ژنانی مەخموور: ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە
ژنانی کامپی مەخموور ڕایانگەیاند کە بە بینینی وێنەی ڕێبەرەکەیان دوای ٢٦ ساڵ بە قووڵی کاریگەر بوون و سەبارەت بە مەراسیمی سووتاندنی چەک لەلایەن گەریلاکانەوە، وتیان: دەبێت دەوڵەتی تورکیا ئێستا هەنگاوی کۆنکرێتی بنێت.

ئاسیا دەنیز
مەخموور-گروپی گەریلاکانی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" کە لە ٣٠ گەریلا پێکهاتوون، بە پیشەنگایەتی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کەجەکە، لە ١١ی تەمووزدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی دوکان لە شاری سلێمانی، مەراسیمێکیان ئەنجامدا و چەکەکانیان سووتاند، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عبەدوڵا ئۆجالان لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە ١٩ی حوزەیران بڵاوکرایەوەو لە ٩ی تەمووز پەخشکرا.
ژنانی کامپی مەخموور سەبارەت بە بینینی ڤیدیۆی ڕێبەری گەلی کورد و ڕێوڕەسمی سووتاندنی چەکی گەریلا بۆ دەزگاکەمان قسەیان کرد.
"هەستمان دەکرد لەدایک بووینەوە"
فادیلە پیرانی لە سەرەتای قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی ٢٦ ساڵە وێنەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانی نەبینیوە و وتی: کاتێک ڕووخساری ڕێبەرمان بینی و دەنگی ڕێبەرمان بیست، شادیمان ئەزموون کرد، ساتەکانی سۆزداری و فرمێسک لە چاوەکانمانەوە ڕژا، هەستمان کرد کە لەدایک بووینەوە و گەلی کورد و جیهان ئەزموونی نوێبوونەوەیان کرد، مرۆڤ ناتوانێت هەستەکان دەرببڕێت لەو ڕۆژە مێژووییە لە یەک کاتژمێردا.
"دەوڵەتی تورکیا دەبێت لە ئێستاوە هەنگاو بنێت"
فادیلە پیرانی تیشکی خستە سەر بەرپرسیارێتی دەوڵەتی تورک و وتی: ڕێبەرێتی ئەوەی کە بڕیارە بیکات کردوویەتی و دەوڵەتی تورکیش دەبێت بەو پێیە هەنگاو بنێت، ڕێبەر خوێنڕشتن و شەڕەکەی ڕاگرت، زیان لە لای ئێمە و ئەوانیش هەبوو کە ڕێبەر ویستی ئەم خوێنڕشتنە بوەستێنین بۆ پرۆسەیەکی ئاشتی و برایەتی و پێکەوە بژین.
"گەریلاکان خۆیان چەکەکانیان سووتاندووە و ڕادەستی کەسیان نەکردووە"
فادیلە پیرانی درێژەی بە قسەکانی دا و تیشکی خستە سەر سووتاندنی چەک و وتی: ڕێبەر وتی: "ئێمە شەڕ دەوەستێنین، چەکەکان بێدەنگ دەکەین"، هەروەها ڕێکخراوەکەمان وتی "پڕۆسەی شەڕ دەکەینە پڕۆسەی ئاشتی و خۆمان لە مەراسیمێکدا چەکەکانمان سووتاند و رادەستی کەسمان نەکرد" ئێمە بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی بینینی گەریلا بووین. لەبەردەمیاندا هاوسەرۆکی کەجەکە هەڤاڵ بەسێ بوو و زۆر بە شکۆمەندانە چوونەتە ناوچەکە، چەکەکانیان دانا و دواتر سووتاندیان، دەبێت دەوڵەتی تورکیش بە بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، چونکە هەموومان پێویستمان بە خاوەندارێتی ئەم پرۆسەیە هەیە، چونکە هێشتا ڕێبەرو زیندانییەکانی دیکەمان ئازاد نەکراون.
"ئێمە هەنگاو نانێینە دواوە تا ئازادی ڕێبەرەکەمان بەدەست نەهێندرێت"
فادیلە پیرانی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەوڵەتی تورک ئێمەی خستە ژێر هەموو جۆرە هێرش و ئەشکەنجەیەکەوە و هەوڵیدا ئێمە بکاتە سیخوڕ، ئێمە ئەمەمان قبوڵ نەکرد، گوندەکانمان سووتێنران و هاتووین بۆ ئەم بیابانەی مەخموور، ئێمە تووشی چەندین سەختی جیاواز بووین، لە نەبوونی ئاوەوە بۆ زۆر شتی تر، بەڵام ئێمە بەڵێنمان بە ڕێبەرو گەریلاکانمان داوە کە هەنگاو نانێین بۆ دواوە تا ئازادی ڕێبەرەکەمان بەدەست نەهێنرێت.
"وێنەی ڕێبەرمان بینی و زۆر دڵخۆش بووین"
قودرەت پیرانی ڕایگەیاند کە ئەم پڕۆسەیەی دەستی پێکردووە زۆر دڵخۆشی کردوون و وتی: ئێمە زۆر دڵخۆشین چونکە وێنەی ڕێبەرمان بینی و دەنگی ڕێبەرمان بیست، ئاهەنگێکمان سازکرد، دوای بانگەوازی ڕێبەر با وەک کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان یەکبگرین و لەگەڵ گەلانی دیکەی جیهان پێکەوە بژین، ماوەی ٣٠ ب٠ ٤٠ساڵە شەڕ لە نێوانیاندا هەیە کورد و تورک و عەرەب و لە ئەنجامدا نە ئەوان و نە ئێمە لەناو نەچووین.
سەبارەت بە لەناوبردنی چەکی گەریلا و وتی: لە ١١ی مانگدا، لەسەر بانگەوازی ڕێبەر، گەریلا چەکەکانیان سووتاند و نیشانیان دا کە ئەوان دڵسۆزن بۆ ڕێبەر، ئێمەش سیاسەت دەکەین و پەرە بەخۆمان دەدەین.
"ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە"
قودرەت پیرانی لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد ئێستا نۆرەی دەوڵەتە و وتی: ئێمە ساڵانێکە دژی یەکتر دەجەنگین، نە ئەوان و نە ئێمە سەرکەوتوو نەبووین، ڕێبەر سێ جار بانگەوازی کرد، تەڤگەری ئازادی گشتی بانگەوازەکانی ڕێبەری جێبەجێ کرد، ئێستاش نۆرەی دەوڵەتی تورکیایە، ئێمە ئەوەی لە تواناماندایە کردوومانە، ئێستا دەوڵەت دەبێت ئەوەی لە توانایدا بێت بیکات. بانگەوازی من بۆ هەموو کوردو نیشتمانپەروەرانی تورکیا دەستی یەکبگرن و لە برایەتیدا بژین.