ژنێک لە کاتی چوونی بۆ موچەکەی ئۆتۆمبێل لێیداو گیانی لەدەستدا

ژنێک لەکاتی چوونی بۆ وەرگرتنی موچەی خانەنشینی لە دەڤەری ڕاپەرین ئۆتۆمبێل لێیداو گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

لە هەرێمی کوردستان قەیرانی نەبونی موچە و دابەشنەکردنی لەکاتی خۆیدا بەردەوامی هەیە و خانەنشینان لە پێش جەژنی نەورۆزەوە هەموو ڕۆژێک دەچنە بەردەم بانکەکان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان، بەڵام زۆرینەیان تا ئێستا بەهۆی ئەوەی پارە لە بانکەکاندا نییە موچەیان وەرنەگرتووە.

 

هەروەها بەهۆی دروستبوونی پاڵەپەستۆ لەبەردەم بانکەکان، ڕۆژانە تەندروستی چەندین خانەنشینی بەتەمەن تێکدەچێت و دەگەیندرێنە نەخۆشخانە، لە ٢٠ی ئەم مانگەش کە دەکاتە تەنها رۆژێک پێش جەژنی نەورۆز دوو خانەنشین لە سەرەی موچەدا لە سلێمانی گیانیان لەدەستدا، دواتر بەهۆی خراپی تەندروستییەوە خانەنشینێکی دیکەش لە سنوری دهۆک گیانی لەدەستدا، دوێنێش خاوەنپێداویستییەکی تایبەت لە گەرمیان بەهۆی ئەوەی موچەی پێنەدرا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەڵام لەلایەن هاوڵاتیانەوە رزگارکرا و گیانی لەدەستنەدا.

 

بەیانی ئەمڕۆش ژنێک بە ناوی "فاتمە قادر" دوای ئەوەی بۆ جاری سێیەم ویستویەتی بڕوات بۆ وەرگرتنی موچەکەی کە هی مانگی شوباتە، ئۆتۆمبێل لێیدا و گیانی لەدەستدا.

 

لە لایەکی دیکەوە بەهۆی نەبوونی موچەو دواکەوتنی، کە بڕیارە هەموو ٢٥ی مانگێک دەست بەدابەشکردنی موچە بکرێت، بەڵام ئێستا کۆتایی مانگەو دابەشکردنی موچەی مانگی ئادار دەستیپێنەکردوەو هێشتا موچەی مانگی شوباتیش بە تەواوی نەدراوە، زۆرینەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی و زانکۆکان لە سنوری سلێمانی و کۆیە و ڕاپەرین و گەرمیان ڕۆژانە گردبونەوە دەکەن و ناچنە سەر کارەکانیان.