ژنانی وڵاتانی ئەوروپا لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی داوای لێکۆڵینەوە دەکەن

ژنانی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر گەلی کورد و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دێنە دەنگ و داوا دەکەن ڕێکخراوەکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ناوچانە بکەن کە چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێنراوە.

ژنانی وڵاتانی ئەوروپا بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەسەر گەلی کورد و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دێنە دەنگ و داوا دەکەن ڕێکخراوەکانی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی OPCW لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو ناوچانە بکەن کە چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێنراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بەرامبەر گەلی کورد، ڕێکخراوە جیهانییەکان بە گشتی دێنە دەنگ، بۆ ئەو مەبەستەش ژنانی ئەندامانی ئەنجومەن لە ڤیەنا و کۆڵن داوا لە ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان OPCW دەکەن لێکۆڵینەوە لەو ناوچانەدا بکات، کە دەوڵەتی تورکیا چەکی کیمیایی تێدا بەکارهێناوە.

 

جگە لەم داواکارییە هەڵمەتێکى واژۆ کۆکردنەوە لە کۆڵنی ئەڵمانیا دژى بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوە لەلایەن ئەنجومەنى ژنانى ئاماراوە دەستیپێکردووە، هەروەها ئەنجومەنی ژنان لە ڤیەنا و کۆڵن نامەیەکیان ئاڕاستەى ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان OPCW کردووە.

 

لە نامەکەدا هاتووە: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی ئیدانە و ڕیسوا دەکەین و داواکاریشین ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان OPCW و هەموو دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان لە بەرامبەر بەکارهێنانى ئەو چەکە قەدەغەکراوە هەبێت، وتیشیان "تا نەگەینە ئامانجەکەمان بەردەوام دەبین لە چالاکییەکان و بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژی سێشەممە ستاندی هۆشیارکردنەوە دادەنێین".

ژنان تەنها لە چوارچێوەی ئەم چالاکییە نەوەستاونەتەوە، بەڵکو ئەنجومەنی ژنانی ئامارا لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا گردبونەوەیەکیان ڕێکخست و تێیدا بەکارهێنانی چەکی کیمیاییان لەلایەن دەوڵەتى داگیرکەرى تورکەوە ئیدانە کرد، لە چالاکیەکەدا ژنان جلوبەرگی تایبەت بە خۆپاراستن لە چەکی کیمیایی و ماسک و بە بەرزکردنەوەى وێنەکان، سەرنجیان خستە سەر تاوانە دژ بە مرۆڤانەیەتییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

لە کۆتایی چالاکیەکەشدا ئاماژە بە هێرشەکانی سەر تێکۆشانی ژنانی ئازادی کورد کرا و بە دروشمەکانی "بکوژ ئەردۆغان، بژی پشتیوانیی نێودەوڵەتى و داگیرکەران کوردستان چۆڵ بکەن"، کۆتایی بە گردبونەوەى ئەنجومەنى ژنانی ئامارا لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا هات.

 

ت.پ