"نەدانی موچە قەیرانی دروست کردووەو پشكی گەورەی ئەو قەیرانە بۆ ژنانە"
لەهەرێمی كوردستان، دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕ بە گشتی و بژێوی خەڵک بەتایبەتی هەیە، مامۆستایان و چالاکوانان دەڵێن: نەدانی موچە قەیرانی دروست کردووەو پشكی گەورەی ئەو قەیرانە بۆ ژنانە.

شیا كۆیی
كۆیە- وەك هەموومان دەزانین لە ساڵی ٢٠١٤وە موچەی هەرێم ناسەقامگیرە و تا ئیستا موچەخۆران چەندین موچەیان وەرنەگرتووە یاخود هی جەند مانگیان پاشەکەوت کراوە، ئەوەش بۆتە هۆی قەیرانێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان، گرفتی زۆری لەڕووی كۆمەڵایەتی و دەروونی وژیانی خەڵك دروست کردووە، بەتایبەت پشكی گەورەی ئەو قەیرانە بۆ ژنانە، ئەوە سێ مانگە خەڵك موچەی وەرنەگرتووەو بارودۆخی دارایی خێزانەکان خراپە.
ئاشتی حەمید، مامۆستای خانەنشین لە شاری كۆیە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: نەهاتنی موچەو ناسەقامگیری كاری كردۆتە سەر هەموو كۆمەڵگە لەهەرێمی كوردستان، كاری كردۆتە سەر دەروونمان، چونكە هیچ مانگێك نییە بڵێن ئەوە موچە دێت و تەواو، لە ٢٠١٤وە تا ئیستا چەندین موچەمان وەرنەگرتووە، كاتێك موچەمان چووە سەر بەغدا وتمان تەواو كیشەكە چارەسەربوو، بەڵام كیشەكانی موچە هەر زۆرتر دەبن، لەكاتێكدا فەرمانبەر مافی خۆیەتی موچەی وەربگرێت بێ منەت، پێموایە گەر بێین راپرسیەك بكەین ماڵ بەماڵ بگەڕێین دەبینین بەگشتی ژنەكان کاریگەرییان لەسەرە، بەیانیان كە لەخەو هەڵدەستن نازانن چۆن خەرجیەكان بکەن و چەندی پارە پێیە، چونكە ئەو رۆژە تا ئێوارە پێویستی بەخەرجیەو دابەشی كردووە، چەند بۆ منداڵەكەی كە لەزانكۆیە یان ئەوەی لە قوتابخانەیەو کرێ خانوو و ئاوو كارەباو جگە لەخواردنی رۆژانە، كیشەی خێزانی زۆر درووست بووە، شاری كۆیە چونكە هیچ كۆمپانیاو هەلی كاری لێنیە، بازاڕ بەشێوەكی گشتی وەستاوە.
مامۆستا ئاشتی حەمید وتیشی: بەهۆی نەهاتنی موچە هەموو باری دەروونیمان تێك چووە، ئەوە سێ مانگە موچە نەهاتووە، هەموو ئەوەش دەكەوێتە حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسە، نابێت بڵێین بەغدا لە هەیبەتی هەرێم كەم دەكاتەوە ئەوە راست نییە، چونكە گەر هەرێم نەوت بداتە بەغدا وەك ئەوەی دیاری كراوە موچەش دەهات وئەوهامان لێنەدەهات.
شەهێن ئیبراهیم، مامۆستاو چالاكوان ئاماژەی بەوەکرد، نەهاتنی موچە كاریگەری كردۆتە سەر هەموو تاكێكی كۆمەڵگەو وتی: هەردەڵێن ئەم مانگە دێت ئەوە نایەت دێت نایەت، بەوەش دەروونمان تێكچووە ژیانمان ناسەقامگیر بووە، خەڵك نازانێت چبكات، خەڵك دۆشداماوە، لەكاتێك فەرمانبەران هەمووی دەوام وكاری خۆی بەڕێكوپێكی دەكات، پێویستە مافی خۆی پێبدرێت، كە كەمترین مافی سەرەتاییی موچەكەیەتی، ئەویش نییە بەراستی هەر ئەوەیە روحمان لەبەر ماوە دەنا ژیان نەماوە، قەیرانی موچە كاریگەری بۆسەر هەموو شتێكە و بەتایبەت ٩٥٪ی كیشەكان هەمووی بەهۆی ئابووری خەڵكەوەیە چونكە ژیان بێ پارە بەڕێوە ناچێت، هەیە نەخۆشی هەیە چارەی پێناكرێت.
لە كۆتایی قسەکانیدا مامۆستا شەهێن ئیبراهیم داوایکرد، ئاوڕێك لەوخەڵكە بدەنەوەو ئەو میللەتە زۆر ئارامی گرت، ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە.