ئەنجومەنی ژنان؛ خەباتێک بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵ و مافەکانی ژنان

ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵدەدات هەوڵەکانی ژنان یەکبخات، بەشداریکردنیان بەرزبکاتەوە و مافەکانیان لە دەستووری داهاتووی سووریادا مسۆگەر بکات لەڕێگەی ڕێکخستنی چالاکی هۆشیارکردنەوەکان کە جەخت لەسەر ڕۆڵی سەرەکییان دەکەنەوە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوودەدەن، ئەنجومەنی ژنان وەک چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی فراوان دەردەکەوێت کە هەوڵدەدات دەنگی ژنان لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانەوە یەکبخات و بناغە بۆ کاری هاوبەش دروست بکات و مافەکانیان مسۆگەر بکات و بەشداری کارایان لە بڕیاردان بەرز بکاتەوە.

 

ئەنجومەنی ژنان لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاریان کردووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان، کە لە ساڵانی شۆڕشدا بەدەستیان هێناوە و دەستپێشخەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و یاسایی ڕێکدەخەن بە ئامانجی گەیشتن بە یەکسانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بەشداریکردن لە بونیادنانی داهاتویەکی دیموکراتیک بۆ سووریا.

 

"ئەنجومەن دەنگی ژنانە بۆ بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتیک"

سوهام ئیمۆکا، ئەندامی کۆمیتەی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جەختی لەوە کردەوە، کە ژنانی ئەمڕۆ ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی سیاسەت و پاراستنی میراسی خەبات و بەشداریکردن لە داڕشتنی داهاتوو.

 

ڕوونیشیکردەوە، کە دامەزراندنی ئەنجومەنەکە لە ساڵی ٢٠١٩ ئامانجی یەکخستنی هەوڵەکانی ژنانی هەرێم بووە لە چوارچێوەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری، و یاساییدا کە هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لەخۆدەگرێت لە چوارچێوەی نزیکەی ٢٤ لایەنی سیاسیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەنجومەنەکە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوی ژنان لە کۆنگرەی ستار و کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیاش لەخۆدەگرێت، کاردەکات بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان و مسۆگەرکردنی مافەکانیان لە دەستووردا، جا چ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان بێت، یان لە چوارچێوەی خۆبەڕێوبەری، یان لەسەر ئاستی سووریا بە گشتی.

 

"ئامانج مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنانە لە سووریای داهاتوودا"

سوهام ئیمۆکا ئاماژەی بەوەدا: کە دوو لیژنەی سەرەکی لەناو ئەنجومەنەکەدا هەن کە هەریەکەیان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە داڕشتنی داهاتووی ژنان لە ناوچەکەدا، ئەوان لیژنەی یاسایی و لیژنەی دەستوورین، لە سەرەتای دامەزراندنی ئەنجومەنەکەوە، درکمان بە پێویستی پێکهێنانی لیژنەیەک کردووە کە خەمی چۆنیەتی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری داهاتووی سووریادا بێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە هەردوو لیژنەکە بەمەبەستی گرتنەوەی سەرجەم بوارەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیانپێکرد، هەموو پێکهاتەکانیش بەشداربوون، هەروەها لێکۆڵینەوەمان لە دەستووری وڵاتانی جۆراوجۆر کرد و باسمان لە دەستووری پێشووی سووریا کرد، لەگەڵ ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی خۆبەڕێوبەر، لەڕێگەی ئەو گفتوگۆیانەوە گەیشتینە چارەسەرێکی ڕوون سەبارەت بە چۆنیەتی نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە دەستووری داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر و دادپەروەرانە.

 

ڕوونیکردەوە، کە لیژنەی یاسایی پێش دامەزراندنی ئەنجومەنەکە بوونی هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندی بەوەوە کردووە و بووەتە بەشێک لە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی، دوای ئەوەی ئەنجومەنەکە بوو بە چوارچێوەیەکی هەمەلایەنە بۆ ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لیژنەکە خرایە ناو ەیکەری ئەنجومەنی ژنانەوە، بەگوێرەی بنەما تایبەتەکان بە ژنان کە لە یەکەمین کۆنگرەیی ئێمەدا بەڵگەی لەسەر کرابوو.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو یاسایەی ئێمە کارمان لەسەر کرد، پێشتر بە یاسای خێزان ناسراوە، بەڵام پەرەی سەندووە بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان لەخۆبگرێت، نەک تەنها ئەوانەی پەیوەندییان بە ئەنجومەنەوە هەیە، لە ڕێککەوتنە گشتییەکەدا ئەنجومەنی ژنان نوێنەرایەتی پێنج ئەندام بوو، بە ئامانجی مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکەدا، ئەم بناغەیە وەک هەنگاوێک دەبێت بۆ داڕشتنی دەستوورێک بۆ ژنان.

 

ڕوونیشیکردەوە، ئەم ڕێککەوتنە کە دەستمان کردووە بە کارکردن لەسەری و چاوەڕوان دەکرێت دواتر تەواو بکرێت، وەک کۆنفیدڕاڵی ژنان خزمەت دەکات کە لە کۆمینەکانەوە سەرچاوەی گرتووە و دەگاتە ئەنجومەنی گشتی، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی لە میانی کۆنگرەکەماندا بەڵگەی لەسەر نەکراوە، بەڵام بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت بەرەو بونیادنانی چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ ژنان، بە تایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە سیاسییانەی لە سووریا ڕوودەدەن، وەک ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سووریا و ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار.

 

ئاڵەنگاری کۆمەڵگە

سوهام ئیمۆکا جەختی لەوە کردەوە، کە ئەنجومەنی ژنان هەوڵی بەرچاو دەدات بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە کۆمەڵگەدا،هەروەها کارەکانی تەنها لە لایەنی سیاسیدا سنووردار نییە، بەڵکو بابەتی کۆمەڵایەتی و دەروونیش دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی ژنان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە سیمینار و هەڵمەت و وۆرکشۆپ سازدەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو ژنانەی کە تووشی پێشێلکاریی گەورە بوون، هەروەها چالاکی هۆشیارکردنەوەمان لەسەر ئالوودەبوون و کاریگەرییەکانی دەستپێکردووە، ئەمە جگە لەوەی کۆبوونەوەی گفتوگۆ لەسەر دیاردەی خۆکوشتن لە شارەکانی ڕەققە و قامیشلۆ ڕێکدەخەین.

 

سوهام ئیمۆکا، ئەندامی لیژنەی کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕایگەیاند، کارەکانمان زۆر تیشک دەخاتە سەر دەستەبەرکردنی بوونی ژنان لە پۆستی بڕیاردانی سیاسیدا، بەڵام چاوپۆشی لەو بابەتانە ناکەین کە پەیوەندییان پێوە هەیە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە، هەروەها ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنی بێوچان تا ئەو کاتەی دادپەروەری بەدەست دەهێنین و بە شێوەیەکی کاریگەر مافەکانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا مسۆگەر دەکەین.