ئێران لە ژێر ناوی چاکسازیی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان فراوانتر کردووە

یاسا نوێیەکەی خانەنشینی لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتەكەی مەسعوود پزیشکیان پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاتر کردووە، ژنانی لە مافی خانەنشینی بێبەش کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش چاکسازییەکانی ئەم دواییەی دەستبەری کۆمەڵایەتی، مەرجەکانی خانەنشینی ژنانی کرێکار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو قورستر بووە، بە پێی یاسا نوێیەکە، کە لە ٢٥ـی تەممووزی ٢٠٢٤ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، پرۆسەی خانەنشینی بۆ ژنان بە گۆڕینی تەمەن، ئەزموون و هەژمارکردنی ساڵانی خانەنشینی ئاڵۆزتر کردووە.

 

بەپێی ماددەی ٧٦ لە یاسای ئاسایشی کۆمەڵایەتی و یاسا نوێکانی، خانەنشینی ژنان لە تەمەنی ٤٥،٤٢ و ٥٥ ساڵیدا دەکرێت، هەرچەندە هەر یەکێک لەم بژاردانە مەرجی نوێ و ڕێکاری زیاتری تێدایە، کە خانەنشینی دوادەخات و فشاری زیاتر دەخاتە سەر ژنانی ئیشکەر.

 

مەرجی یەکەمی خانەنشینی لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا

لە یاسای پێشوودا ژنانی فەرمانبەر دەیانتووانی لە تەمەنی ٤٥ ساڵیدا بە ٢٤ ساڵ خزمەت خانەنشین بن، بەڵام بە پێی یاسا نوێیەکە ئەگەر ژنێک لەو تەمەنەدا ٢٤ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوە خانەنشین ناکرێت و دەبێت ٣٠ ساڵ و ١٠ مانگ خزمەتی تەواوەتی هەبێت.

مەرجی دووەمی خانەنشینی لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا

یاسا نوێیەکە تەنها ڕێگە بە ژنانی کرێکار دەدات لە تەمەنی ٤٢ ساڵیدا بە ٢٠ ساڵ و هەشت مانگ خزمەتکردن خانەنشین بن، لە کاتێکدا پێشتر بە ١٨ ساڵ خزمەتەوە خانەنشین بوون.

 

مەرجی سێیەمی خانەنشینی لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا

سەرەڕای زیاتری بەربەستەکانی بەردەم ژنان لە ڕابردوودا، ژنان دەیانتووانی لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا و بە ٢٠ساڵ خزمەتکردنەوە خانەنشین بکرێن بە سوودوەرگرتن لە ماددەی ١١١ ـی یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەڵام لە یاسا نوێیەکەدا ساڵانی خزمەتکردن زیادی کردووە و کەمترین مووچەش وەردەگرن.

 

هێرشێک لەسەر بنەمای ڕەگەزیی بۆ سەر ئاسایشی ئابووری

 ئەو گۆڕانکارییە سیاسیانەی ڕژێمی ئێران لە ژێر ناوی “چاکسازی” بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بەشێک لە شێوازێکی گەورەتری جیاکاری سیستماتیک دژ بە ژنان لە سیستەمی کار و کۆمەڵایەتی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا دەبیندرێت، لە جیاتی کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ژنانی فەرمانبەر و کرێکار حکومەت پێشێلکاریی دژی ژنان زیاتر کردووە و ژنانی لە مافی خانەنشینی بێبەش کردووە کە چەندین ساڵە خەباتیان بۆ کردووە.