چیدەم دۆغو: پێویستە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لە نێوان گەلاندا پێكبهێندرێت

چیدەم دۆغو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەژەکە ڕایگەیاند، پێویستە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی پێكبهێندرێت کە هەمووان بگرێتەخۆیی سەرچاوەی ئەمەش مانیفێستۆکەی ڕێبەر ئاپۆیە، بۆیە پێویستە کۆمیسیۆنەکە دیداری ڕێبەر ئاپۆ بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

چیدەم دۆغو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەژەکە، بەشداریی بەرنامەی تایبەتی مەدیا خەبەر تیڤی بوو وتێیدا هەڵمەتی ١٥ـی ئابی هەڵسەنگاند هەروەها هەڵسەنگاندنی بۆ ئەرکی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان کرد.

 

بەشێک لە هەڵسەنگاندنەکانی چیدەم دۆغو بەمشێوەیەیە:

"٤١ـهەمین ساڵیادی ١٥ـی ئابە. لەگەڵ ئاستی تێکۆشانی هەنووکەییماندا بۆ سەرلەنوێ مانادارکردنی ١٥ـی ئاب، ئەرک و بەرپرسیارێتیی سەرەکیمانە کە هەڤاڵ عەگید کە فەرماندەیی یەکەم فیشەکی کرد و هەموو شەهیدانی شۆڕشگێڕ، بەبیربهێنینەوە.

 

١٥ـی ئاب لە تورکیا و کوردستان، لەڕاستیدا بۆ لەناوبردنی نکۆڵیکردن لە کورد، گوزارشت لە دەستپێک دەکات. ئەم فیشەکەی دەستپێک، هەم لەنێو کورد و هەم لەنێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ترسی شکاند، بووە ڕۆژێکی سیمبولی.

هەربۆیە لە ئاستی هەنووکەییدا ئێمە ١٥ـی تەباخ بەم شێوەیە مانادەکەین. واتا وەکو پرۆسەیەکی شەڕ و خۆپاراستن بوو، کە کۆتایی بە نکۆڵیکردنی کورد هێنا، بۆ گەلی کورد، گەلان و ژنان بەهاکانی ئازادی هێنایە کایەوە.

 

لە کەسایەتیی هەڤاڵ عەگید و هەڤاڵ زیلاندا، لە کەسایەتیی هەڤاڵ سۆفی و هەڤاڵ کۆچەرۆدا کە شەهیدبوونیا ڕاگەیاندرا، هەموو شەهیدانی شۆڕشمان بە ڕێز، خۆشەویستی و پێزانینەوە بەبیردەهێنمەوە. بەڕاستی ئەمڕۆ کە ئێمە باسی پرۆسەیەکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی دەکەین؛ کە باسی ئەوە دەکەین بەهاکانی گەلی کورد بەرەو پرۆسەیەکی نوێ دەچێت، باسی دامەزراندنی سیستەمی ئازادبوون دەکەین، قەرزداری شەهیدانمانین بۆ ئەمە. بێگومان سەرخستنی ئەم تێکۆشانە وەڵامی سەرەکیمان دەبێت بۆ ئەوان.

 

کۆمیسیۆن پێویستە بە دیدگایەکی مێژوویی و زانستییەوە مامەڵە بکات

دامەزراندنی کۆمیسیۆن زۆر گرنگە، لە بنەڕەتدا ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم کۆمیسیۆنە تا چەند ئەو نکۆڵیکردنەی کورد کە ١٠٠ ساڵ بەردەوامبوو، دژایەتیکردنی گەلان، دژایەتیکردنی ژن و دژایەتیکردنی بەها دیموکراتیکەکان لەناودەبات؛ تا چ ئاستێک چارەسەری دەدۆزێتەوە. بێگومان ئێمە لەم ڕووەوە سەیری دەکەین؛ ئەگەرنا، هەنگاوێکی مانادار و خاوەن گرنگییەکی مێژووییە.

 

پێویستە کۆمیسیۆن مامەڵەیەکی زانستی و ستراتیژیی هەبێت. ڕێبەر ئاپۆش زۆر جار باسی ئەمەی کرد. هەندێک جار دەوڵەت باخچەلیش ئاماژەی پێکرد. ئێمەش دەزانین کە ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ١٩٩٠ـەوە باسی ڕێکەوتنی ستراتیژیکی گەلانی کورد و تورک دەکات.

 

مێژوویەکی هەزار ساڵە هەیە کە لە مەلازگرت دەستیپێکرد. نزیکەی ٨٠٠-٨٥٠ ساڵی ئەم مێژووە بەگشتی لەسەر بنەمای ڕێکەوتن، بەتایبەتیش لەسەر بنامەی ڕێکەوتنی ئەرێنی تێپەڕی. بەڵام ١٠٠-١٥٠ ساڵی ڕابردوو، ئەگەر بە ڕوونی بڵێین؛ لە دامەزرادنی کۆماری تورکیا بەدواوە، کە سەد ساڵ شەڕی قورس و تراومای گەورەی لێکەوتەوە.

 

هەربۆیە کۆمیسیۆن لەجیاتی سەیرکردنی ئەمڕۆ، پێویستە بە دیدگایەکی زانستی و مێژوویی مامەڵە بکات و ئەو بەهایانەی کە لە مێژوودا پێویستە لەدەوری کۆبینەوە و ئەوانەی پێویستە ڕەتی بکەینەوە، بەباشی دیاریبکات. لەم ڕێگەیەوە، هەم چارەسەریی پرسی کوردی ئەمڕۆ و هەم ڕێوشوێنەکانی چارەسەری کێشە گەورەکانی تر، دەتوانن دەستنیشان بکرێن. هەربۆیە پێویستە کۆمیسیۆن پێشەنگایەتی بکات.

 

بەدڵنیاییەوە دەبێت دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بکات

لێرەدا پێویستە بوترێت: بۆئەوەی بتوانێت ئەمە بکات، پێویستە کۆمیسیۆن بەدڵنیاییەوە دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا بکات، گفتوگۆی لەگەڵ بکات و ئەو دیدگایە لەبەرچاو بگرێت کە دەیخاتە ڕوو. لەبەرئەوەی ڕێبەر ئاپۆ کەسێک نییە کە وەکو نوێنەری ئاسایی پارتێکی سیاسی یاخود ڕێکخراوێک سەیربکرێت. ئەو ستاتۆیەکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئاشتی خستووەتە ڕوو.

ئەگەر ئەم ستاتۆیە بە باڵەخانەیەک بچوێنین، ڕێبەر ئاپۆ وەکو بناغەی ئەم باڵەخانەیەیە؛ هێزی سەرەکییە کە ئەم باڵەخانەیە لەسەر پێ ڕادەگرێت. لەبەرئەوە ڕۆڵی پێشەنگی و ڕێبەرێتیی ئەو، جێی قسەلەسەرکردن نین.

ئەو تێڕوانینانەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە مانیفێستۆکەیدا و هەڵسەنگاندنەکانی پێشتر باسی کردوون، خاوەن بیرۆکەی زۆر گەورە و مەزنن. ڕێبەرێتی ئەم کارە بە جددییەتێکی گەورەوە ئەنجامدەدات.

هەربۆیە پێویستە کۆمیسیۆن گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ بگرێت، بە جددی وەریبگرێت، بەگوێرەی ئەمە مامەڵەی خۆی دیاریبکات، کاربکات کە ئەمە پێوەری سەرەکی سەرکەوتنە. ئێمە بەم شێوەیە دەڕوانینە کاری کۆمیسیۆن.

 

تورکیا پێویستی بە پەیمان و  دەستوورێکی نوێی هەیە

تورکیا لە ڕووی جوگرافییەوە لە ئاستێکی زۆر ستراتژیکدایە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵکەوتووە. جوگرافیای ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بە هەزاران ساڵ، دەیان هەزار ساڵ ڕۆڵێکی وەها کاریگەریان هەبووە. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕۆڵە ستراتژیە گرنگە، بۆچی ئێمە وەک وڵاتێک ئەوەندە لاواز و موحتاجی دەرەوەین؟ بۆچی لەم کاتەدا لەگەڵ حکومەتی ئاکەپە، ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی تێکچووە؟ لە هەموو بوارەکاندا ژیانی بنەماڵەیی لەناوچووە. ژنان چیتر ناتوانن بژین، لە لێواری لەناوچوونن. سیستەمی پەروەردە ڕووخاوە، دروستکردنی بڕوانامەی ساختە بوەتە یەکێکە لە پرسە هەرە دیارەکانی ئەم قۆناغە. لە مامۆستای زانکۆوە تا بڕوانامەی دبلۆم لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا، پرسی ساختەکاری لە ئارادایە.

 

بۆچی لەم دۆخەدا دەژین؟ ئێمە وەک وڵاتیک لە لێواری لەناوچووندا دەژین. هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەش چارەسەر نەکردنی پرسی کوردە؛ نزیکبوونەوەی حکومەتی تورکیا بەرامبەر گەلی کورد عەقڵیەتی نکۆڵیکردنە لە بوونی گەلی کورد.

 

دەستووری بنەڕەتی ساڵی ١٩٢٤لە دەستووری کۆماری دووەمی فەرەنسا و دەستووری پۆڵەندا ئیلهامی وەرگرتووە و داڕێژراوەتەوە. پاشان هەندێک گۆڕانکاری و زیادکردن یان سڕینەوە بۆی کرا. بەڵام ئەم دەستوورە لەسەر بنەمای ١٠٠ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. ئەم دەستوورە بەتەواوی دژی کورد و کۆمەڵگایە و بۆ دەسەڵاتداری شوناسی تورک دروست کراوە. ئەم دەستوورە ڕێک وەکوو ئەوە وایە تورکیا پاڵبنێ لە لوتکەوە بیخاتە خوارەوە، ئێستا لە دۆخێکدایە کە بکەوێت.

 

باشە ئەگەر لەسەر ئەم کێشەیە پێداگری بکەین، زیاتر نکۆڵی لە کورد بکەین، لەناویان ببەین، جەخت لەسەر بەکار هێنانی سوپا و فڕۆکە و سیخوڕی بکەینەوە، ئایا دەتوانین ئەم وڵاتە لە کەوتنەخوارەوە لە لوتکەدا ڕزگار بکەین؟ یان زیاتر پاڵی دەنێین بەرەو کەوتن؟ کێشەکە لێرەدایە.

 

بەشێک لە کەسایەتییە دیارەکان بە سەرۆکایەتی پارتی کۆمۆنیستی تورکیا (تەکەپە)، ڕاگەیەندراوێکیان واژۆ و بڵاوکردەوە. کاتێک ئەم دۆخە بەناوی چەپ بوون یان شۆڕشەوە هەڵدەسەنگێندرێت، دۆخێکی کارەساتبار ڕوودەدات. ئەرکی شۆڕشگێڕان نابێت ڕێبازێکی وا بێت. نەریتی نەتەوەپەرەستی و شۆڤێنی لە تورکیا بەم دەستوورە و پەیمانی تورکیا قووڵتر بووەتەوە. دەبێت ئەمە ڕابگیرێت و گوتارێکی بەدیل لە شوێنی دابنرێت. ئەگەر ئەمە بکرێت، تورکیە دەتوانێت بەسەر ئەم لووتکەدا بفڕێت.

 

ڕێبەر ئاپۆ بە مانیفێست و تێکۆشانەکانی لە ماوەی ئەم چەندین ساڵەدا ئەم فۆرمە نیشان دەدات. تورکیا لە ئاستێکی گرنگی ستراتیژی و ژئۆپۆلوتیکیدایە؛ ئەگەر فۆرمێکی دەسەڵاتداری کە ئەم پرسە چارەسەر بکات، دیموکراسی بەرقەرار بکات و ئازاد بەدی بێنێت، ئەگەر یەکگرتوویی و هاوپەیمانییەک لە نێوان خەڵکدا دروست بکات، کێ دەتوانێت پێش لە تورکیا بگرێت؟ تورکیایەکی دیموکراتیک کە لەسەر بنەمای هاوپەیمانی ستراتژیکی گەل بنیات بنرێت، پێشکەوتنێکی جددی بەخۆیەوە دەبینێت.

 

بەڵام ئەو پارتانەی کە ئێستا خۆیان بە نەتەوەپەرەست پێناسە دەکەن - بە سەرۆکایەتی ئیی پارتی و پارتی زافەر "ZAFER" مۆرکی خۆیان لەسەر تێکچوونێکی گەورەی ئیکۆلۆژی لە تورکیا داوە. کێڵگە کشتوکاڵییەکان دەسوتێنرێن، زۆرێک لە باخەکانی زەیتون بەهۆی یاسای کانگاکان لەناو دەچن. ئەم وێرانکارییە بەبێ ڕەزامەندی خەڵک ئەنجام دەدرێت و لە تورکیاوە هەتا کوردستان بەردەوامە. خەڵک لە گوند و ماڵەکانیان دەردەکرێن، ناچار دەبن کۆچ بکەن.

 

ئەو نەتەوەپەرەستیەی کە لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا بێدەنگە، ئایا ئەو نەتەوەپەرەستیەیە کە بەڕاستی زێدی خۆی خۆشدەوێت یان تێگەیشتنێکی شەڕانگێز و شۆڤێنیستییە؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە و بابەتێکە کە پێویستە هەزاران کتێبی لەسەری بنووسرێت. چی پێویستە بۆ تورکیا، نەتەوەپەرەستی یان وڵاتپارێزی؟

خەڵک لە دۆخێکدان کە هەناسەدانیشیان زەحمەتە، ژنان ناتوانن بە ئاسانی لە شەقامەکاندا بڕۆن. خەڵک هەژار بووە. لە دۆخێکی وادا پەرەدان بە نەتەوەپەرەستی یان وتنی 'من نەتەوەپەرەستم' قبوڵکراو نییە.

 

پێویستە شوناسێکی وڵاتپارێزی لە تورکیا دروست بکرێت کە هەمووان لە خۆی بگرێت

نەتەوەپەرەستی تۆ مانای چییە؟ بەڕاستی ئەم دۆخە شایەنی قسەکردنە. بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر خوشک-برایەتی کورد و تورک و هاوپەیمانی ستراتژی نێوانیان دامەزرا، پێویستە جارێکی دیکە چەمکی نەتەوەیش بخرێتە بەر باسەوە. لەم دواییانەدا قسەوباسی 'تورک یان تورکبوون؟' بەرزکراوەتەوە. کەواتە، جیاوازی چییە؟ بۆ نموونە با پەرلەمانی تورکیا لەبەرچاو بگرین؛ بۆچی پێی دەوترێت 'تورکیا'؟ چونکە تورکیایە. ئەم جوگرافیایە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر بەم شێوەیە پێناسە کراوە و ناونراوە.

 

کەواتە، ئەگەر بوترێت 'گەلانی تورکیا' چی لەدەست دەچێت؟ ئەگەر بوترێت 'گەلی کورد'؟ گەلانی تورک، تورکمان، لاز، عەرەب چی لەدەست دەدات؟ بێگومان هیچ لەدەست نادەن. یانێ لە سەرەوە شوناسێکی تورکی خەیاڵی دروست بووە و لە دەوری ڕانت دروست کراوە. ئەمەش بە وتنی 'وڵاتم خۆشدەوێت' دروست بووە بۆ ئەوەی لە یەکتر تێگەیشتنێک دروست بکات کە هەموو شتێکی خۆشبوێت. لە ڕاستیدا هیچ دۆخێک بۆ دابەشبوون لە ئارادا نییە، بەڵام ئەم قسانە و ئەو ناوەندە ڕانتەی کە لە دەوریاندا دانراوە، نەریتێکی سیاسیی لێکەوتووتەوە.

 

ئەگەر دەمانەوێت بچینە ناو سەردەمێکی نوێیەوە، دەبێت ئەم عەقڵیەتە هەڵسەنگێندرێت و گفتوگۆی لەسەر بکرێت. دەبێت بپرسین: تۆ چ جۆرە نەتەوەپەرەستێکی؟ دارستانەکانت دەسووتێنرێت، کۆمپانیای کانگاکان، کۆمپانیا تایبەتە جۆراوجۆرەکان، ڕانت خۆران تاڵانیان دەکەن. لە کوردستان و ناوچەکانی تری تورکیا دارستانەکان دەسووتێنرێن، دارەکان دەبڕدرێنەوە. کەم ئاوی مەترسییەکی گەورەیە کە بەو هۆیەوە دروست بووە. ئەم کارەساتە تەنیا پەیوەندی بە ژینگە و کەشوهەواوە نییە، بەڵکوو لە ناوەڕاستی ئەمانەدا، سیاسەتی ڕانت خۆرەکان هەیە.

 

باشە تۆ دەڵێی من نەتەوەپەرستم؛ بۆچی پێش لەم کارانە ناگرن؟ بۆچی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکەن؟ لە دەشتەکانەوە تا شاخ، بەرد، ئاو، دارستان، ئاژەڵ، مرۆڤ، ژنان هەموو بازرگانیان پێیەوە دەکرێت. ئایا نەتەوەپەرەستی بەو شێوەیە دەکرێت؟ نەخێر. پێویست بە وڵاتپارێزیەکی ڕاستەقینە هەیە. پێویستە شوناسێکی وڵاتپارێزی تورکی دروست بکرێت کە تورکمان، لاز، چەرکەس، کورد، عەرەب، ئەرمەن، سریانی، مەسیحی و موسڵمان تێدا بەشداربن و هەموویان پشتیوانی لە یەکتری بکەن.

 

بۆیە پێویستە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ئازادی و دیموکراسی لە نێوان گەلاندا دروست بکرێت. هەروەها ڕێبەر ئاپۆ لە مانیفێستەکەیدا زۆر جەختی لەسەر ئەم بابەتە کردووەتەوە. پێویستە پەیوەندی نێوان گەلی کورد و تورک بە پەیوەندییەک پێناسە بکرێت کە هەبوونی یەکتر بپارێزن. پێویستە لەسەر بنەمای دیموکراسی دووبارە دابڕێژرێتەوە. لە ٢٠٠ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی لە ١٠ ساڵی دواییدا، زیانی گەورە بە پەیوەندی نێوان گەلی کورد و تورک گەیشتووە و نزیکبووەتەوە لە پچڕانی هەمیشەیی.

 

بۆ دووبارە داڕستنەوەی ئەم پەیوەندییە، پێویستە ئەو خاڵانە دیاری بکرێت کە دەبێت لە دەوریان کۆببینەوە. لەبەر ئەوەی دۆخ و سەردەمێکی نوێ هاتووتە پێش. کاتێک ئەم دۆخە لە چوارچێوەی سەدەی نوێ و ڕێنمایی هەزار ساڵەدا هەڵدەسەنگێندرێت، هاوپەیمانی ستراتیژی لەسەر چ پێناسە و ئارگومێنتێک بنیات دەنرێتەوە؟ ئەمە باسێکی زۆر گرنگە کە تا ڕادەیەکی زۆر لەبەرچاو ناگیردرێت.

 

دەبێت پێناسەی نوێ دروست بکرێن. رێبەر ئاپو جارێک بانگەشەی کردبوو کە: "من گەورەترین وڵاتپارێزی تورکیام" ئەم لێدوانە لە ساڵانی ١٩٩٢و ١٩٩٤چەندین جار دووبارە کراوەتەوە، کەواتە بۆچی لە تورکیا باسی ئەم پێناسەیە ناکرێت؟ وڵاتپارێزی تورکیا، دیموکراسی ڕاستەقینەی تورکیا، پێناسەی ئازادی هەموو دەبێت تاوتوێ بکرێت و بۆ گەل پێناسە بکرێتەوە. ئەم پەیمانە دەتوانرێت بە دەستوور بگەیەنرێتە ئاستێکی دیکە.

 

دەستووری بنەڕەتی لە ڕووی پێناسەکردنی لایەنی دەوڵەت و پەیوەندی دەوڵەت و کۆمەڵگا زۆر گرنگە. بەڵام هاوپەیمانیەکە پەیکەری کۆمەڵایەتیەکەی دادەڕێژێتەوە. بۆیە لە سەر بنەمای پەیمانی کۆمەڵایەتی، پەیمانی دیموکراسی یان کۆماری دیموکراتیک، تاوتوێ بکرێت."