هانا شوان: یەکدەنگی ژنانی ڕاگەیاندنکار هێزێکە بۆ شکاندنی کولتووری پیاوسالاری

ڕۆژنامەنووس هانا شوان دەڵێت: هەمیشە باوەڕمان بەگەیاندنی دەنگەکان هەیە، ژنان دەتوانن جگە لەگەیاندنی دەنگی خۆیان و ڕۆڵ کاریگەری خۆیان پیشان بدەن، دەتوانن دەنگی ئەو گروپانە بن کە لەکۆمەڵگەدا پەراوێز خراون.

دێرین ڕەحیم

 

سلێمانی-لەگەڵ ئەوەی ژنان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسیدا بە توانایەکی بەرچاو دەردەکەون، بەڵام کولتووری پیاوسالاری و هەندێک بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتی هێشتا بەربەستن لەبەردەم دەرکەوتن، دەربڕینی بۆچوون و بەشداریی کاریگەری ژنان لە میدیادا، لەبەر ئەمە یەکدەنگی و یەکگرتوویی ژنانی ڕاگەیاندنکار تەنها هەنگاوێک بۆ پشتگیریکردنی یەکتر نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی ئەو کولتوورەو گەیاندنی دەنگی ژنان بە ئازادی و بەهێزی بۆ کۆمەڵگە، ژنانی ڕاگەیاندنکاربە پشتبەستن بە تواناکانی خۆیان لە نووسین، ڕاپۆرت، پێشکەشکردن و دروستکردنی ناوەڕۆک، دەتوانن کێشە و داواکارییەکانی ژنان بکەنە بابەتی گفتوگۆ، ئاگاداریی کۆمەڵایەتی زیاد بکەن و بە هەنگاوێکی کرداری بەشداری لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشەکانی ژنان بکەن.

 

یەکدەنگی ژنانی ڕاگەیاندنکار دەتوانێت لە قۆناغی تەنها باسکردنی کێشەکانی ژنانەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی کاریگەری و گۆڕانکاری، کاتێک ژنان لە میدیا پشتگیری و پشتیوانیی یەکتر دەکەن و تواناکانیان بۆ گەیاندنی پەیامەکانی ژنان بەکاردێنن، میدیا دەبێتە دەزگایەکی بەرگری لە ماف و دەنگی ژنان، نەک تەنها شوێنێک بۆ گواستنەوەی هەواڵ، بەڵکو بۆ شکاندنی کولتووری پیاوسالاری چونکە تەنها بە وشە ناکرێت؛ پێویستی بە دەنگێکی یەکگرتوو، بەردەوام و بوێرانەی ژنان هەیە. بۆیە پێویستە ژنانی میدیا لەگەڵ یەکتر بوەستن، ئەزموون و تواناکانیان هاوبەش بکەن و میدیا بکەنە دەنگێک بۆ ئەو ژنانەی کە هێشتا دەنگیان بە تەواوی نەگەیشتووەتە کۆمەڵگە، ڕۆژنامەنووس هانا شوان، سەرۆکی ڕێکخراوی راگەیاندن و روناکبیری ژنان قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

" یەگرتوویی ژنانی راگەیاندنکار پایەکی سەرەکی بەرەو پێشچوونیانە"

هانا شوان وتی: نەک هەر ژنانی ڕۆژنامەنووس ژنان بەگشتی کۆمەڵێک ڕێگرو بەربەسەست لەکایە جیاوازەکانی ژیانیاندا یەکێک لەو کایانەیی ژنان کاریگەری ڕاستەوخۆیان هەیە چالاکن تێدا بابەتی ڕۆژنامەوانیە، دەبینن ژنان لەیەکەم ساتی دەرچوونیان لەماڵەکانەوە کۆمەڵێک ڕێگری و بەربەست دێتە بەردەمیان تا دەگەنە شوێنی کارەکانیان، جۆری شوینی کارەکانیان هەلومەرجی ژینگەیی ئەو کارکردنەیان ئەو گرێبەستانەی واژۆی دەکەن، چۆنیەتی ئەو ژانرانەی کاری لەسەر دەکەن ئەمانە هەموو بەربەستی گەورەیی تێدایە، بەڵام دواجاریش ژنانێکی ڕۆژنامەوانی ئازا هەن لەهەقلا ئیش دەکەن  پەیامنیرن یان بیژەرن راگەیاندنکارن کە لەکەناڵەکاندا بوونەتە پایەکی سەرەکی بۆ کارکردن، یەگرتوویی ژنانی راگەیاندنکار پایەکی سەرەکی بەرەو پێشچوونیانە، پایەکی سەرەکی سەرکەوتنیانە، یەکدەنگی ژنانی ڕاگەیاندن هێزێکە بۆ شکاندنی کولتووری پیاوسالاری و بەرگری لەدەنگی ژن، بۆیە ئەمە دەبیتە یەکیک لەپایە سەرەکیاکان بۆ بەرەوپێش بردنی تاک بەتاکی ژنانی  ڕۆژنامەوان لەهەر شوێنک کاربکەن، پێویستە ژنانی میدیا لەگەڵ یەکتر هاوکاری و پشتگیری بکەن و لەبری ئەوەی هەر یەکەیان بە تەنیا ڕووبەڕووی کۆسپەکان ببێتەوە، بە یەکدەنگی داواکاری و کێشەکانیان بخەنەڕوو چونکە یەکگرتوویی دەتوانێت هێزی ژنانی میدیا زیاتر بکات و دەرفەتیان بدات بە شێوەیەکی کاریگەرتر کاریگەری لەسەر بڕیار ڕای گشتی و ئاراستەی کۆمەڵگە دابنێن، ئەرکی ژنانی ڕاگەیاندنکار تەنها خستنەڕووی کێشەکان نییە بەڵکو دەبێت بەدوای هۆکار و چارەسەرەکانیشدا بگەڕێن، لە ڕێگەی ڕاپۆرت و گفتوگۆو بەدواداچوونی میدیاییەوە دەتوانن کێشەکانی ژنان بکەنە بابەتی گفتوگۆی گشتی و فشارێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن بۆ گۆڕان و چارەسەر.

