کەنەکە لیژنەیەک بۆ سنوورەکانی بیلاڕووسیا و پۆڵەندا دەنێرێت
بۆ هاوکاریی و ئاگاداربوون لە ڕەوشی پەنابەران، کەنەکە لیژنەیەک بۆ سنوورەکانی بیلاڕووسیا، پۆڵەندا و شوێنی پەنابەران دەنێرێت.

ناوەندی هەواڵ
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان "کەنەکە"، ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "جارێکی تر جیهان بە تایبەتی ئەوروپا ڕوبەڕووی پرسی پەنابەران دەبێتەوە و لەو چوارچێوەشدا بە هەزاران پەنابەر، کە زۆربەیان خەڵکی باشوری کوردستان، عێراق و سوریان و لە سەر سنوری بێلاڕوسیا و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بێ چارە لەناو دارستانەکان بێ هیوا ماونەتەوە، ئەم دۆخە ناهەموارەیان مەترسییەکی گەورە بۆ ئەو پەنابەرانە دروست دەکات، ئەردۆغان، ئلێکساندەر لۆکاشانکا و ڤیلادێمێر پوتین پەنابەران بۆ ئامانجەکانی خۆیان وەک فشارێکی سیاسیی لەدژی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بەکاردێنن".
ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانج و نیازى سەرەکی ئەردۆغان و دەوڵەتی داگیرکەرى تورک ئەوەیە ڕێ لە خەڵکی کوردستان بکاتەوە بۆ ئەوەی هەرێم لە کوردان چۆڵ بکات و بە ئاسانیی دیمۆگرافیاى کوردستان بگۆڕێ و هەموو گروپ و پێکهاتە جیاکانی ناوچەکە بە ئاسانی ملکەچی سیاسەتەکەی بن و بچنە ژێر کۆنتڕۆڵی، ئەوەش مەترسیدارە.
کەنەکە داوا لە بەرپرسانى باشوورى کوردستان دەکات، کە هەرچی زووە ئەو پرسە بە جدی و بە بەرپرسیاریەکی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە کاری بۆ بکەن و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەس هاتووە: "ئێمە بۆ هاوکاریی و چارەسەری پرسی پەنابەران، پێش ئەوەی ئەو تراژیدیایە گەورەتر و مەترسیدارتر بێت، هەرچی بکەوێتە سەر شانی ئێمە، هەوڵی جیدی بۆ بەجێبەجێکردنی ئەرکەکانمان دەدەین و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکمان سەردانی سنورەکانی بێلاڕووسیا، پۆڵەندا و شوێنی پەنابەران دەکات".