بۆچی لە میسر ڕێژەی خۆکوشتن لەناو ژناندا زیاد دەکات؟

ژنان لە میسر بەهۆی قەیرانی ئابووری ڕووبەڕووی بارگرانی دەبنەوە، فشارە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لەگەڵ کەموکوڕییە یاساییەکان و پشتیوانی لاوازدا یەکدەگرنەوە و ئازارەکانیان قووڵتر دەکەنەوە.

ئەسما فەتحی

 

میسر-لەم دواییانەدا، میسر شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی گیانلەدەستانی گوماناوی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەتی لەنێو ژنان، لەنێو بارودۆخی ئاڵۆزی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا کە فشارەکانی ڕۆژانە گەورەتر دەکەن، ئەم دیاردەیە چیتر ڕووداوی گۆشەگیر نییە بەڵکو ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی قووڵترە کە لەگەڵ هۆکارەکانی وەک هەژاری و چەواشەکاری کۆمەڵایەتی و لاوازی پاراستنی یاساییدا تێکەڵاو بووە.

 

جێگای سەرنجە کە ژمارەیەک لەو دۆسیانە پەیوەندییان بەو ژنانەوە هەیە کە دۆسیەی هەڵپەسێردراویان هەیە لە دادگاکانی خێزان، ئەمەش پرسیار لەسەر سروشتی ئەو پشتگیرییە کە لەبەردەستیاندایە، چ یاسایی بێت یان کۆمەڵایەتی دروست دەکات. زۆرجار پرۆسەی دادگاییکردن دەبێتە بارگرانییەکی زیادە لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری.

 

بە پێچەوانەوە ئەم ئاڵەنگاریانە لەگەڵ ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییانەی کە بەسەر ژناندا سەپێنراون، بەتایبەتی ژنانی دابینکەری بژێوی ژیان، کە خۆیان بە تەواوی بەرپرسیار دەبیننەوە لە پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان بەبێ سەرچاوەی پێویست یان پشتیوانی دامەزراوەیی کاریگەر. لەم چوارچێوەیەدا، پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە: ئایا ئەم بارودۆخانە ڕەنگدانەوەی شکستێکە لە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی و یاساییدا، دەرئەنجامی سروشتی فشارە کۆبووەکانە بەبێ ڕێڕەوی پشتیوانی ڕاستەقینە؟

 

ژنانی دابینکەر... کاتێک بارگرانی دەبێتە قەیرانی بوون

ژنانی دابینکەر لە پێشەنگی قەیرانەکەدان، چەندین بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن بە سەرچاوەی سنووردار و فشارە زیادبووەکانەوە. ئەم ڕاستیە تەنها لە لایەنی داراییدا سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ بارگرانییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان کە هەستی گۆشەگیری و بێهیوایان گەورەتر دەکەن.

 

هەروەها هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵیان هەیە لە قووڵکردنەوەی قەیرانەکەدا، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامبوونی چەواشەکارییەکانی هەندێک لە ژنان، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە جیابوونەوە، بەرپرسیارێتیکردنی ژنان لە پەیوەندییە شکستخواردووەکاندا، کە ئەمەش بارگرانییەکی ڕەوشتی نوێ زیاد دەکات.

 

شەیما حەسەن، پارێزەر ڕوونی دەکاتەوە، کە ئەو ژنانەی تاکە دابینکەری خێزانەکانیانن، ڕووبەڕووی فشاری ئاڵۆز دەبنەوە، کە لە بارگرانی داراییەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ ئەو چەواشەکارییە کۆمەڵایەتییەی کە هەندێکیان تووشی بووە، ئەم فشارانە لەگەڵ نەبوونی ئاسایشی ئابووری، هەندێک لە ژنان بەرەو بێهیوای دەبات، بەتایبەتی کاتێک خۆیان دەبیننەوە کە تەنها بەرپرسیارن لە پشتگیریکردنی منداڵەکانیان بەبێ پشتیوانییەکی پێویست.

 

یاسای نادادپەروەرانە... بارگرانی دارایی بەس نییە بۆ مانەوە

لایەنی یاسایی نوێنەرایەتی یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگاریەکانی دەکات کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە دوای جیابوونەوە، چونکە زۆرجار بڕیارەکانی دادگا شکست دەهێنن لە مسۆگورکردنی کەمترین ئاستی ژیان. ئەم کەموکوڕییە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای ژنان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە.

