ژنانی ئەفغانستان: بەردەوام دەبین لە دەربڕینی ناڕەزایەتی ئەگەر تەنها یەک کەسمان مابێت
هەشت منداڵ لە شاری کابول، بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا بۆ ئەو مەبەستەش ژنانی ئەفغانستان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەو ئامانجەی دەنگیان بە هەموو جیهان بگات، کە تاڵیبان سەرەڕای برسیکردنی هاوڵاتیان سوکایەتیشیان پێدەکات.

بەهاران لەهیب
كابول- ژنانی کابول بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ژنانی چالاک، ڕۆژی یەکشەممە دژی هەژاری گردبوونەوە، لە بەرامبەردا تاڵیبان هەوڵی دا خۆپیشاندانەکە هەڵبوەشێنێتەوە و ڕێگەیان لە ڕۆژنامەنووسان گرت ڕووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن، بەڵام ژنانی کابول بێ گوێدانە ترس دانیشتن و بەردەوامیان بە خۆپیشاندانەکان دا و خۆیان وێنەیان دەگرت تا دەنگیان بگاتە جیهان کە بە هۆی برسێتییەوە هەشت منداڵ گیانیان لەدەست داوە.
"ئێمە لە بەرامبەر هەڕەشەکان کۆڵنادەین"
رسهمين نستوح، یەکێکە لە بەشداربووانی چالاکییەکە و وتی: "بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان ئەم چالاکییەمان ئەنجام داوە، دەمانەوێت بە هەموو جیهانی ڕابگەیەنین بە هۆی برسێتییەوە دۆخی ژیانمان بەرەو خراپبوون دەڕوات و منداڵەکانمان لە برسا دەمردن".
"گۆڕەپانەکان جێناهێڵین"
هەروەها باسی لەوە کرد، هێزەکانی تاڵیبان بە جۆرێک مامەڵە دەکەن کە بەرەو شەڕ دەچن، وتیشی: "ئێمە وەک ژنان دەمانەوێت مافەکانمان بەدەست بهێنین بەڵام تاڵیبان هەوڵ دەدات دەنگمان کپ بکات و هەر چواردەورمانیان بە هێزەکانیان گرتووین".
ئەوەشی خستەڕوو کە هێزەکانی تاڵیبان لە ڕێگەی ئازاردانی جەستەیانەوە هەوڵیان داوە خۆپیشاندانەکە بووەتستێنن، وتی: "تەنانەت یەک کەس لە ئێمە بمێنێت ئەو مەیدانە جێناهێڵین تا دەنگی خۆمان دەگەیەنینە جیهان".
"ترس لە چاوی هێزەکانی تاڵیبان دەبینین"
ژنانی ئەفغانی ترسیان لە چاوی تاڵبان بەدی کردووە و تێگەیشتوون لەوەی بۆچی تاڵیبان دەیەوێت ڕێگرییان لێبکات، چونکە لە ١٥ ژنی مەدەنی ترساون، تەنها بۆ ئەو ١٥ ژنە بە سەدان سەرباز و هێزیان بردووە تا ڕێگری لە ناڕەزایەتییەکانی ژنانی کابول بگرن، ئەمەش ترسێک نەبێت هیچی دیکە نییە.
"جیهان سەیری ئەم ئەشکەنجەیە دەکات"
رسهمين نستوح، باسی لەوەکرد جیهان بێدەنگە بەرامبەر بەو ئەشکەنجەو سەرکوتکردنانەی تاڵیبان بەرامبەر گەلی ئەفغانی دەیکات.
"تاڵیبان سەرناکەوێت"
ئەریف فاتمی، چالاکوانێکی بواری ژنانە و ئاماژەی بەوەدا بەهۆی برسیبوون و هەژارییەوە هەشت منداڵ گیانیان لەدەست داوە، هەروەها کاتێک هەوڵیان داوە ئەم ڕووداوە بگەیەنن بە جیهان ڕوویەکی دیکەی تاڵیبانیان بۆ ئاشکرا بووە و چەندین ئەشکەنجەیان بینیووە و ڕێگرییان لێکراوە و ڕێگەیان نەداوە ژنانی زیاتر بەشداری خۆپیشاندانەکە بکەن.
وتیشی: "هەڕەشەی دەستگیرکردنمان لێکراوە، هێزەکانی تاڵیبان پێیان وتوین ئێوە سیخوڕن و سوکایەتییان پێکردووین، بەڵام ئێمە دەزانین ئەو قسانە دەکەن بۆ ئەوەی بمانوەستێنن، بەڵام ئێمە پێیان ڕادەگەیەنین بەردەوام دەبین و ناوەستین"، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بوونی ئەو هەموو سوکایەتییە تەنانەت ئەگەر هێزی زیاتر بەکار بهێنن بەرامبەریان ناوەستن و ڕێگە نادەن هێزەکانی تاڵیبان سەربکەون بەسەریاندا.