 

"ژنانی ڕاگەیاندنکار دەتوانن دەنگی ئەو گروپانە بن کە لەکۆمەڵگەدا پەراوێز خراون"

وتیشی: هەمیشە باوەڕمان بەگەیاندنی دەنگەکان هەیە ژنان دەتوانن جگە لەگەیاندنی دەنگی خۆیان و ڕۆڵ کاریگەری خۆیان پیشانبدەن، دەتوانن دەنگی ئەو گروپانە بن کە لەکۆمەڵگەدا پەراوێز خراون ئەو ژنانەیی کەرووبەڕووی چەوساندنەوەی یاسایی دەبنەوە ئەو ژنانەی ڕووبەرووی ئاستەنگی گەورەیی کارکردن دەبنەوە، ئەو ژنانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن، یان ئەوانەی هەلی کار و خوێندنیان نییە، دەتوانن ژنان بەتەواوی لەباردۆخی کۆمەڵگە تێدەگەن لەو وردەکاریانە بەباشی تێدەگەن دەتوانن گەیەنەری دەنگی ئەوانەش بن، ژنانی میدیاکار ئەرکێکی قورسیان لەسەرە بەتایبەتی ئەو ژنانەی لەبواری ڕاگەیاندن کاردەکەن، میدیا بەگشتی ئەرکێکی قورسیان لەبەرامبەر کۆمەڵگەدا لەسەر شانە، لەبەرئەوەی کۆمەلگەی ئێمە چەندین جۆر و گروپی تێدا هەیە کە پەراوێز خراون، پێویستە میدیا زۆر بەوردی کار لەسەر گەیاندنی دەنگیان بکات، کار لەسەر گرنگی و پێگەیی ژنان بکات لەکۆمەڵگەدا، پێویستە ژنانی میدیاکار بەهەموو کایەکی ژیاندا پێڕابگەن بتوانن کاری لەسەربکەن هەموو ئەو کەلێنانەی کەهەیە گفتوگۆیی لەبارەوە بکەن، پێویستیشە خۆیان بتوان تواناکانیان ئەوەندە پەرە پێبدەن بۆیە بتوانن لەهەموو کایەکانی ژیاندا بەشداری بکەن، هیچ کایەیەک قۆڕخ نەکراوە بۆ ڕەگەزێک بەڵکو هەموو کایەکانی ژیان هی هەردوو ڕەگەزەکەیە.

 

" ژنانی ڕاگەیاندنکار هێزو توانایەکی لەرادەبەدەریان هەیە بۆ کارکردن"

هانا شوان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە ژنان خۆیان بەتوانابکەن ئازایانە و چاونەترسانە وەک کردوویانە ژمارەیەکی زۆریان بێنە پێشەوە، دەتوانن لەکایە میدیایەکاندا ڕۆڵ و نەخشیی جوان بگێرن، بەتوانایی بەکارامەیی زیاترو بەهێزیی گەیاندنی دەنگەکان ڕەنگ دەداتەوە، ئەمە پێداویستیەکی سەرەکییە، کۆمەڵگەی ئێمە پێویستی بەم جۆرە گفتووگۆیەیە لەسەر بوارە یاسایەکان و کۆمەڵایەتیەکان و توندوتیژیەکان کە بەرامبەر ژنان دەکرێت، کوشتنی ژنان و خۆوسوتاندنی ژنان پێویست دەکات ئەمانە هەموو بەوەردی گفتوگۆی لەسەر بکرێت، ئەم گفتوگۆیە نابیت لەنیوان دوو ژندا بێت بەڵکو ئەمە گفتوگۆیی کۆمەڵگەیە ئەمانە دەبێت کەسانی پسپۆڕ و بەتوانا لەم بوارەوە بێنە دەست ئەرکی تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە لەبەرامبەر بەڕەنگاربوونەوەی کێشە کۆمەلایەتیەکاندا بەشداربن، دەبێت ژنان کارامەیەکانیان زیاد بکەن و هێزو توانایی خۆیان کۆبکەنەوە، ژنانی ڕاگەیاندنکار هێزو توانایەکی لەرادەبەدەریان هەیە بۆ کارکردن هێز و توانایی خۆتان کۆبکەنەوە لەبری سەرقال بوون بەکۆمەڵێک کێشەی لاوەکیەوە پێویست دەکات زیاتر ئامانجەکان دیاریکراو بێت پلانیکی ورد هەبێت یەگرتووبن لەگەڵ هاوڕەگەزەکانتاندا.

https://youtu.be/r1-TifVbsS8?si=CRlRvJ5Q1ZiREYjy