 

هەروەها ئەم پرسە بۆشایی نێوان دەقە یاساییەکان و جێبەجێکردنیان ئاشکرا دەکات و زۆرێک لە بڕیارەکان بێکاریگەر دەکات.

شەیما حەسەن ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو نەفەقەی کە هەندێک لە ژنان وەریدەگرن بەس نییە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی ژیانیان، هەندێکجار تەنها چەند هەزار لیرەیەکە، بڕە پارەیەک کە ناتەواوە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک خۆراک، خانووبەرە، خوێندن و چاودێری پزیشکی.

 

ئەم ڕاستیە ژنان دەخاتە ژێر فشارێکی بەردەوامەوە، پاڵ بە هەندێکەوە دەنێت کە بیر لە کشانەوە لە ژیان بکەنەوە بە تەواوی، ئەم دۆخە پێویستی بە دەستێوەردانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتر.

 

قەیرانی جێبەجێکردن: کاتێک بڕیارەکان بێ سود دەبن

قەیرانەکە لە دەرکردنی بڕیارەکان زیاترە بۆ میکانیزمەکانی جێبەجێکردنیان کە بەدەست ئاڵۆزی بەرچاوەوە دەناڵێنن، ئەم کەموکوڕییە دەستڕاگەیشتن بە مافەکان دەکاتە پرۆسەیەکی سەخت و نادیار.

 

جگە لەوەش، نایەکسانی لە جێبەجێکردندا لە نێوان کەیسەکاندا، بە تایبەتی لە نێوان ئەوانەی لە پۆستە حکومییەکان دامەزراون و خۆبەخشەکان، بۆشایی زیاتر لە بەدەستهێنانی دادپەروەریدا دروست دەکات.

 

شەیما حەسەن ڕوونی دەکاتەوە، کە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا وەک ئاڵەنگاریەکی ڕاستەقینە دەمێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر هاوژینەکە لەلایەن حکومەتەوە دامەزرابێت. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، ڕەنگە ژنکو ناچار بکرێت بە بڕە پارەیەکی سنووردار یەکلایی بکاتەوە، تەنانەت ئەگەر چەندین فەرمانی دادگای لە بەرژەوەندییدا هەبێت. ئەم بڕە بەس نییە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵان، ئەمەش ئازارەکانی ژنان و هەستی بێدەسەڵاتییان زیاتر دەکات.

 

دەستپێشخەری سنووردار... پشتگیرییەک کە ناگاتە ئەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی

لە کاتێکدا، هەندێک دەستپێشخەری کۆمەڵگەی مەدەنی هەن، بەڵام کاریگەرییەکانیان سنووردارە، بەتایبەتی لە گەیشتن بە ژنان، ئەوانەی تووشی بێهیواههەکی توند دەبن زۆرجار خۆیان لە کۆمەڵگە دادەبڕن، ئەمەش وادەکات گەیشتن بەو دەستپێشخەرییانە سەخت بێت.

 

هەروەها ئەم ڕاستیە پرسیار لەبارەی سروشتی ئەو پشتیوانییەی پێشکەش دەکات و گونجاوییەکەی بە لەبەرچاوگرتنی قەبارە و ئاڵۆزی قەیرانەکە دەوروژێنێت، بژاردەی کۆتاییهێنان بە ژیانی خود لەم دواییانەدا بووەتە ئەگەری زۆرترین هەڵبژاردن بۆ زۆر کەس، ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەیرانێکی ڕاستەقینەیە لە دۆزینەوەی چارەسەر یان مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە، جا پەیوەندی بە خێزانەوە هەبێت یان شوێنی کار.

 

شەیما حەسەن پێی وایە سیمینارەکانی هۆشیاری و دانیشتنی پاڵپشتی دەروونی، هەرچەندە گرنگن، بەڵام لەسەر خۆیان بەس نین. ئەو ژنانەی بەدەست بێهیوای ڕاستەقینەوە دەناڵێنن زۆرجار خۆیان دەکشێنەوە و بەشداری ئەو چالاکییانە ناکەن. قەیرانەکە پێویستی بە دەستێوەردانی قووڵتر و دەستڕاگەیشتنێکی ڕاستەوخۆیە بەو کەسانەی کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.

