زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و وەرزی بەهار، گەشتیارێکی زۆر بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕووی لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بە جۆرێک لە ١٥ی ئەم مانگەوە نزیکەی ١٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و هەبوونی سروشتە جوانەکەی هەرێمی کوردستان گەشتیاران ڕوویان کردووەتە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی گەشتکردن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش و یادکردنەوەی جەژنی نەورۆز.
وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رايگەیاندووە کە زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانى.
بە پێی ئەو ئامارانەی وەزارەتی گەشتوگوزار تۆماری کردووە، لە ماوەی دوومانگی ڕابردووی ئەمساڵ ٢٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان کردووە، بەجۆرێک نزیکەی ٢٠ هەزار گەشتیاریان لە ١٥ی ئادارەوە سەردانیان کردووەو تەنها ڕۆژی ١٨ی ئادار نزیکەی ٧ هەزار گەشتیار هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی.
بە پێی راگهيەندراوێكدا وەزارەتی شارەوانی و گهشتوگوزارى ههرێمى كوردستان کە دوێنێ ٢١ی ئادار بڵاویکردەوە ڕایگەیاند، بەپێی ئامارەكانی تا ئێستا تۆمار كراون، لەماوەی ١٥ی ئادار تا دوێنێ دووشەممە، زیاتر لە ١٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەولێر و سلێمانییان كردووە كە زۆربەیان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە کە ژمارەی گەشتیارانی شوێنە گشتییەکانی سلێمانی بریتی بوون لە ٥٠ هەزار گەشتیار هەروەها ژمارەی گەشتیارانی شوێنە گشتییەکانی هەولێر بریتی بوون لە ٥٢ هەزار گەشتیار.