"حکومەتە دیکتاتۆرەکان هۆکاری خۆکوشتنن"

بێکاری، جیکاری ڕەگەزی، هاوسەرەگیری زۆرەملێ، توندوتیژی و ئەشکەنجەی ناو زیندانەکان لە هۆکارە دیارەکانی زیادبوونی خۆکوژین لە ئێران، حکومەتیش بێباکە لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان کە داهاتووی گەنجانی خستووەتە مەترسییەوە.

شەهلا محەممەدی

 

ناوەندی هەواڵ- پەروین ئازاد، چالاکوانی مافی منداڵان، هۆکارەکانی خۆکوژی لە ئێران ڕووندەکاتەوە، لە کاتێکدا ئێستا "پرسی ئابووری و کۆمەڵایەتی" وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان دادەنرێت، "هەژاری، بێکاری، جیاکاری، نەخوێندەواری، هاوسەرگیری زۆرەملێ، هاوسەرگیری منداڵ، فشاری دەروونی، خەمۆکی، ئالوودەبوون بە مەی و ماددە هۆشبەرەکان، کێشەی خێزانی و..." بەشێکی دیکەن لە هۆکارەکانی زیادبوونی ڕێژەی خۆکوژی.

 

پەروین ئازاد لە سەرەتادا باسی لە کاریگەری بێکاری کرد لە ئێران: " کرێکارێک کە بە مووچەی ٤ بۆ ٥ ملیۆن تومەن بژێوی خێزانەکەی دابیندەکات و لەناکاو بێکار دەبێت، لەم بارودۆخانەدا بینراوە سەرەتا بنەماڵەکانیان لەناوبردووە و دواتر خۆیان کوشتووە، کاتێک مرۆڤەکان لە ژێر هێڵی هەژاریدان و فشارە ئابوورییەکان زۆردەبن و ناتوانن خەرجییەکانیان دابین بکەن پەنا بۆ خۆکوژی دەبەن، ڕێژەی خۆکوشتن لە هەر پارێزگایەک جیاوازە، لە ئیلام، لوڕستان، خوزستان، کرماشان و ناوچە بێبەشکراوەکان زیاترە."

 

پەروین ئازاد، کەمبوونەوەی ڕێژەی خۆکوشتنی هەڵسەنگاند، لە کاتێکدا دوای سەرکوتکارییەکانی ڕژێمی ئێران وەک کاریگەرییەکانی شۆڕش "ژن، ژیان ، ئازادی"، زیادی کردوەتەوە:" لە ڕوانگەی دەروونناسی و کۆمەڵناسیەوە، خۆکوشتن بۆماوەیی و سروشتی نییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، واتە سیستەمی کۆمەڵگە دەبێتە هۆی خۆکوشتنی مرۆڤەکان."

 

ڕێژەی زۆرینەی خۆکوشتنەکان لە نێوان تەمەنی ١٨ بۆ ٢٤ ساڵیدایە و وتی: " چاوەڕوانی خەڵک و بە تایبەت گەنجان لە شۆڕشی ژینا، هیوای ژیان و ئایندەیەکی باشتربوو کە دوای شۆڕش سیستەمێک دروست ببێت و کۆتایی بەم حکومەتە تاوانکارە بهێنێت، هەرچەندە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام کەمبووەتەوە، بەڵام شۆڕش بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە وەک، نافەرمانی مەدەنی و دەرکەوتنی ژنان بەبێ حیجابی زۆرەملێ لە شەقامەکان، ژەنینی ئامێرە مۆسیقییەکان، گۆرانی وتن و سەما کردن، هەروەها ناڕەزایەتی خوێندکاران بەردەوامە و لە ڕاگەیاندنەکاندا "نا بۆ حکومەتی ئیسلامی"یان نووسیوە، ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە خەبات هێشتا بەردەوامە، هەرچەندە بێهیواییەک لە ناو گەنجان و خەڵک بەدیدەکرێت، بەڵام شۆڕش شتێک نییە بکوژێنرێتەوە."

