ئەو ژنانەی گەڕاونەتەوە شەنگال: پێکەوە ژیان بنیاد دەنێین

ئەو خێزانانەی خەڵکی گوندی سیبا لە شەنگال کە گەڕاونەتەوە سەر خاکی خۆیان، خۆشحاڵی خۆیان بە گەڕانەوەیان دەربڕی و بە گوتەی "بەیەکەوە ژیان بنیاد دەنێین"، بانگەوازی بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی دانیشتووی ناو کەمپەکان بەرەو شەنگال دەکەن.

هێڤی ئێزدا

 

شەنگال- ٩ ساڵ بەسەر فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ تێپەڕی. لە ئەنجامی ئەم فەرمانە هاوکات لەگەڵ ڕفاندن و کوشتن و فرۆشتن و بێسەروشوێنکردنی ژنانی ئێزدی، هەزاران کەس لە شوێنەکانیان ئاوارە بوون و لە کامپەکان نیشتەجێ بوون، یەکێک لەو شوێنانە کەمپی شارییە لە شاری دھۆک لە باشووری کوردستان. دوای هەوڵێکی زۆری ئێزدییەکان لە کەمپەکاندا، لە چوارچێوەی گەڕانەوەی کۆچبەران لە کەمپەکانی باشووری کوردستان بۆ شەنگال، دەیان خێزانی خەڵکی گوندی سیبا شێخ خدر کە سەر بە شەنگال، گەڕانەوە سەر خاکی خۆیان.

 

"ژیان لە کەمپەکاندا زۆر سەخت بوو"

خالیدە سیبا باسی ساڵانی ئاوارەبوونی خۆیانی کرد و وتی: ئاوارەبوونمان کەمێک سەخت بوو، بەڵام هێشتا بە باشی بەڕێوەچوو، دەڵێن دەیان خێزان گەڕاونەتەوە، ئێمە خۆمان شەش خێزانین گەڕاوینەتەوە، ماڵەکەمان ٥ ساڵ لە کەمپی باجیدە بوو، ٣ ساڵیش لە شاریا بووین، ژیان بۆ ئێمە زۆر سەخت بوو، چونکە هەمیشە چادرەکانمان دەسووتێن، گەرما و سەرما کاریگەری لەسەر ئێمە هەبوو، کاریگەری لەسەر تەندروستی منداڵەکانمان هەبوو، نەماندەتوانی بە ئاسوودەیی و بێ ترس بخەوین، هەر بۆیە زۆر دڵخۆشین بە گەڕانەوەمان بۆ خاکەکەمان.

 

"سێ منداڵم یەکەمجارە خاکی خۆیان دەبینن"

خالیدە سیبا کە سێ منداڵەکەی لە ئاوارەیدا لەدایک بووە، باس لە هەوڵەکانی خۆی دەکات بۆ منداڵەکانی و دەڵێت: لە ئاوارەییدا سێ منداڵم لەدایکبوو، زۆر قورس بوو بۆ من، چونکە دەمزانی ئەمە کاریگەری لەسەر دەروونی منداڵەکانم دەبێت، بۆ ئەوەی کولتووری خۆیان بزانن، هەمیشە باسی شەنگال و سیبام بۆ دەکردن، پێم وتن شەنگال جاران چەندە جوان بوو، زەوی و ئاوەکەمان چەند بەنرخە، سوپاس بۆ خوا ئەمڕۆ بە چاوی خۆیان دەیبینن، بەمەش ئێمە زۆر دڵخۆشین.

 

"ئەو ڕۆژەی خاکەکەمان بەجێهێشت زۆر قورس بوو"

شەمێ شەنگالی لە کامپی شاریاوە گەڕاوەتەوە سەر خاکەکەی و وتی: من خەڵکی سیبایم، سەر بە هۆزی مەحمەدیانم، ماندوو نین و زۆر دڵخۆشین، هەندێک لە خێزانەکەمان هاتنەوە، هەندێکیان ماونەتەوە، لەو ڕۆژەوەی کە ڕۆیشتم، ویستم ڕۆژێک هەر بگەڕێمەوە، ئەگەر ماڵیشمان نەبێت دڵخۆشین کە گەڕاینەوە سەر خاکەکەمان، ئێمە ژیانمان ئاوەدان دەکەینەوە.

 

"ئێمە پێکەوە بنیاد دەنێینەوە"

لەیال شەنگالی، کە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی شەنگال چووەتە سیبا، دڵخۆشی خۆی دەربڕی و وتی: زۆر دڵخۆشین کە گەلەکەمان و خزمەکانمان گەڕاونەتەوە سەر خاکەکەیان، لە دوێنێوە ئامادەکارییان بۆ دەکەین، هەروەها خواردنەکانیان ئامادە کراوە و بارەکانیان لەگەڵ دادەگرین، ئێمە دەمانەوێت هەموو خەڵک بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان، وەک پێشوو ژیانمان بنیاد بنێینەوە و پێکەوە بژین.

 

"هەرچییەک بکەوێتە سەر شانمان دەیکەین"

ئەڵماس نایف، هاوسەرۆکی شارەوانی گوندی سیبا شێخ خدر باسی لە ئامادەکارییەکان بۆ خەڵکی گەڕاوە کرد و وتی: ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین کە دەیان خێزان گەڕاونەتەوە بۆ سیبا، وەک شارەوانی گوندەکە، پێش ئەوەی خەڵکەکە بگەڕێتەوە، ماڵەکانیان پاک کراوەتەوە و ئاویان بۆ ڕاکێشاون، ئەمڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانمان ئامادەکاریمان کرد بۆ پێشوازیکردنیان و پێکەوە کەلوپەلەکانیان لە ماڵەکاندا دانا، وەک شارەوانی هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین، پێویستە بوترێت تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچی نەکردووە و پێویستە ئەرکی خۆیشی پێکبێنێت.