێنە دەکێشێت، جگە لەوە دەبێت ورد ببیتەوە لە چیرۆکی خێزانەکەی بزانیت لە چ خێزانێکدا دەژی، بە بەستنەوەی هەردووکی بڕیار بدەی ئایا منداڵەکە خەمۆکی هەیە یاخود دڵخۆشە یان هەر هەستێکی دیکە کە تیایدا دەژی.

 

"کێشانی وێنە یەکێکە لەو چارەسەریانەی پسپۆڕانی دەروونی بەکاریدەهێنن"

وێنەکردن و چارەسەری هونەری یەکێکە لەو چارەسەریانەی دەرووناسان پشتی پێدەبەستن و زانستێکی تایبەت بە خۆی هەیە کە پێی دەوترێت "ئارتی سێراپی"، شۆخان دەڵێت "منداڵ لە دوای دوو ساڵییەوە توانای قەڵەم گرتنی هەیە، لە دوای سێ ساڵییەوە چەند شتێکی ئاسان دەتوانێت بکێشێت بەڵام لە دوای شەش ساڵییەوە دەتوانێت مەبەستەکەی خۆی بگەیەنێت".

 

هەندێک لە وێنەکان ئاسایین کە دەکێشرێن لەلایەن منداڵەوە، بە پێچەوانەوە هەندێکی دیکەیان ئاسایی نین، وێنە ئاساییەکان بریتین لەو شتانەی ڕۆژانە منداڵەکە بە چاو دەیبینێت وەک کێشانی دایک و باوکی لە ئاستی یەکدا، درەختێک کە سێوێکی پێوەیە، بەڵام ئەگەر لە پەڕەیەکی گەورەدا منداڵەکە تەنها لە سوچێکیدا وێنەکەی کێشاو دووبارەی کردەوە دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت و ئاسایی نییە یاخود ئەگەر باوکەکە بچکۆلەتر بێت لە دایکەکە واتە ڕۆڵی باوکایەتی لاوازە.

 

"نابێت خێزانەکان بە بێ بەها تەماشای وێنەی منداڵەکانیان بکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، مەرج نییە هەموو ئەو وێنانەی منداڵ دەیکێشێت لە ژیانی ڕاستیدا بوونیان هەبێت چونکە هەندێک کات لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و ئەو فلیم کارتۆنانەوە وەردەگرێت کە تەماشایان دەکات، یاخود ئەو چیرۆکانەی بەر گوێیان دەکەوێت، کەواتە تەنها وێنەکردنەکە گرنگ نییە بەڵکو چیرۆکی پشتەوەی گرنگە.

 

بۆیە گرنگە کاتێک منداڵێک وێنەیەک دەکێشێت پرسیاری لێبکرێت کە وێنەکە ڕوونبکاتەوە و باسی هۆکاری کێشانەکەی بکات، نابێت خێزانەکان بەردەوام بڵێن جوانە بەڵکو دەبێت بڵێن شتێکی باشت کێشاوە بەڵام ڕوونی بکەرەوە ئەمەت بۆ کێشاوە، چونکە هەندێک کات منداڵەکە شتێکی خراپی کێشابێت و توندوتیژییەکی بەرامبەر کرابێت ناکرێت بڵێی جوانە دواتر لەسەری ڕادێت.

 

"منداڵان لە ڕێی کێشانی وێنەکانیانەوە دەیانەوێت هەستی خۆیان دەرببڕن"

یەکەم قوتابخانەی منداڵ خێزانەکەیەتی دواتر خوێندنگەکەی، ئەگەر سەرنج بدرێت تەنها لە خێزانەکانیشدا نا بەڵکو لە خوێندنگەکانیشدا منداڵ لە هەموو وانەکان زیاتر حەز بە هونەر دەکات چونکە دەتوانێت هەستی خۆی تیادا دەرببڕێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان ئازاد ناکەن لە دەربڕینی هەستەکانیان بەڵکو وەک سزایەک پەڕە و قەڵەمەکانیان لێدەسەنن.

 

وتی "ئەو منداڵانەی وێنە زۆر دەکێشن لە تەمەڵی خۆیاندا نییە بەڵکو خێزانەکانیان گوێیان بۆ ناگرن، بەڵام ئێمە وەک چارەسەرکاری دەروونی گرنگی تەواوی پێدەدەین چونکە دەزانین چەندین چیرۆکی لە پشتەوەیە، بەلام مەرجیش نییە لە هەموو منداڵێکدا بەو شێوەیە بێت بەس بۆ دڵنیایی دەبێت نیشانی پسپۆڕی بدات"، ڕوونیشیکردەوە ئەو خێزانانەی گوێ لە منداڵەکانیان دەگرن و هەستەکانیان بۆ گرنگە ئەو منداڵانە زیرەکترن، چونکە بەشێک لە وێنەکان نەبوونی پێداویستییەکانن کاتێک خێزان پڕی بکاتەوە ئەم منداڵە کێشەی نەبوونی هەست و سۆز و پێداویستییەکانی نابێت و بیر لەوە دەکاتەوە داهێنان بکات.

 

"تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ژەهر بۆ منداڵان، توانای دەربڕینیان کەمتر بووەتەوە"

شۆخان عەبدولخالق، باسی لەوەکرد تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان چەکێکی بێ دەنگن بێ ئەوەی هەستی پێبکرێت منداڵ لەناو دەبات، بووەتە کێشەیەکی سەرەکی لە جیهاندا کە منداڵان بە هۆیەوە ڕووبەڕووی سستی ماسولکە بوونەتەوە، ناتوانن تەنها قەڵەمێکیش بگرن بە دەستیانەوە، واتە ناتوانن نە بە زارەکی نە بە وێنە هەستەکانیان دەرببڕن.

 

پسپۆڕان خۆیان وەک چارەسەرێک وێنەکێشنای منداڵ بەکاردەهێنن، ئەرکی خێزانەکانیشە گرنگی بە وێنەکێشانی منداڵەکانیان بدەن، بەتایبەت ئەو منداڵانەی گۆشەگیرن، گلەی دەکەن و جوڵەی بەردەوامیان هەیە، یاخود لە خێزانێکدان هەمیشە کۆمەڵێک شتیان پێ عەیبە و ڕێگریان لێدەکرێت، چونکە بەشی زۆری ئەو منداڵانەی ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە یاخود خەمۆکن لە ڕێی وێنەوە دەتوانن تەواوی هەستی خۆیان دەرببڕن.