هێزەکانی حکومەت لە دەورووبەری شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستیان بە جوڵە کردەوە
هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەستیان بە جوڵە کردەوە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ ٦ی تشرینی یەکەم کاتژمێر ٥ـی پاشنیوەڕۆ، هێزەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق سەرجەم دەروازەکانی چوونەژوورەوە و دەرچوونیان بۆ گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە لە شاری حەلەب داخست، لە پێشتریشدا چەند ڕێگایەکیان داخستبوو و بەربەستیان درووستکردبوو.
دوای ئەمەش خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە چالاکییەکیان ئەنجامدا بۆ کردنەوەی ڕێگا داخراوەکان، هێزەکانی حکومەت بە گازی فرمێسکڕیژ و فیشەک هێرشیان کردە سەریان و بە تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ویستیان بچنە ناو گەڕەکەکانەوە، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ پاراستنی دانیشتووان وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.
شەڕەکە تاکوو درەنگای شەو بەردەوام بوو، پاشان هێزەکانی حکومەت کشانەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی تۆپباران و هێرشەکان شەهید و بریندار هەیە.
هاوکات، لە ئێستادا بێدەنگی لە هەردوو گەڕەکەکەدا هەیە، هێزەکانی حکومەتی کاتیی لە دەوری گەڕەکەکان خۆیان بەهێز و جێگیر دەکەن، ڕەنگە لە هەر ساتێکدا دۆخەکە دووبارە ئاڵۆزبێتەوە.