گەزیزە عومەر: یادی شانۆ بە بێئومێدی و ئاوڕ نەدانەوە لە کلتور دەکەینەوە
ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیهانی شانۆیە، گەزیزە عومەری شانۆکار ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: "٨٠ساڵە بە ناوی ئەم ڕۆژەوە پیرۆزباییمان لێ دەکرێ، لە میژە نەریتی یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بۆتە یادێکی ساڵانە".
ناوەندی هەواڵ
گەزیزە عومەر هونەرمەندی شانۆکار لە نوسینێکیدا بە ناونیشانی "گوێچکەت بگرە هاورێی ڕاستەقینەم ؟؟" دەربارەی ڕۆژی جیهانی شانۆ کە ٢٧ی ئاداری بۆ دیاریکراوەو ساڵانە لەمڕۆژەدا یادی دەکرێتەوە، دەڵێت: "لە میژە نەریتی یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بۆتە یادێکی ساڵانەو بە خواستی خۆمان بێت یان نەبێت بە چاوی پر لە فرمێسک و قوڕگی پڕ گریان و دڵی شکاوەوە تەختەکانی شانۆ لە ژێر پێماند ا دەلەرزێ و هێشتا بە پێوە وەستاوین، داستانێک لە توڕەیی و بێئومێدی و ئاوڕ نەدانەوە لە کلتور و دڵێکی پڕ لە کینەوە پەردە دڕاوەکانی شانۆکەمان بە دەستە ماندوەکانمان دەکەینەوە".
لە نوسینەکەدا هاتووە "هاوڕێی شانۆکاری ڕاستەقینەم، وەرە با بە چرپە پێتبڵێم چونکە ئیدی نەگوێیەک هەیە بیبیستێ و نە هزرێک هەیە لێم تێبگا با بە چرپە پێتبڵێم ئێدی تەواو ٨٠ ساڵە بە ناوی ئەم ڕۆژەوە پیرۆزباییمان لێ دەکرێ هێندە پیرۆزباییمان کۆکردەوە چەندەهاو چەندەها تەلار و ئاپارتمانی گەورەی شانۆمان پێ دروست کرد تا هیچ ئێوارەیەک دەرگای شانۆکانمان دانەخرێت، ئەوەندە پیرۆزباییمان هەڵگرتەوە ژێرخانێکی تۆکمەو بە هێزی دنیای شانۆمان پێ داڕشت کە بتوانین بە ڕاستی بە سەریدا گوزەر بکەین بێ دوودڵی".
گەزیزە عومەر لە درێژەی ڕەخنەکەیدا دەلیت: "هاوڕێی ڕاستەقینەی شانۆکەم نزیک بەرەوە لێم و با پێت بڵێم بەو هەمو پیرۆزباییە سیستم و پلانێکی زانستی هونەریانەمان بۆ شانۆکەمان تۆمار کرد تا تەڕو وشک پێکەو نەسوتێن و نە شانۆکار بوێری نەبێ لاپەرەکانی میژوی شانۆ وهونەرمەندانی ماندو بێ ئەرزش و بە دەنگی بەرز بخوێنێتەوە، گوێم بۆ ڕادێرە هاوڕێی ڕستەقینەی شانۆکەم لە مێژە بەو فرە پیرۆزباییانە ئێمە شانۆیەکی نەتەوەییمان دامەزراندوە کە هەمو شانۆکارە ڕاستەقینە ماندووەکان خاوەنداری دەکەن و بە باڵای هونەرێکی گەورەی دەبڕن".
ئاماژەی بەوەکردوە کە جێگەیەک نەماوە تا شانۆکاران کۆبکاتەوەو لە کۆتایی نوسینەکەدا گەزیزە عومەر وتویەتی: "ئەم هەموپیرۆزباییە شانۆکەمی پڕ کردووە ئیدی جێگەیەک نەماوە لە سەر شانۆکەم تا کۆمانکاتەوە، لە حەسرەتی پیرۆزبایی زۆرو فرە ئاپارتمانی بەرزو گەورە بەنزینخانەو دەرمانخانەی شوشەدار کە جێگەیان بۆ نەماوەتەوە نە لە شەقامەکانی شارو نە لە کوچەو کۆڵانەکاندا هێندە پڕ بووە بە ناچاری دێنە ناو هۆلەکانی شانۆوە تا بتوانن شار رەنگین کەن، مەترسە هاوڕێی ڕاستەقینەی شانۆکەم مەترسە خەریکە شار دێتە ناو هۆڵەکانی شانۆوە، گوێچکەت بگرە هاوڕێ گیان ئەوە پارچەیەکە لە پەردە دڕاوەکانی شانۆکەم بیئاخنە گوێچکەتەوە نە با دەنگی شکاندنی دەرگاکانی شانۆکە م کەڕت کا".