خانوو شوێنە مێژوویی و دێریینەکانی سلێمانی لە لەناوچون دەپارێزرێت
قائیمقامیەتی سلێمانی لە ڕێگەی لیژنەی پاراستنی شوێنە مێژوویی و کەلەپورییەکان لە چەند ساڵی رابروودا ھەنگاوی ناوە بۆ پاراستنی خانوو شوێنە دێرینەکان.

ناوەندی هەواڵ
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، بە ئامانجی پارێزگاریکردن لە شوێنە مێژووی و کەلە پورییەکانی شارەکە ئەمڕۆ ١١ی تشرینی دووەم، لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ نوێنەرو بەڕێوەبەری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کۆبووە و رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩ لە ڕێگەی لیژنەی پاراستنی شوێنە مێژوویی و کەلەپورییەکان بەھاوکاری زانکۆی سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان ھەنگاوی گەورەو گرنگیان ناوە بۆ پاراستنی ھەموو خانوو شوێنە دێرینەکانی شارەکە و ئەو٨ گەڕەکە مێژووییەی کە بوون بە بەشێکی زیندووی مێژووی شارستانی سلێمانی و خەڵکەکەی.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لیژنەکە سێ ھەزار و ٣٣٣ سەردانیان کردووە بۆ گەڕەک و شوێنە دێرینەکانی سلێمانی و لە ئەنجامی بەدواداچونەکانیان بەھۆی پابەند نەبوون و سەرپێچی بە پاراستنی ئەو شوێنانە ٢٢٥شوێن سزاردراون و ١١٣ شوێنیش رووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
ئەوەش ڕاگەیەندراوە، بۆ پاراستنی سیمای مێژوویی و شارستانی شوێنە دێرینەکانی شارەکە ئەو خانوو شوێنە دێرینانەی کە خاوەنەکانیان دەیانەوێت نۆژەنی بکەنەوە پێویستە لە ژێر چاودێری فەرمانگەکان و لەسەر شێوازە دێرین و مێژووییەکەی نۆژەنبکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری تەواو بکرێت لە تێکدان و زیانگەیاندن بە سروشت و سیمای دێرینی ھەموو ئەو شوێنە مێژووییانە.