تەنها لە مانگی ئاداردا ٧ ژن کوژراون و بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە
کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان دەردێکی کۆمەڵایەتییە و تەشەنە دەستێنێت، یاسا و دادگاکان نەیانتوانیوە کەیسەکانی توندوتیژی ژنان کەمبکەنەوە، پەروەردەی کۆمەڵگەش پەک دەخرێت تا توندوتیژییەکانی سەر ژنان زیادبکات.
سلێمانی
ئاژانسی نوژنها مانگانە ژمارەی کوشتنی ژنان بڵاودەکاتەوە، ئەوەی جێی سەرنجە تا دێت کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان زیاد دەکات و لایەنی پەیوەندیدار و حکومەتیش تا ئێستا هەوڵی جدی نەداوە تا توندوتیژی سەر ژنان کەمبکرێتەوە، ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی داوادەکەن یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان پێویستە هەمواربکرێتەوە، بەڵام پەرلەمان تا ئێستا ئەم پرسەی نەکردۆتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.
بەپێی ئەو هەواڵانەی ئاژانسی نوژنها کۆیکردووەتەوە لەسەر کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان لە ماوەی مانگی ئاداردا سەرباری هەوڵەکان بۆ هۆشیارکردنەوە لە ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژناندا، ٧ ژن کوژراون.
ڕووداوەکان بەمشێوەیە بوو:
کۆیە
٢ی ئادار، لە شارەدێی تەقتەقی شارۆچکەی کۆیە ژنێکی گەنجی لەدایکبووی ٢٠٠٤ بە گوماناویی خنکا، تەندروستی کۆیە ڕایگەیاند کە خۆی لەماڵەکەیدا خۆی خنکاندووە، وتەبێژی تەندروستی شارۆچکەى كۆیە ئاماژەی بەوەداوە "ژنەکە خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بووە".
دهۆک و هەولێر
٦ی ئاداردا، دوو ڕووداوی کوشتن لە شاری هەولێر و دهۆک هەبووە.
لە کامپی خانکێ لە سنووری پارێزگای دهۆک ژنێک لە لایەک هاوژینەکەیەوە بە دوو گولـلە کوژرا، جێی باسە ئەو دوو هاوژینە ٢٩ ساڵ بووە هاوژینی یەکدی بوون و بەهۆی ئەوەی ژنەکە داوای پارەی کردووە کوشتوویەتی، دوای ڕوداوەکە تۆمەتبار خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.
کاتژمێر ١١ی شەوی هەمان بەروار، لە شەقامی ١٠٠ مەتری نزیک چوار ڕییانی فرۆکەخانەی ھەولێری نێودەوڵەتی، تەرمی ژنێک بە کوژراوی دۆزرایەوە، دەرکەوت ژنێکی ٢٠ ساڵ بە ناوی "ئیمان سامی مەغدید" ناسراو بە ماریا سامی کوژراوە.
ماریا سامی لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا هاوسەرگیری کردووە، پاش چەند ساڵێک لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە و پاش ئەوەش گۆڕانکاری گەورە لە ژیانیدا ڕوودەدا، ماریا بەهۆی ئەوەی باوکیشی لە هاوژینەکەی جیابووەتەوە، لای دایکی ژیان بەسەردەبات، بەهۆی ئەو دۆخەوە کە تێیدەکەوێت ناوی خۆی لە ئیمانەوە دەگۆڕێت بۆ ماریا.
ماریا سامی لە شەوی ٦ی ئاداردا لەلایەن برا تەمەن ١٨ ساڵانەکەی بە گولـلەی دەمانچە دەکوژرێت و تەرمەکەی لە شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر فڕێ دەدرێت.
سۆران
١٨ی مانگ، لە شارۆچکەی سۆران ژنێکی گەنج لەلایەن باوکییەوە کوژرا و دواتر باوکەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.
ئەو ژنە گەنجە خوێندکار بووە و لە دایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ە، دانیشتووی گەڕەکی شەهیدانی شارۆچکەی سۆرانە، لەلایەن باوکییەوە بە چەکی کلاشینکۆف تەقەی لێکرا، شوێنەواری شەش گولـلە بە جەستەیەوە بووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، باوکی بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزاکانی عێراق دەستگیرکراوە.
دهۆک
٢١ی ئادار، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی دوو هاوڵاتی لە گوندی گۆمەزەرد لە سنوری شارەدێی دارەتووی سەر شارۆچکەی بەردەڕەش، کە ژن و پیاوێک بوون، بەڵام هاوژینی یەک نەبوون و تەمەنیان ٢٦ و ٢٧ ساڵە لەلایەن کەسێکەوە کوژراون.
ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە تەمەنی ٢٠ ساڵە و پاش کوشتنی ئەو دوو کەسە، خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردووە، تاوانبارەکە بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی بەندکراوە و لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە
سلێمانی
٢٦ ئادار، ژنێک بە ناوی "لینا کاوان حسێن" لە شوقەکانی شاری پزیشکان لە سلێمانی، لە نهۆمی ١٠یەمەوە بە گوماناویی کەوتە خوارەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
لەسەر ئەو ڕووداوە سێ گەواهیدەر کە ژنن و یەکێکیان کەسوکاری ژنە گەنجەکەیە، ناویان پارێزراوە، بەم شێوەیە باسیان لە ڕووداوەکە کرد، "ئەو ژنە دایک و باوکی جیابوونەتەوە، خۆشی لەگەڵ هاوژینەکەی کێشەی هەبووە وتویەتی جیادەبمەوە، دایک و باوکی پشتیان نەگرتوە و کێشەی دایک و باوکیشی کاریگەری هەبووە لە سەری و نامورتاح بووە، چارەکێ پێش ئەوەی خۆی هەڵبداتە خوارەوە پەیوەندی بە دایکییەوە کردوەو وتیەتی 'دایکە من خۆم دەکوژم' دایکی گوێی پێنەداوە، بەحساب هاوژینەکەی لە توالێت بووە، تا هاتۆتە دەرەوە لە بالکۆنەکە خۆی فڕێداوە، ئەو کاتەی کە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبووە هەریەک لە دایکی وتویەتی ئەبێ لای من بیت، باوکیشی وتویەتی لای من بیت،.ماڵی باوکی و هاوژینەکشی دەڵێن خۆی خۆی فڕێداوە".
گەرمیان
٣٠ی ئادار، لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە شارۆچکەی کەلار ژنێکی لەدایکبووی ١٩٨٤ بە ناوی ش.ع لە ڕێی پەتەوە کۆتایی بە ژیانی هات، ڕزگار لەتیف، جێگیری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، بە میدیاکانی وتووە تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە، دەشڵێت نازانرێت ئەو ژنە خۆی خنکاندووە یان خنکێندراوە.
ت.پ