ڕۆژی زانکۆ بە نیشاندانی چەندین توێژینەوەی زانستی بەڕێوەچوو

لە ڕۆژی زانکۆدا، فێرخوازانی زانکۆی کۆمار چەندین توێژینەوەی زانستیان ئەنجامدا و پێشکەشی فێرخوازانی دیکە و سەردانیکەرانیان کرد، هەروەها جەختیان لەسەر فێربوونی زانست و بەرەوپێشچوونی خوێندن کرد لەپێناو بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ٣١ی ئادار، لە ژێر چاودێری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە زانکۆی کۆمار بە بۆنەی ڕۆژی زانکۆوە چەندین زنجیرە توێژینەوەی زانستی بڵاوکرانەوە و فێرخوازانیش لە بەشەکانی پەرستاری، ئەندازیاری، تەکنەلۆجیای زانیاری و چەندین بەشی دیکە، توێژینەوەکانیان لە ڕۆژی زانکۆدا نمایشکرد.

 

خوێندکاران توێژینەوەکانیان بۆ سەردانیکەران ڕوونکردەوە

دیما دارا و لەنیا، خوێندکاری بەشی ئەندازیاری شارستانین لە کۆلێژی ئەندازیاری، پڕۆژیەکیان نمایشکرد کە جیاوازی خانووی پێکەوەلکاو و سەربەخۆیان دەکرد، مەبەست لە خانووی پێکەوەلکاو وەک ئەو شێوازەی لە هەرێمی کوردستان هەیە هەروەها خانووی جیا وەک شێوازی وڵاتانی ئەوروپا.

 

لە توێژینەوەکەیاندا سود و زیانی شێوازەکانی بنیادنانی خانوویان خستەڕوو، کە بەشیک لە سودەکانی خانووی پێکەوەلکاو بەکارهێنانی ڕووبەڕێکی کەم و بەهێزی بنچینەی خانووەکەیە، بۆیە گەیشتوون بەو ئەنجامەی دروستکردنی خانوو بە شێوازی پێکەوە نووساو سەرکەتوو ترە، هەروەها لەنیا باسی لە زیان و چارەسەرییەکانی خانووی پێکەوەلکاو کرد، کە زیانەکانی تێپەڕینی دەنگ و گەرمییە وەک چارەسەریش، دانانی فۆم لە نێوان خانووەکاندا دەتوانێت وەک چارەسەر بەکاربێت.

 

"هەبوونی چالاکی لەم جۆرە بۆ ناساندنی کاری بەشە جیاوازەکان گرنگە"

ژیلیا بێستوون، خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی شیکاری نەخۆشییەکانە، توێژینەوەکەیان لەسەر پشکنینی چەورییە، دەڵێت: "پێویستە بەردەوام هاوڵاتیان ئاگاداری چەوری جەستەیان بن بە تایبەت چەوری خوێن، ئەو کەسانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دەبێت زیاتر ئاگاداربن".

 

باسی لەوەکرد ئەنجامدانی ئەو جۆرە چالاکییانە گرنگن چونکە کارەکانیان نیشانی خوێندکارانی دیکە دەدەن، بۆ ئەوەی هەر خوێندکارێک خولیای خوێندنی ئەو بەشەی هەیە بە کرداری کارەکانی ببینێت و زیاتر لێی تێبگات.

 

سەردانیکەران چی دەڵێن دەربارەی زانکۆ؟

هۆڤی هەژار، خوێندکاری کۆلێژی ددانە، سەردانی چالاکییەکەی کردووە و وتی: "زانکۆ ئەو جێگەیەیە کە تیایدا فێری زانست و زانیاری دەبیت لەو بوارەی کە خۆت حەزی پێدەکەیت، تا بتوانیت ئەو زانیاریانەی فێری دەبیت بڵاوی بکەیتەوە و سود بە هاوڵاتیان بگەیەنیت".

ئاماژەی بەوەدا گرنگە لەناو زانکۆکان بە کردارانە زانست فێری فێرخوازان بکرێت، هەروەها هەبوونی ئەم جۆرە فێستیڤاڵانە لەناو گشت زانکۆکاندا پێویستە تا خوێندکار زیاتر فێرببێت.

 

سەحەر عەبدوڵا، ژنێکی گەنجە و دەربارەی زانکۆ وتی "زانکۆ پێویستە شوێنێک بێت بۆ فێربوونی زانست نەک هەبوونی نمرەی بەرز، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بەو زانیارییانە خزمەت بە کۆمەڵگا بکەیت"، داواش لە گەنجان دەکات بخوێنن و پشتیان سارد نەبێتەوە لە خوێندن چونکە خوێندن بە چەکی دەستی هەموو کەسێک دەزانێت.

 

ت.پ