"ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد لە بەرامبەر ئەو دەسەڵاتەی ئەقڵیەتی پیاوسالاری بڵاودەکاتەوە تێکۆشان دەکەن"
تەوار عادل، ڕۆژنامەنووس دەڵێت: بە درێژایی مێژوو ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد ڕووبەڕووی ئاستەنگی و تیرۆرکردن لە پێناو کارکردن لەسەر کەیسەکانی ژنان بونەتەوە، بەڵام بە ئیرادە لە پێناو گەیاندنی دەنگ و ڕەنگی ژنان، ڕووبەڕووی دەسەڵاتی پیاوسالاری تێکۆشان دەکەن.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنانی کورد لە ڕێگەی پێنووس و کامێراکانیانەوە لە بونیادنانی ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە، سەرەڕای هەبوونی ئاستەنگییەکان و ستەم و ڕاگرتنەکان، ژنانی کوردی رۆژنامەگەری ئازاد بە پێداگرییان لەسەر بوون بە دەنگی ژنانی جیهان تێپەڕاندنی ئەو ستەم و زۆردارییە چەندین ساڵە تێکۆشان ئەنجام دەدەن، ئەو مێژووە لە خەباتی غوربەتلی ئەرسوز و پێنووسی ژنانی ئازادەوە دەستیپێکردووە، لەمڕۆدا بە قەڵەم و کامێرای ژنان لە چەندین دەزگای ڕاگەیاندندا بەردەوامی بە ئازادی ڕادەربڕین دەدەن، سەرەڕای ئاستەنگییەکان ژنان پێنووس و نووسینەکانیان کردوەتە خەنجەرێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاری و چەوساندنەوەی ژن و گەلەکەیان، ژنانی کورد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی داگیرکاری و ئاوارەبوون و سنوردارکردن، ئیرادەیەکی بەهێزیان لە خۆبونیادنان لە ڕاگەیاندندا بونیادنا، ئەو ئیرادەیە بووە شێوازێکی بەرخۆدان کە ناسنامەی ژنی لەگەڵ پرسی نەتەوەکەیدا پێکەوە کردە ئامانجێک بۆ بونیادنانی کارکردنی ژنان لە ڕاگەیاندنە ئازادەکانەوە.
" ڕاگەیاندنەکان کار بۆ تێکدانی دەروونی کۆمەڵگەو بەلاڕێدابردنی کەیسەکانی ژنان دەدەن"
تەوار عادل، ڕۆژنامەنووس، باس لە ساڵڕۆژی ژنانی ڕۆژنامەگەری ئازاد دەکات، لە ساڵ ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنی ئازاددا، شەهیدکردنی غوربەتلی ئەرسوزی وەک پێشەنگی ژنی رۆژنامەنووسی ئازاد بە بیر هێنایەوە، کە ژنێکی ئازاد بووە دەنگی ئازاد بۆ گەل و ژنان، دەڵێت: لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری ژنی ئازاددا شەهید غوربەتلی ئەرسوز، لە ڕێگای گەیاندنی دەنگی ئازاد و گەلەکەی شەهیدکرا، بوە دەنگی ژنان و ئەو ستەم و زۆردارییەی بەرامبەر خاک و گەلەکەی ئەنجام دەدرا، شەهید کردنی بونیادنانی ڕێگەیەکبوو بۆ دروستبوونی ڕاگەیاندنی ئازادی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەروەها ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان بە چەندین ڕاڕەودا گوزەر دەکات، لە سەرەتای دروستبوونی ڕۆژنامەگەری کوردی ڕۆژنامەگەری لەو ڕێچکەیە لایداوە، لە کاتێکدا ڕاگەیاندن وەک دەسەڵاتی چوارەم ئەرکی چەوسانەوە و دروستکردنی ناسەقامگیری و تیکدانی دەروونی کۆمەڵگە نییە، بەڵام لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە ڕاگەیاندنەکان لە ڕێگەی سیاسەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان کار لەسەر تێکدانی دەروونی تاک لە ڕێگەی هەواڵەکانیانەوە دەکەن، بە نموونە کاتێک هەواڵێک لە ڕێگی ڕاگەیاندنی سەر بە دەسەڵات بڵاودەبێتەوە، دەبێتە دروستبوونی خەم بۆ تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان بۆ چەواشەکاری بابەتی هاتن و نە هاتنی موچە دەکەنە سەردێڕی هەواڵەکانیان، لە کاتێکدا موچە مافێکی سەرەتایی هاوڵاتیانە، هەروەها ڕاگەیاندنەکان لە باشووری کوردستان کار بۆ لێدان لە توانای ژنان و پرسەکانی ژنان لە ڕیگەی ڕاگەیاندنەکانەوە دەدەن، کەمترین میدیا لە ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، کە تەواوی کارمەند و میوان و ستافی کارکردنی ژنبێت، بتوانیت ببە ڕەنگێکی ژنانە کار بۆ پرس و تواناکانی ژنان و ڕێگرییەکان لە تودودتیژی بەرامبەر ژنان بکات، ئەو بارودۆخە سیاسییەی لە باشووری کوردستاندا بۆ ڕاگەیاندنەکان خوڵقێندراوە، بۆتە هۆکاری ڕێگریکردن لە ڕاگەیاندنیک کە بەڕەنگی ژنان بۆ گەیاندنی دەنگی ئازاد و کارکردن لەسەر پرس و ئاستەنگییەکانی ژنان کاربکات.
"میدیای ئازاد ڕۆڵێکی گرنگی لە پێناو گۆڕانکاری لەو بارودۆخەدا هەبووە"
تەوار عادل باسی لەوەشکرد، ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان بە شێوازی بەلاڕێدابردن کار لەسەر کەیسەکانی باشووری کوردستان دەکات، باسکردنی کوشتنەکانی ژنان لە ژێر ناوی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی کار بۆ پەردەپۆشکردنی کوشتنی ژنان لە ڕێگەی ئەقڵیەتی پاوانخوازییەوە دەدەن، وتی: لە میدیاکانی باشووری کوردستان کاتێک ژنیک دەکوژرێت، باس لە هۆکاری کوشتنەکەی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و کارکردنی ژنان لە کافتریادا و زۆرکات لەژێر ناوی شەرەفدا دەکوژرێن، هەموو ئەو ئەرکەی لەسەر شانی میدیاکانە بەرامبەر پرسی ژنان لەم دەستەواژە پیاوسالارانە کۆتایان پێدێت، لە بەرامبەر ئەو بارودۆخەدا، میدیای ئازاد ڕۆڵێکی گرنگی لە پێناو گۆڕانکاری لەو بارودۆخەتا هەبووە، لەسەر ئەو میراتەی گوڵستان تارا، ڤیان جاف و غوربەتلی ئەرسوز، بۆ ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد بەجێی هێشتووە، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە ناومیدیا ئازادەکاندا توانیویانە ڕۆڵی خۆیان بگێڕن، لە ڕێگەی ئەو میراسەی لە لایەن ژنانی نووسەر و ڕۆژنامەنووسەوە بۆ ئیمە ماوەتەوە، ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان، لە ڕێگەی " ئاژانسی هەواڵی نوژنها " و " کەناڵی ژن تیڤی"، کە تەواوی کارمەند و میوانەکان بەڕەنگێکی ژنان کار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکات، کەم تا زۆر لە ڕێگەی ئەو میراسەی لە ژنانی ئازادەوە بۆی ماوەتەوە کار و