ساڵانێک لە چاوەڕوانی... ئازارەکانی دەرچووانی ژنان تونس بەرەو کوێ دەڕوات؟
بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆی ژنان لە تونس خراپتر بووە و گەیشتووەتە ٣١.٦٪ و دوای تەواوکردنی خوێندن بەردەوام بووە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کارە ناجێگیرەکان وەربگرن و کرێی کەم وەربگرن.
نەزیهە بوسەعیدی
تونس- بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و نەتوانینی بەردەوامبوونیان لەگەڵ هەڵاوسان، ئازارەکانی دەرچووانی ژنان بێکارەکان توندتر بووە. زۆرێکیان ساڵانێکە پشتیان بە پشتیووانی خێزان بەستووە، بەبێ ئەوەی توانای ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان.
ئەم دۆخە ناجێگیرە وایکردووە زۆرێک لە ژنان کارێکی ناجێگیر قبوڵ بکەن تەنها بۆ ئەوەی لەگەڵ بارگرانییەکانی ژیاندا ڕووبەڕووی ببنەوە و کەرامەتی خۆیان بپارێزن. بەڵام ئەو پرسیارەی زۆرێکیان دەیکەن هەر دەمێنێتەوە: تا کەی بەم شێوەیە بەردەوام دەبین؟
نور هودا غرسلاوی، مامۆستای زمانی چینی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە ەتی: من ٢٣ ساڵە بێکارم، وەک هەزاران دەرچووی ژنی دیکە لە سەرانسەری تونس کە ڕووبەڕووی بێکاری دەبنەوە و بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بۆ ژیانێکی شایستە دەناڵێنن.
وتیشی: ئێمە لە کاتی خوێندندا شەوانی بێخەومان بەسەر برد، بەو هیوایەی دوای تەواوکردنی خوێندن بەرهەمی کارەکانمان ببینین، بەڵام خۆمان بینیەوە کە ڕووبەڕووی ڕاستی بێکاری بووینەوە، لە ژێر قورسایی نیگای بەزەییداردا دەژین و بە زۆر وابەستەیی بە کەسانی دیکە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانمان، تەنانەت منداڵەکانمان بە بێتاوانییەکی ئازاربەخشەوە لێمان دەپرسن: بۆچی بخوێننین ئەگەر نەتوانین بە بڕوانامەکانمان کاربکەین؟ چۆن دەتوانین باوەریان پێبهێنین لە بەهای پەروەردە لە کاتێکدا تەنانەت ناتوانین بڕوانامەکانمان بەکاربهێنین؟
نور هودا غرسلاوی ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم هەستە توندانە بۆ ئەو تایبەت نین، ئەمڕۆ لەلایەن هەموو دەرچووانیی زانکۆی بێکارەوە ئەزموون دەکرێن، لە بنزەرت لە باکوورەوە تا بن قردان لە باشوور.
هەلی کارە ناجێگیرەکان
ویداد هەمامی، دەرچووی شیکاری پڕۆژە و ڕاوێژکاری ئابووری، هەروەها خوێندنی دیزاینی جلوبەرگ وتی: سەرەڕای بڕوانامە و لێهاتووییە هەمەچەشنەکانم، ١٦ساڵە بێکارم.
ڕوونی دەکاتەوە، کە بەبێ ئاگاداری خێزانەکەی ناچار بووە لە کارە ناجێگیرەکاندا کار بکات، چونکە دایکی منداڵێکە کە تەنگەنەفەسی توندی هەیە و پێویستی بە دەرمان هەیە، زۆرجار پێویستە لە نەخۆشخانە بمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە بە هەر شێوەیەک بێت تێچووی چارەسەرکردنەکە دابین بکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرێک لە دەرچووانی زانکۆی ژن، دوای چەندین ساڵ لە خوێندن و ماندووبوون و هیوای داهاتوویەکی باشتر، تەنها یەک بژاردەیان لەبەردەمدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بێکاری، ئەویش قبوڵکردنی کارە ناجێگیرەکانی وەک کاری ناوماڵ، پاککردنەوە یان پیشەی هاوشێوەی دیکە.
دووپاتیکردەوە، من ئەم کارانە بچووک ناکەمەوە، بەڵام بۆ کەسێک گونجاو نین کە ساڵانێک لە قوتابخانەدا بەسەری بردبێت، لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ، بەهۆی بێکارییەوە تووشی فشاری دەروونی بەرچاو دەبێت و داوای چالاککردنی ئەو یاسایانە دەکات کە مافی کارکردن و کەرامەت بۆ دەرچووانی ژنان مسۆگەر دەکات.
ڕاپۆرتی دامەزراندن: لە نێوان بەڵێن و دەستکاریکردن
سارا ترابێلسی وتی: لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە بێکارم سەرەڕای ئەوەی بڕوانامەم لە بەڕێوەبردنی کارپێکراو و کارگێڕی بازرگانیدا هەیە، شۆڕش دروشمی "کار، ئازادی، کەرامەتی نیشتمانی" بەرزکردەوە، بەڵام دەرچووان ساڵانێکە بەدەست پەراوێزخستن و بەرزی ڕێژەی بێکارییەوە دەناڵێنن، بەبێ ئەوەی هیچ چارەسەرێکی ڕاستەقینەی هەبێت، هەروەها حکومەت و سەرۆک و حزبەکان هاتوون و ڕۆیشتوون، بەڵام پرسی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانکۆ وەک مەیدانی دەستکاریکردن و دواخستن ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەکرد کە دۆخی ئابووری "خنکێنەر"ی ئەمڕۆ وایکردووە تەنانەت ئەوانەی موچەیان هەیە بە کەرامەتەوە بژین بەهۆی زۆری نرخەکانەوە، پرسیاری ئەوە دەکات ئەگەر کەسێک بە موچە نەتوانێت خەرجییەکانی دابین بکات، چۆن کەسێک کە هیچ داهاتێکی نییە بژی؟ داوای کاراکردنی یاسای ژمارە ١٨ دەکات بۆ مسۆگەریکردنی کەرامەتی ئەو دەرچووانەی کە بێکارییان درێژخایەن بووە.
سەرەڕای چیرۆکە جیاوازەکان، بەشە هاوبەشەکەی نێوان هەزاران دەرچووی ژنانی بێکارەکان، گەڕانی بەردەوامە بۆ دەرفەتێک کە شایەنی ساڵانی خوێندن و ماندووبوونیان بێت. ئازارەکان چیتر تەنها ژمارەکان لە ڕاپۆرتە فەرمییەکاندا نین، بەڵکو ڕاستیەکی ڕۆژانەن کە بارگرانی لەسەر ژنان دروست دەکات و پاڵیان پێدەنێت بەرەو چارەسەری کاتی کە کەرامەتیان نەپارێزێت یان سوود لە تواناکانیان وەرنەگرێت.