 

چاکسازی پێویستە... لە خێراکردنی دادگاییکردنەوە بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە

لە بەرامبەر ئەم قەیرانەدا، پێویستی چاکسازی هەمەلایەنە لە پێش هەموو شتێکەوەیە، کە بە پێداچوونەوە بە ڕێکارە یاساییەکان دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری کۆمەڵگە، ئەم چارەسەرانە پێویستیان بە دەستێوەردانێکی یەکگرتوو هەیە کە ڕەهەندە جیاوازەکانی کێشەکە لەبەرچاو بگرێت.

 

هەروەها گرنگی کەمکردنەوەی کات و بارگرانییە ڕێکارەکان لەسەر ژنان ئاماژەی پێدەکرێت، بەتایبەتی لە کاتی پرۆسەی دادگاییکردندا، کە دەتوانێت زۆر درێژخایەن بێت، ئەمەش زیاتر شتەکان بۆ ژنان ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی کە تاکە دابینکەری خێزانەکانیانن یان سەرچاوەی داهاتیان نییە بۆ بەردەوامبوونی ئەو ماوەیە درێژخایەنە.

 

شەیما حەسەن پێشنیاری پێویستی کەمکردنەوەی ڕێکارە ناپێویستەکان دەکات، وەک کاتی چاوەڕوانی لە فەرمانگەکانی یەکلاکردنەوە و خێراکردنی پرۆسەی دادگاییکردن و تانەدان، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی دەستپێکردنی هەڵمەتی هۆشیاری ڕاستەقینە دەکاتەوە کە لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆرەوە دەگاتە دەستی ژنان لە ماڵەکانیاندا، هەروەها پێشکەشکردنی پاڵپشتی ڕاستەوخۆی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەتایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە دابینکەری سەرەکین، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێش ئەوەی پەرەبسەنن.

 

چیرۆکەکان لە ڕاستیەوە... کاتێک ئازار دەبێتە مەترسییەکی ڕاستەقینە

لە دەرەوەی ئامار و شیکارییەکان، چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ژیانی قووڵایی و توندی قەیرانەکە ئاشکرا دەکەن. ئەم گێڕانەوەیانە ڕەنگدانەوەی ڕادەی ئەو ئازارانەیە کە هەندێک لە ژنان بەرگەییان گرتووە و ئەوە دەردەخەن کە چۆن فشارەکان دەتوانن بگەنە خاڵە گرینگەکان، هەروەها ئەم حاڵەتانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلەی دەستێوەردان بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی قەیرانەکان بۆ دەرئەنجامە دڵتەزێنەکان.

 

شەیما حەسەن وتی: لە کارەکانیدا، لە دادگاکانی خێزاندا ڕووبەڕووی نموونەی شۆککەر بووەتەوە، لەنێویاندا دۆسیەی ژنێک کە دوای جیابوونەوە لەگەڵ منداڵەکانی خۆی بێ ماڵ و حاڵ بینیوە، ناچاربووە بە خەوتن لە دەروازەکانی بینا و کارکردن لە پاککردنەوەی پلیکانەکان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان، ئەم جۆرە حاڵەتانە دەتوانن ببنە هۆی بیرکردنەوەی خۆکوژی، مەرج نییە لەبەر ئارەزووی مردن، بەڵکو وەک هەڵهاتنێک لە ڕاستیەکی سەخت کە هیچ چارەسەرێکی نییە.

 

شایانی باسە کە زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی گوماناوی ژنان قەیرانێکی ئاڵۆز ئاشکرا دەکات کە لە حاڵەتە تاکەکەسییەکان تێدەپەڕێنێت، ئاماژەیە بۆ کەموکوڕییەک لە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی و یاساییدا، لە نێوان فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە و ئاڵۆزییەکانی دادگاییکردن و سستی پشتیوانی دامەزراوەیی، زۆرێک لە ژنان خۆیان دەبیننەوە کە ڕووبەڕووی بارگرانییەک دەبنەوە کە لە توانای هەڵگرتنیان زیاترە.

 

ئەم قەیرانە جەخت لەوە دەکاتەوە، کە چارەسەر لە دەستێوەردانی بەشەکی یان کاتیدا نییە، بەڵکو لە بونیادنانەوەی سیستەمێکی گشتگیردایە کە مسۆگەری دادپەروەری ئابووری و ڕێوشوێنی یاسایی خێرا و پشتیوانی دەروونی و کۆمەڵایەتی کاریگەر بکات، تەنها ئەم ڕێگایە دەتوانێت دەرگا بەڕووی ژیانێکی باشتردا بۆ ژنان بکاتەوە، لەبری ئەوەی پاڵیان پێوە بنێت بۆ لێواری بێهیوای.