خەبات دەکات، بەڵام ئەو دەسەڵاتی لە باشووری کوردستاندا بەسەریدا زاڵە، ڕێگە بە دەنگ و ڕەنگی ژنان نادات، ڕێگە لە تێکۆشانەکانی ژنان دەگرێت، هەروەها لە چەندڕۆژی ڕابردوودا گروپی هەنرگەی وڵات، ڤیدیۆ کلیپی ڤەژین بۆ نمایشکردنی هونەری ژنان ڕوولە باشووری کوردستان دەکات، لە ڕێگەی ژنەوە ئەو بارودۆخەی ژنان لە ڕێگەی دەسەڵاتی تارکپەرستی داعشەوە بۆ ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان خوڵقابوو نمایشکرا، لە ڕێگەی هەلهەلەی ژنان و تێکۆشانی ژنان کاریان بۆ ڕوخانی داعش کرد، لە کاتێکدا تەواوی جیهان بۆ کۆمەڵکوژکردن و فڕاندن و فرۆشتنی ژنان هاوکاریان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتداران و لە ناویدا ئیسلامی سیاسیی بە گژ ئەوە گروپەی خەباتیان دژ بە داعشکرد لە باشووری کوردستاندا ڕوبەڕووی ڕەخنەکرانەوە، ئەمە نمونەیەکە لە بارودۆخی ژنان لە باشووری کوردستاندا، بەڵام ڕاگەیاندنی ئازاد بەو خەباتکار و ڕێبواری ڕێی ئازادییانەی لە ناو ڕاگەیاندنە ئازادەکانی باشووری کوردستاندا کار دەکەن، توانیویەتی سەنگی خۆی لە باشووری کوردستاندا دابکوتێت، هەروەها ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە ناو دەزگا ئازادانەکاندا کار بۆ پرسی ژنان دەکەن، بە بڕروابەخۆبوونەوە بۆ ئەو تێکۆشانەی ژنی باشووری کوردستان پێویستییەتی کار دەکات، لە ڕیگەی پینووس و کامێراکانیانەوە ئەو بارودۆخەی بۆ ژنان خوڵقێندراوە هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی دەدەن.
"ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد سەرەڕای ئاستەنگیەکان لە باشووری کوردستان بێدەنگی سەردەمێکی ئەقڵیەتی پیاوسالاری شکاند"
تەوار عادل، ئاماژەی بەوەشدا، ڕاگەیاندنی ئازاد لایەنگری هاوڵاتیان و دۆزی کوردە، کە دەسەڵات لە قازانجیدانییە کۆمەڵگە هۆشیار و ئازاد بێت، ڕێگەچارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگە لە لایەن گەلەوە مەترسی لەسەر دەسەڵات دروست دەکات، دەڵێت: لە قازانجی دەسەڵاتدا نییە هاوڵاتیان ئازاد و هۆشیاربێت، پاشان ڕێگە چارەسەری بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، هەروەها دەرخستنی ڕێژەی کوشتنەکانی ژنان و بکەر و هۆکارەکانی دووبارە مەترسی بۆسەر دەسەڵات دروستدەکات، ڕاگەیاندنی ئازادیش بە دەرخستنی تاوان و هۆکارەکانی کوشتنی ژنان و بکەرانی دەردەخات، بۆیە میدیایی ئازاد لە چاوی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان وەک مەترسی دەبیندرێت، بۆیە ڕاگەیااندنی ئازاد لە هەر جێگایەکدا خەبات دەکات، ڕوبەڕووی ئاستەنگی و تیرۆر و گرتن دەبنەوە، لە باکووری کوردستاندا و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ڕاگەیاندنی ئازاد کاتێک قەڵەم و کامێرەکانیان بۆ پرسەکانی ژن و ئازادی ژن بەکار دەهێنن، ڕووبەڕووی گرتن و سزادان و لە سێدارەدان دەبنەوە، لە کتێکدا