داوا دەکرێت عێراق پابەندی پەیماننامەی ڕۆما بێت

دوای ئەو هەموو تاوانەی بەرامبەر بە گەلی کورد لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوا یەکەکانەوە ئەنجامدراوە و ئەو نادادپەروەریەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا هەیە، داوا دەکرێت عێراق پابەندی  پەیماننامەی ڕۆما بێت.

سلێمانی

 

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لە شاری سلێمانی  تۆڕی ڕێکخراوەکانی جینۆساید یادی ٢٥ ساڵەی ڕۆژی جیهانی دادپەروەری کردەوە.

 

لە یادەکەدا بەیاننامەیەک لەلایەن شاڵاو عەلی، ئەندامی تۆڕی هاوپەیمانی ڕێکخراوە کوردستانییەکان، خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، ٢٥ ساڵ پێش ئێستا و لە ١٧ی تەمموزی ١٩٩٨دا پەیماننامەی ڕۆما بڕیاری لەسەر دراوە و ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر کردووە، عێراقیش لە ١٥ی شوباتی ٢٠٠٥ پەیوەست بووە بەو ڕێککەوتنەوە، بەڵام دوای دوو هەفتە بە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک پاشەکشەی لەو پایماننامەیە کرد.

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: ٢١ ساڵە ئەم دادگایە بووە بە بەربەست لە کەمکردنەوەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد دەکرێت و ١٨ ساڵە کار بۆ ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دەکەین، بۆ ئەوەی تاوانی زیاتر بەرامبەر گەلەکەمان ئەنجام نەدرێت، بۆیە ئێمە داوا دەکەین عێراق پەیماننامەی ڕۆما واژۆ بکات، هەروەها داوا لە حکومەت دەکەین ئەو ٢٥٨ تۆمەتبارەی لە تاوانی ئەنفال تێوەگلابوون دادگایی بکرێن، قەرەبووی قوربانیانی ئەنفال بکاتەوە، حکومەتی عێراق پێشوازی لە هیچ هەسێک نەکات ،کە لەلایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتیەوە داواکراو بێت.

 

"نادادپەروەری دەگەڕێتەوە بۆ جومگەکانی دەسەڵات"

گەردە مامەحەمە، چالاکوان، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستاندا دادپەروەری بە ڕێژەیەکی کەم هەیە، دادپەروەوری نییە بەرامبەر بە کەسانی ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووس، ڕۆژ بەڕۆژ کوشتن و تیرۆر زیاد دەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نادادپەروەری جومگەکانی دەسەڵات، هەر دەسەڵاتیشە نادادپەروەری بەسەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت، بۆیە ئێمە داوا دەکەین کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسان و ئەو ژنانەی کە بە بێ هۆ دەکوژرێن بە لاڕێدا نەڕوات و داوای دادپەروەری یاسا دەکەین.

         

 

پەیماننامەى ڕۆما له ١٧/٧/١٩٩٨ لەلایەن ١٢٤ وڵاتەوه لەڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بڕیارى لەسەر درا و دواى هەموارکردنەوەى بۆ چەندین جار له ١٧ی تەمموزى ٢٠٠٢ دادگاى تاوانى نێودەوڵەتی لێ دامەزرا، تا ئێستا ١٣٩ وڵات واژۆیان لەسەر پەیماننامەى ڕۆما کردووه.

 

دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ناوەندێکی ڕێگە گرتنە لە ئەنجامدانی تاوانی ژینۆساید و دژ بەمرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و تاوانی دوژمنکاری و بە دادگایی گەیاندنی بکەرانی و رزگار نەبوونیان لە سزادان.