دووبارەبوونەوەی ئازار لە شەڕدا؛ برینی غەززە ساڕێژ نابێت

ئازارەکانی ژنان لە غەززە نوێنەرایەتی چیرۆکێکی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە دەکەن لە بەرامبەر شەڕ و ئاوارەبووندا، چیرۆکەکانیان پڕە لە خۆڕاگری و ئیرادەی ڕەها بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان، سەرەڕای ئەو برینانەی کە ساڕێژ نابن.

نەغەم کەراجە

 

غەززە- چیرۆکی بەسمە شەقوڕە ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی تەواوی گەلێکە، گەلێک کە بەرەنگاری شەڕ و کاولکاری دەبێتەوە و خەبات دەکات بۆ مانەوە و هەڵگری هیوایەکی شاراوەیە بۆ سبەینێیەکی باشتر.

 

گەشتی ئاوارەبوون لە نێوان تیرۆر و خۆڕاگری

بەسمە شەقورە چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە سنووری کارەساتی کەسی تێدەپەڕێنێت و ئازاری تەواوی گەلێک لە ژێر قورسایی شەڕی دووبارە و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ئاڵنگاری بێکۆتاییدا بەرجەستە دەکات، لەگەڵ دەنگی زەنگەان کە ئاماژەن بۆ بۆردوومانی بێ جیاوازی ئەو و خێزانەکەی، وەک هاوڵاتیانی مەدەنی بێ بەرگریی دیکە، ناچار دەبن لە ژێر لافاوی موشەک و تۆپ و فیشەکدا ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

بەسمە باسی دیمەنی ئاوارەبوون دەکات و دەڵێت: ساتەکانی سەخت بوو، دڵیان لەیەک دادەبڕاند، ناچار بووین لە ماڵەکانمان هەڵبێین، بەدوای پەناگەیەکی سەلامەتدا دەگەڕاین، هەموو ئەو شتانەی کە خاوەنی بووین لە ژێر ڕەحمەتی بۆردوومانی بێ جیاوازیدا بەجێمانهێشت، سەبارەت بە پیاوەکانمان، ئەوان لەبەردەم چاوماندا دەستگیرکران لە دیمەنێکی زەلیلکەردا کە بەرجەستەی نەبوونی کەمترین ئاستی مرۆڤایەتی بوو، زۆر جار و هەر جارەش، زنجیرە سوکایەتییەکان نوێ دەبوونەوە، فشارە دەروونییەکان زیاتر بوون.

 

بەسمە تاکە ترسی مردن نەبوو، بەڵکو ترسناکییەکی دیکە هەبوو کە هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجامیان دەدا، ئەوان لە دەوری خۆیان دەسوڕانەوە و چەکی قورسیان بەکاردەهێنا، کە ئەگەری هەبوو لە هەر ساتێکدا تەقە بکات، "یەکێک لە خزمەکانم فیشەکێک لێیدا، نەمانتوانی فریاگوزاری سەرەتایی بۆ دابین بکەین، لەترسی ئەوەی ئێمەش دەکوژرێین، ترس کۆنترۆڵی کردین و هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو جگە لە هەڵاتن".

 

ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ئازار تێدەپەڕن

ژنان لە کۆمەڵگەدا بەدەست قورسایی شەڕەوە دەناڵێنن، ئاوارەبوون دوو بەرپرسیارێتی دیکەی دەخستە سەرشانی ژنان، ئەویش چاودێریکردنی منداڵان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بوو، ئەزموونە تاڵەکەی بەسمە تیشک دەخاتە سەر پێشێلکارییە ئاشکراکانی مافە نێودەوڵەتی و مرۆییەکانی ژنان لە شەڕدا، مافەکانی ژیان، ئاسایش، نیشتەجێبوون، تەندروستی و پەروەردە هەموویان بە شێوەیەکی سیستماتیکی پێشێل دەکرێن لە غەززە، بە تایبەت بۆ ژنان، کە بەرکەوتەی سەرەکی شەڕن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە کاتێکدا هەوڵمدا خۆراکی ڕۆژانە بۆ خێزانەکەم دەستەبەر بکەم، ڕووبەڕووی سەختی و بارودۆخی شەرمەزارکەر بوومەوە، هەروەها ئازارەکانم بەهۆی سیاسەتی جیاکاری و پەسەندکردن لە دابەشکردنی هاوکارییەکان زیاتر بوو، بەو پێیەی خۆم لە کێبڕکێیەکی چڕدا بینیەوە لەگەڵ کەسوکار و ناسیاوەکان کە هەمیشە خۆیان لە پێشتر دادەنا، هەر جارێک کە بەر ئەم دۆخە دەکەوتم، تووشی گریانێکی توند دەبووم، باوەڕم نەدەکرد کەسێک لە کاتی ژەمێکدا سووکایەتیم پێ بکات.

 

"قەڵەم و کاغەز"...دەستپێشخەرییەکی پەروەردەیی لەژێر بۆردووماندا

دوای ئەوەی بەسمە شەقورە ماڵەکەی لەدەستدا و خۆی لە کامپێکی پەنابەران بینیەوە کە سەرەتاییترین پێداویستی تیادا نەبوو، بڕیاریدا سوود لەم بارودۆخە سەختانە وەربگرێت بۆ ئەوەی بەشداری بکات لە گۆڕینی ژیانی کەسانی دیکەدا، دەستپێشخەرییەکی مرۆیی بە ناوی "قەڵەم و کاغەز" دەستپێکرد، بە ئامانجی پەروەردەکردنی منداڵانی ئاوارە، کە بەهۆی نەبوونی قوتابخانە و دەرفەتی خوێندنەوە کاریگەرییان لەسەر بووە.

 

لە ڕێگەی هەوڵە بەردەوامەکانی و ئیرادەی بەهێزەوە، سەرکەوتوو بوو لە دەستەبەرکردنی ژینگەی پەروەردەیی کاتی لە یەکێک لە چادرەکاندا، وتیشی: دەستم کرد بە فێرکردنی خوێندنەوە، نووسین و بیرکاری بۆ منداڵان، جگە لە پێشکەشکردنی وانەی پەروەردەیی لەسەر بابەتگەلێکی جۆراوجۆر کە پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەیانەوە هەیە، ئەمەش هەوڵێك بوو بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارودۆخە دڵتەزێنەی کە تیایدا دەژیاین.

 

لە کۆتاییدا بەسمە شەقورە وتی: ئێمە گەلێکین کە ڕاهاتووین لەژێر قورسایی شەڕە دووبارەبووەکان و تاڵیی ئاوارەبووندا بژین، بەڵام برینەکانمان ساڕێژ نابن، هەموو ئەزموونێکی ئاوارەبوون پەڵەی قووڵی دەروونی بەجێدەهێڵێت، گەورەیی ئەو شتانەمان بیردەخاتەوە کە لەدەستمانداوە، هەستی نادادپەروەری و ستەمکردنمان قووڵتر دەکاتەوە.