داعش هێرشی بۆسەر مەخموور و شەنگالکرد، ڕۆژنامەنووسەکانمان شەهید دەکران، هەروەها لە باشووری کوردستان نمونەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل و هێرۆ بەهادیین و گوڵستان تاراو چەندین ژنی دیکەی ڕۆژنامەنووسی ئازادمان هەیە، دەرخستنی رووی ڕاستی کێششەکانی کۆمڵگە و هۆکارەکانی کێشەی گەورە بۆ دەسەڵات دروستدەکات، بۆیە دەسەڵات ڕوبەڕووی ئەو کەس و لایەنانە دەبێتەوە کە کار لەسەر دەرخستنی ڕاستی دەکەن، لە ناویاندا ژنانی رۆژنامەنووسی ئازاد دووجار ڕوبەڕووی ئاستەنگی دەکرێنەوە، چونک هەبوونی پرسەکانی ژنان پەیوەستە بە کۆمەڵگەوە، پێشکەوتنی ژنان و چونیان بۆ ناوەندەکانی بریار، هۆکارە بۆ گۆڕانکار لە پرسەکانی ژنان و گۆڕینی زهنییەتی پیاوسالاری لە ناوجەکەدا دەکات، ژنانی ڕاگەیندنی ئازاد لە ڕێگەی گۆڕینی ئەو دەسەڵاتەی زهنییەتی پیاوسالاری دەیخوڵوێنێت کۆتای پێبهینێت، ژیانیکی دیموکراتیک و پیکەوەی هەرکەس بە ئیرادەی خۆی و سەنگی خۆی کار بکات، کە دەسەڵات ئەو بارودۆخە قبوڵناکات و لە ئاکامدا ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەکرێتە ئامانج، بەڵام سەرباری هەر بارودۆخێک ژنانی رۆژنامەنووسی ئازاد بە هەموو هێز و ئیرادەبوونی خۆی بەردەوامی بە خەباتی ئازادی ژنان دەدات.
"بە یەکگرتووی لە لایەن ژنانی رۆژنامەنووسەوە دەتوانن بارودۆخەکان بەرەو باشی ببەن"
تەوار عادل ڕۆژنامەنووس، لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامی خۆی بۆ ژنانی رۆژنامەنووس دەربڕی، وتی: ئەوەی بۆ ژنانی رۆژنامەگەری ئازاد پێویستە، کار لەسەر مێژووی ژنان و هۆکاری کوشتنەکانی ژنان بکات، کاتێک ژنێک دەکوژرێت بنکۆڵکاری لەسەر هۆکار و شێوازی کوشتنەکەی و بە سزاگەیاندنی تاوانباران بکات، پاشان لە ڕێگەی بەهێزبوونی باگراوندی سیاسییەوە دەتوانن کار لەسەر پرسە سیاسییەکانی ناوچەکەیان بکەن، هەروەها بە یەکگرتووی لە لایەن ژنانی رۆژنامەنووسەوە دەتوانن بارودۆخەکان بەرەو باشی ببەن، پێکەوە ئەو ئەندازەیەی کە هەیە لە سبەینێ ڕۆژدا فراوانتری بکەن، هۆشیاری بۆ رۆژنامەنووسانی ژنان پێویستە، پێویستە لەسەرجەم جومگەکانی ژیاندا ڕۆڵی گرنگی هەبێت، تا دۆخێکی باشتر بۆ ژنان بخوڵقێندرێت، داواکارم ژنان لە ڕاگەیاندندا خۆیان بە پارچەیەکی ڕاگەیاندنەوە نەبەستنەوە، وەک ڕۆژنامەنوو دەتوانن شیکەرەوەیەکی باش و قسەکەرێکی باشبن، هەروەها هۆشیارکەرەوەیەک بێت بۆ کۆمەڵگەکەتان، لەسەر ڕێبازی ئەو شەهیدانەی لە پێناو ڕاگەیاندنی ئازاددا خۆیان بەختکردووە، ژنانی رۆژنامەنووس دەنگ و ڕەنگی ژنانن لە ڕاگەیاندنە ئازادەکاندا، پیرۆزبایی ڕۆژی رۆژنامەگەری ئازاد لە تەواوی ڕۆژنامەنووسی ژن دەکەم، لە ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد پیرۆزبێت، کە سەرەڕای فشارەکان بەردەوامی بە خەباتی خۆیان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا دەدەن.