پۆلیسی ئێران دەست دەکاتەوە بە گەڕان بەدوای ئەو ژنانەی سەرپۆش ناکەن و سزایان دەدات

دژی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، سزای وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەر ئێران بەس نییە و پۆلیسی ڕەوشتیش دەست دەکاتەوە بە سزادانی ژنانی بێ حیجابی ناچاری لەسەر شەقامەکان.

ناوەندی هەواڵ

 

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ١٦ی تەمموز ڕایگەیاند، "پۆلیسی ڕەوشت" لە شەقامەکاندا بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی ئێران دەست دەکاتەوە بە گەڕان، ئەمەش ١٠ مانگ دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دێت کە بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا و ڕاپەرین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و بەردەوامی هەیە.

 

هاوکات توندڕەوە ئیسلامییەکان داوای دەستپێکردنەوەی گەڕانی پۆلیس دەکەن لەسەر شەقامەکان، بەپێی یاسای ئێران، کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی وڵاتەکە بۆ شەریعەت دامەزراوە، ژنان دەبێت قژیان بە سەرپۆش داپۆشن و جلوبەرگی درێژ لەبەر بکەن بۆ شاردنەوەی لەشیان، پۆلیسی ڕەوشت دانراوە بۆ دەستگیرکردنی ژنان بەبیانووی نەپۆشینی جلوبەرگی گونجاو.

 

پابەند نەبوونی ژنان بە حیجاب ترسی خستووەتە دڵی ڕژێمی ئیرانەوە

لە ماوەی چەند مانگی ڕاپەریندا، زۆرێک لە ژنان بە تەواوی وازیان لە بەکارهێنانی حیجاب هێنا، ئەمەش ترسی بۆ دەسەڵاتی ڕژێمی ئێران لەوەتای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ەوە دروست کردووە، ئێران لە دوای شۆڕشەوە چەندین جۆری "پۆلیسی ڕەوشت"ی هەبووە، ئەوەی بە فەرمی ناسراوە بە پاسەوانی ڕێنمایی (گاشت-ئی ئێرشاد) ، لە ساڵی ٢٠٠٦ دەستی بە پاسەوانی کردن کرد، هێشتا ڕوون نییە چەند ژن و پیاو بۆ ئەو هێزە کار دەکەن، بەڵام دەستیان بە چەک و ناوەندەکانی زیندانیکردن و هەروەها ئەوەی پێی دەوترێت ناوەندی دووبارە پەروەردەکردنەوە، کردووە.

 

لە وەڵامی سەرکوتکردنی توندوتیژی ئێران بۆ سەر خۆپیشاندەران، بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا ساڵی ڕابردوو سزایان سەپاند بەسەر پۆلیسی ڕەوشت و کەسایەتییە باڵاکانی دیکەی ئاسایشدا، بەڵام ئەم هەوڵە وەک پیویست نییە و ڕژێمی ئیران بەردەوامە لە توندوتیژییەکانی بە تایبەت بەرامبەر ژنان.