تێزاب لەسەر ڕووخساری هیوا؛ تاوانێک کە جوانڕۆی هەژاندووە

لەو ڕۆژانەی کە هاوڵاتیان بەهۆی شەڕ و گرانیی نرخەکانەوە بێهیوا بوون، ڕووداوی پێداکردنی تێزاب نەک هەر ڕووخساری ژنێکی سووتاند، بەڵکو جوانڕۆی هەژاند.

سۆما کەرەمی

 

جوانڕۆ- شاری جوانڕۆ یەکێک لە ترسناکترین کەیسەکانی توندوتیژی خێزانی بەخۆیەوە بینی، مهری عەبدول قادری لەنێوان هەڕەشە و هەوڵی ئاشتەواییدا گیر بوو، دوای ئەوەی هاوژینەکەی تێزابی بە دەموچاویداکرد، بینایی چاوێکی لەدەستدا لەگەڵ ئارامی دەروونی، کوڕە هەشت ساڵانەکەی کە هەوڵی پاراستنی دایکی دەدات، تووشی سووتانی توندی دەستەکانی بووە.

 

توندوتیژی سروشتی لە پشت پەردەی نەریت

لە شارێکدا کە دڕندەیی لە پشت پەردەی "ئاشتەوایی" خۆی حەشارداوە، مهری عەبدول قادری، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ، بە ئامانجی دزینی ئیرادە و شکاندنی کارەکتەری، کرایە ئامانج. یەکێکە لە قوربانیانی تاوانێک کە لە ئامارەکاندا ئامادە نییە؛ زیاتر لە ٧٠%ی قوربانیانی تێزاب ژنانی هاوژیندارن، نیوەیان لەسەر دەستی هاوژینەکانیان یان خزمەکانیانن، زۆرجار هۆکارەکانی جیابوونەوە، ڕەتکردنەوەی هاوسەرگیرییە.

 

تێزاب: ئامرازێکە بۆ سووتاندنی داهاتوو

تیزاب تەنها ئامرازێک نییە بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سووتاندنی ژیان خۆی، لەناو بێدەنگییەکدا کە لە ترسەوە لەدایک بووە، کۆمەڵگە جارێکی دیکە لەرزۆک بووە، هێرشەکە تەنها دژی مهری عەبدول قادری نەبوو، بەڵکو دژی داهاتووی ئەو ژنانەش بوو کە چیتر هەست بە سەلامەتی ناکەن تەنانەت لە ماڵەکانی خۆیاندا.

 

سەرەڕای ڕواڵەتێکی مۆدێرن،  تێزاب هێمای توندوتیژی قووڵی پیاوانە، کە چەکێکە بۆ سڕینەوەی ژنان لە کۆمەڵگە و ونبوونیان و سزادانیان لەسەر هەڵبژاردنەکانیان، لە کاتێکدا توندوتیژی دژی ژنان بەردەوامە، پێدەچێت دەسەڵات زیاتر سەرنجی لەسەر کۆنترۆڵی ئایدیۆلۆژی و کۆمەڵایەتی بێت نەک پاراستنی ژیان، ژنان بەرەو "ئاشتەوایی" ئاراستە دەکرێن نەک پەناگە، بەرەو "بەرگەگرتن" نەک دادپەروەری.

 

"مهری چەندین جار هۆشداری داوە"

سایە مورادی، دراوسێی پێشووی ئەو بنەماڵەیە، باس لەوە دەکات کە مهری عەبدول قادری زۆرجار باسی هەڕەشەکانی هاوژینەکەی کردووە، لەنێویاندا هەڕەشەی ترشەڵۆک، بەڵام لە ترسی تێگەیشتنی کۆمەڵگە و نەبوونی پاراستن،  بڕیاری جیابوونەوەی خۆی پاشگەز کردبووەوە، بۆ ماوەیەک پەنا دەباتە ماڵی باوکی لە گوندی یاری و بڕیاری جیابوونەوە دەدات، بەڵام بە فشاری خێزانەکەی و لە خەمی منداڵەکەیدا گەڕایەوە.

 

لە ڕۆژی ڕووداوەکەدا، دوای دەمەقاڵە لە نێوانیاندا، هاوژینەکەی تیزابی بە دەموچاو و جەستەیدا کرد، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانە و چاوێکی لەدەستداوە، هەروەها کوڕەکەی لەکاتێکدا هەوڵی پاراستنی دایکی دەدا بەهۆی تءزابەکە سووتا، لە نەخۆشخانە خەوێندرا.

 

دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی هۆکارێکە بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی

سایە مورادی ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەی دەوروبەری گرت و ڕایگەیاند، هەندێک لەبری هاوسۆزی، قوربانییەکەیان بە تاوانبار زانی، لەبری ئەوەی توندوتیژی هاوژینی شەرمەزار بکەن، ژنەکەیان بە بەرپرسیار زانی، هەرچەندە نابێت هیچ ناکۆکییەک پاساو بۆ تاوانەکە بهێنێت.

 

جەختی لەوە کردەوە کە قوربانیانی توندوتیژی مافی ژیانیان هەیە، کۆمەڵگە و یاساش دەبێت لە پاڵیاندا بوەستن نەک بینەری ئازارەکانیان.

 

"بۆچی تیزاب بە ئاسانی دەستدەکەوێت؟"

ماریا ک.، ژنێکی هاوڵاتی شاری جوانڕۆیە، ئەو زەبر و زەنگە دەروونییەی دەربڕی کە هێرشی تیزاب بەسەر مهری عەبدول قادری و دانیشتوانی شارەکەدا بەجێهێشتووە و پرسیاری ئەوەی کردووە، ئەو تیزابە لە کوێوە دەهێنرێت؟ بۆچی سەرەڕای مەترسییەکەی ئەوەندە بە ئاسانی دەستدەکەوێت؟

 

بە توندی بەردەوام بوو و وتی: ترشەڵۆک مادەیەکی پیشەسازییە نەک ئامرازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە، فرۆشتنی ئازادانەی ئاماژەیە بۆ پشتگوێخستنی بە ئەنقەست بۆ ژیانی مرۆڤ، هەرکەسێک بە شێوەیەکی نابەرپرسیارانە ترشەڵۆک بفرۆشێت هاوبەشێکی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ تاوانەکەدا.

 

داوای کرد بەپەلە چاودێری فرۆشتن و دابەشکردنی ترشەڵۆک بکرێت، وتی: ئەمڕۆ مهری عەبدول قادری و منداڵەکەی بوونە قوربانی، سبەی ڕەنگە نۆرەی کەسێکی دیکە بێت، ئەگەر ئەم ڕەوتە ڕانەگیرێت، کارەساتەکان دووبارە دەبنەوە.

 

بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی سەبارەت بە هێرشی تیزاب

ماریا ک. جەختی لەوە کردەوە کە هاوڵاتیان دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، زانین و بێدەنگی بە واتای هاوبەشیکردنە لە تاوانەکەدا، دەبێت فرۆشیارەکان دەستنیشان بکرێن و ڕاپۆرتیان لەسەر بکرێت؛ ئەوە بەرپرسیارێتییەکی مرۆییە، ئاماژەی بە بێکردەوەیی دامەزراوەکان کرد، ئایا کامێرای شارەکان تەنها بۆ چاودێریکردنی هاتوچۆ هەیە؟ بۆچی بۆ ناسینەوەی تاوانباران بەکارناهێنرێت؟ بۆچی تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکی دادوەری نەکراوە؟

 

ناڕەزایی خۆی لە خێرایی خاوی چارەسەرکردنی دۆسیەی مهری عەبدول قادری دەربڕی، ئەو پیاوەی تێزابی کرد بە هاوژینەکەی و منداڵەکەی تا ئێستا سزا نەدراوە، واتە قوربانییەکە تەنانەت دوای سووتاندنیش بێ دادپەروەری دەمێنێتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین مهری عەبدول قادری قوربانی هاوژینەکەی نییە، بەڵکو قوربانی بێدەنگی ئێمە و سیستمێکە کە ژنان ناچار دەکات بەرگە بگرن، ئەگەر ئەمڕۆ لەگەڵیدا نەوەستین، دەتوانین سبەی ببینە بەشێک لەم خولە.