عەفرین، گوندێکی ئێزدییەکان دەکرێتە کامپی گروپێکی چەکدار

لە عەفرین سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و دوورخستنەوەی کوردەکان و نیشتەجێکردنی خێزانی چەتە و گروپە چەکدارەکان بەردەوامە، هەوڵیش دەدرێت گوندێکی ئێزدییەکان بکرێتە کامپی گروپە چەکدارەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئێزدییەکان، عەلی عیسۆ لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەداوە کە گوندی شادێرێی ئێزدییەکان لە شارەدێی شێراوای سەر بە عەفرین قۆناغی دووەمی دروستکردنی کامپی بەسمە دەستیپێکردووەتەوە کە ساڵی پار قۆناغی یەکەمی کۆتایی هات، ""لەو کامپەدا سەدان خانوو هەن، خێزانەکانی گروپە توندڕەوەکان نیشتەجێ دەکرێنەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیادایە".

 

سەرچاوەیەکیش بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە کامپەکان لەسەر زەوی خێزانە کوردەکان دروستدەکرێن و لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، هەورەها بەپێی قسەی عەلی عیسۆ، قۆناغی سێیەمی دروستکردنی کامپەکان لە گوندی کانی دینکێ لە نزیک گوندی شادێرێ بەردەوامە کە گوندی کوردەکانە.

 

بەپێی زانیارییەکان ئەو کۆمپانیایەی کە کردنەوەی کامپەکانی لە ئەستۆ گرتووە ناوی "الابادی البیضاء"ی کوەیتییە کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا بەڕێوەدەبرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین دایە، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە ٣٠٠ هەزار عەفرینی ئاوارەبوون و ٤٠٠ هەزار عەرەب و تورکمان لە شوێنیان نێشتەجێ کراون.

 

ت.پ