 

" ئەشکەنجەدانی گەنجان لە زیندانەکان داهاتوویان دەخاتە مەترسییەوە "

سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی گەنجان لەناو زیندانەکان وتی: " دەزانین ڕژێمی ئێران تاوانکارە و گەنجان و خۆپیشاندەرانی زیندانیکراوی شۆڕشی ژینا ئەشکەنجە دەدات، ناچاریان دەکات مادەی هۆشبەر بخۆن، ئەمەش کاریگەری لەسەر دەروونیان دەبێت و تەنانەت پێش ئازادکردنی ئەو کەسانەش دەرزییان لێدەدەن و لەژێر کاریگەری ئەو دەرزیانە دەمێننەوە، دوای ئازادبوونیان خۆیان دەکوژن، ڕژێم لە ڕاگەیاندنەکان وا نیشانی دەدات ئەو کەسانە کێشەی دەروونییان هەبووە و لە زیندان تووشی جەڵتەی مێشک بوون."

 

بەم شێوەیە بەردەوامبوو: " خێزانەکانیان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیا بیانیەکان ڕایانگەیاندووە کە منداڵەکانیان هیچ کێشەیەکیان نەبووە، دوای دەستگیرکردنیان ئەشکەنجەیەکی زۆریان بەسەردا سەپێنراوە، مادەی هۆشبەریان بە زۆرەملێ پێدراوە، کاتێک لە ژێر ئەشکەنجە و فشاردا دانپێدانانێکی زۆرەملێیان لێوەردەگرن کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا، منداڵی تەمەن ١٥ و ١٦ ساڵان بوون کە دوای چەند ڕۆژێک لە ئەشکەنجەدانیان لە زیندان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا."

 

پەروین ئازاد ئاماژەی بەوە کرد، نابێت چاوەڕوان بکرێت ڕژێمی ئێران گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان بدات: " بیر لە خوێندکارێک بکەرەوە کە بڕوانامەی خوێندنی باڵای هەبێت، دوای تەواوکردنی زانکۆ بەدوای کارێکی گونجاودا دەگەڕێت کە پەیوەندی بە بوارەکەی خوێندنەوە هەبێت، بەڵام لە بازاڕی کاردا هیچ هەلی کار بوونی نیە، زۆربەی ئەو گەنجانەی خوێندنی باڵایان هەیە بێکارن، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجان هەست بە بەتاڵی بکەن."

 

جیاکاری نێوان ژن و پیاو لەناو کۆمەڵگە، هەروەها هاوسەرگیری زۆرەملێ و لە تەمەنی منداڵی کە لە ئەنجامی یاساکانی پیاوسالاری دروست دەبن، بەهۆی فشارە دەروونییەکانیشەوە دروست دەبن، ئەم ژنانە یان هەڵدێن یان خۆیان دەکوژن، لە زۆر حاڵەتدا لە ژێر ناوی شەرەف دەکوژرێن.

 

ئەم چالاکوانی مافی منداڵانە وتی: " دۆخی باوکێک لەبەرچاو بگرن کە لە زینداندایە و توانای دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی نییە، هاوسەرەکەی بە هەر شێوەیەک بێت دەبێت بژێوی خێزانەکە دابین بکات، تەنانەت هەندێک جار ڕوو لە لەشفرۆشی دەکەن، لەم خێزانانەدا منداڵان ناچارن واز لە خوێندن بهێنن و کار بکەن."

 

وتیشی: "هەموو ئەم پرسانە بە زنجیر و بەیەکەوە بەستراون، حکومەتە دیکتاتۆرەکانیش تەنانەت کەمترین بایەخ بەو بابەتانە نادەن و نایانەوێت کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر بکەن، زیاتر فشاری دەروونی و ئابووری و کۆمەڵایەتی دەخەنە سەر خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ."

 

لە کۆتایدا پەروین ئازاد ئەوەی خستەڕوو: " لە زۆرێک لە وڵاتان ناوەندەکانی چارەسەری دەروونی و تەلەفۆنی فریاگوزاری تەواوی کاتژمێرەکان کاردەکەن، زیادکردنی خزمەتگوزارییەکانی ژیانێکی ئاسوودی و ڕاوێژکاری بێبەرامبەر، کەمکردنەوەی توندوتیژی خێزانی و گرنگترین پرسی دروستکردنی هیوا و ژینگەیەکی ئارام پێشکەش دەکەن، بەڵام لە ئێران، چونکە حکومەتی دیکتاتۆر حوکمڕانی دەکات، نەک هەر بودجەیەک بۆ ئەم بابەتە تەرخان ناکرێت، بەڵکو هەموو بودجەکان لەبەردەستی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکارەکاندایە."