یونیسێف: نینۆ هەڕەشە لە ملیۆنان منداڵ دەکات کە مەترسی تەندروستی و پەروەردەیان لەسەرە

شیکارییەکی ئەم دواییەی یونیسێف ئاشکرایکردووە کە دیاردەی پێشبینیکراوی نینۆ لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٢٧ بەهێزترین دەبێت لە مێژووی تۆمارکراودا، هۆشداریشیداوە لەوەی کە مەترسی ئاوارەبوون و بەدخۆراکی و پەکخستنی خوێندنیان لەسەر ملیۆنان منداڵ دروستکردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

منداڵان لە سەرانسەری جیهان بەهۆی هەڵاوسانی زۆری کەشوهەوا ڕووبەڕووی هەڕەشەی کەشوهەوای بێ وێنە دەبنەوە، نینۆ لە پێشەنگی لیستی ئەو قەیرانانەدایە کە ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی ملیۆنان کەس دروست دەکات، کاریگەرییەکانی لە تێکدانی ژینگە زیاترە، هەروەها کاریگەری لەسەر بنەماکانی ژیانی منداڵان دەبێت.

 

شیکارییەکی ئەم دواییەی یونیسێف کە ٦ی تشرینی یەکەم لە ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە دیاردەی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوای نینۆ لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٦ و ٢٠٢٧دا دەتوانێت ببێتە یەکێک لە بەهێزترین دیاردەی کە تا ئێستا تۆمارکراوە.

 

هۆشداریشی دا لە دەرئەنجامە مرۆییە لەڕادەبەدەر جددیەکان، لەوانە ئاوارەبوونی بەربڵاو، بەدخۆراکی، کەمیی ئاوی پاکی خواردنەوە، بڵاوبوونەوەی پەتاکان و پەکخستنی خوێندن، جگە لەوەی بارگرانییە ئابوورییەکان لەسەر خێزانەکان زیاتر دەکەن.

 

کاترین ڕاسیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ڕایگەیاند، کە کاردانەوەکانی نینۆ لەوە زیاترە کە شێوازێکی کەشوهەوای تێپەڕبوونە بۆ منداڵان، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسییە ڕاستەوخۆکان کە هەڕەشە لە باشبوونی کۆمەڵگە گەشەسەندووەکان دەکەن، داوای کرد پێشوەختە هەنگاوی نێودەوڵەتی بگیرێتەبەر بۆ پاراستنیان لەم کاریگەرییە پێشبینیکراوانە.

 

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە، ژمارەی ئەو منداڵانەی کە زۆرترین زیانیان بەر مەترسییەکانی کەشوهەوا هەیە لەسەر ئاستی جیهان بەم شێوەیە دابەشکراوە: ئاسیا و زەریای هێمن زۆرترین ڕێژەیان لە جیهاندا هەیە، کە نزیکەی ١٩٠ ملیۆن منداڵیان هەیە، ڕۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا: ٤١ ملیۆن منداڵ، ئەمریکای لاتین و کاریبی: بە هەمان شێوە، بە ٤١ ملیۆن منداڵ، ئەوروپا و ئاسیای ناوەڕاست: تا ٢٢ ملیۆن منداڵ، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا: نزیکبوونەوەی ٢٠ ملیۆن منداڵ.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەفریقاو بەتایبەتی سۆماڵ، بارودۆخی بارانی زیاتر لە ئاسایی دەتوانێت ببێتە هۆی لافاو و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و پچڕانی پەروەردە، هەروەها ئەم بارودۆخانە دەتوانن مەترسییەکان بۆ منداڵان لەو وڵاتانەی کە بەهۆی قەیران و ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەک ئەفغانستان و هتد زیاتر بکەن.

 

ڕێکخراوەکە ڕایگەیاندووە، کە نزیکەی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن منداڵ ” بەنزیکەی نیوەی منداڵانی جیهان” لە ئێستاوە بەرکەوتەی لانیکەم سێ مەترسی سەریەککەوتووی پەیوەست بە کەشوهەوا بوون، وەک وشکەساڵی، گەرمای زۆر و لافاو. جەختی لەوە کردەوە  کە کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا ڕۆژانە زیاتر لە ٢٠ هەزار منداڵ لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢٣ ئاوارەن، لە کاتێکدا ڕووداوەکانی کەشوهەوا لە ساڵی ٢٠٢٥دا خوێندنی نزیکەی ١٧١ ملیۆن خوێندکاری لە سەرانسەری جیهاندا پەکخستووە، نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەم ژمارانە بەهۆی نینۆوە بەرزببنەوە.

 

ڕوونیکردەوە، هەر دۆلارێک کە وەبەرهێنراوە لە کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات و خۆپاراستن دەتوانێت تا ١٥ دۆلار لە تێچووی چاکبوونەوە پاشەکەوت بکات، هەرچەندە کەمتر لە ١٪ی بودجەی مرۆیی لە ئێستادا بۆ کردەوەی پێشوەختە تەرخانکراوە، هەروەها داوای لە بەخشەرەکان و هاوبەشەکان کرد پێش ئەوەی پێداویستییەکان خراپتر بن، لەڕێگەی وەبەرهێنانی پێشوەختە، بەهێزکردنی خۆڕاگری کۆمەڵگەکان و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەرامبەر بە گۆڕانی کەشوهەوا، دڵنیابوون لەوەی کە یارمەتییە مرۆییەکان دەگاتە منداڵان و کۆمەڵگە زیانلێکەوتووەکان.