ئەنجامنامەی کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک: با چیتر دوورگەی ئیمراڵی سیمبولی گۆشەگیری نەبێت
دەم پارتی لە ٦-٧ـی کانونی یەکەم لە ئیستەنبوڵ 'کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ـی ڕێکخست. لە کۆنفرانسەکە لە ١٩ وڵاتەوە بەشداربوونی بەخۆییەوە بینی، پەیامی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی تێیدا خوێندرایەوە و ئەنجامنامەکەی ڕاگەیاندرا.
ناوەندی هەواڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان "دەم پارتی" بە مەبەستی بە کۆمەڵایەتیکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە ڕۆژانی ٦-٧ـی کانونی یەکەم لە ئیستەنبوڵ لەسەر ئاستی میوان و بەشداربووی ١٩ وڵات لە هەر پێنج کیشوەرەکە، کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێکخست. کۆنفرانسەکە کە دوو رۆژ بەردەوام بوو، تێیدا هەڵسەنگاندن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، پێشهاتە هەرێمی و جیهانییەکان کرا. بەشداربووانی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەی ڕاگەیاند.
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: "کۆنفرانسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، لە ڕۆژانی ٦-٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئەستەنبوڵ بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکەمان لە ١٩ وڵات و بە تەواوەتی لە هەر پێنج کیشوەرەکەوە سیاسەتمەدار، ئەکادیمی، ڕۆژنامەوان، پارێزەی مافەکانی مرۆڤ و پەرلەمانتارانی لە خۆی کۆکردەوە کە لە کاتی جیاوازدا لە بواری جۆربەجۆردا کاردەکەن".
هەلێکی زێرینە
لە ئەنجامنامەکەدا هاتووە: وەک بەشدارانی نێونەتەوەیی، بە قوڵی هەست بەو ئازار و لە دەستدانانە دەکەین کە بەهۆی پێکدادانانەکانەوە زیاد لە ٤٠ ساڵە لە تورکیادا ڕوودەدەن. بۆ ڕاوەستاندنی ئەم ئازارە، پێویستە بەتەواوەتی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکان بێت و بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی و ئاشتییەکی هەمیشەیی بونیات بنرێت. لەم سەردەمەدا کە گەلی کورد لە تورکیا دووچاری ستەم و دەربەدەرکردن بووەتەوە، ئەو پرۆسەیەی کە بە پێشەنگایەتی بەڕێز ئۆجالان دەستی پێکردووە بە هەل و دەرفەتێکی زێڕین دەبینین. وێڕای ئەمەش گرنگە پرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرفراوانتر، کاریگەر و ئەنجامگیر بەڕێوەبچێت.
عەبدوڵا ئۆجالان دەریخست دەتوانێت پێشەنگایەتی ئاشتی بکات
کاتێک نیازە دەسەڵاتخواز و فاشیستیەکان لە جیهاندا پەرە دەسێنن، کۆمەڵگە پێویستی بە ڕێبەرێک دەبێت کە دەتوانێت ڕێگەی ئاشتی بکاتەوە. بەڕێز ئۆجالان بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی سەلماندووە دەتوانێت لە بەرانبەر توندوتیژییەکان کە لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین ڕوودەدەن، بە شێوەیەکی کردەیی و ڕۆشنبیرانە ڕێگەی ئاشتییەکی هەمیشەیی بکاتەوە. بەم هۆکارە نەک بە تەنها وەک نوێنەری گەلی کورد، هاوکات وەک کارەکتەرێکی گرنگ دەیبینین بۆ ئاشتی و گۆڕانکاری دیموکراتیکانە و فرەڕەنگی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین.
بڕیارەکەی پەکەکە هەنگاوێکی زیرەکانە و مێژووییە
پرۆسەی ئاشتی کە لە ٢٧ـی شووباتەوە لە لایەن بەڕێز ئۆجالانەوە دەستپێکراوە، بۆ ڕاوەستاندنی ئاڵۆزی و تەنگەژەکان دەرفەتێکی مێژووییە. بڕیاری پەکەکە بۆ ڕاوەستاندنی تێکۆشانی چەکداری و ئەو کار و چالاکییانەی بەناوییەوە دەکرێن، بۆ ڕووکردنە ئاشتی هەنگاوێکی زیرەکانە و مێژووییە. ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی مەزن دەڕەخسێنێت بۆ کۆتاهێنان بە ئاڵۆزی و پشێوییە درێژخایەنەکان.
لەم قۆناغەدا کە لە جیهاندا شەڕ و ئاڵۆزییەکان پەرەدەسێنن، سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی نەک بە تەنها بۆ کوردان و گەلی تورکیا، هاوکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهانیش دەبێتە ڕێنیشاندەر.
گۆڕانکاری یاسایی مەرجی ئاشتییەکی شکۆدارە
ئەنجامی وتوێژی دوو ڕۆژەی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیە هاوبەش کرا:
- مافی هیوا مەرجی ئاشتییەکەی شکۆدارانەیە
وەک لە بڕیاری داداگای مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایشدا دیاری کراوە، ئەو بڕگە یاسایانەی کە دان بە 'مافی هیوا'دا دەنێت و ئازادیی ئۆجالان لە خۆ دەگرێت، بە مەرجی ئاشتییەکی شکۆدارانە دەبینین. تا جێبەجێکردنی مافی هیوا، پێویستە گەرەنتی گەیشتنی بەرهەمە مەعریفییەکانی ئۆجالان و پەیوەندی ئەکادیمیسیەن و ڕۆشنبیران لەگەڵ ئۆجالاندا بکرێت. با چیتر دوورگەی ئیمراڵی سیمبولی گۆشەگیری نەبێت و ببێتە دەرگایەک بۆ ئاشتی و ئایندەی ئازادی لە تورکیا. دەرنجام دەبێت بە تەواوەتی کۆتایی بە هەلومەرجەکانی گۆشەگیری لە ئیمراڵییدا بهێندرێت.
ژنان ڕۆڵێکی چالاک بگێڕن
پێمانوایە دەبێت شەڕ و ئاڵۆزییەکان بە ڕێگەی سیاسی چارەسەر بکرێن، دیالۆگ و دانوستان گونجاوترین ڕێگەیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی. بە گوێرەی بڕیاری ١٣٢٥ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختەکەینەوە دەبێت ژن لە دانوستانەکانی ئاشتی و پرۆسەی کۆتاییهێنان ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن.
ڕوانگەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەسەند دەکەین، کە دەستنیشانی دەکات مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە نایەکسانی کۆمەڵایەتی، سەردەستەیی لەسەر بنەمای زایندەیی و وێرانکاری ژینگەیی قوڵتر دەکاتەوە، جەختەکەینەوە لە گرنگی پێشخستنی ئەو مۆدێلانەی کە بەشداری یەکسان بۆ ژنان گەرەنتی دەکەن، پەرە دەدەن بە دیموکراسی و پشتگیری لە پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگە جیاوازەکان دەکات.
- پێویستە بەپەلە گۆڕانکاریی یاسایی ئەنجام بدرێت
وەکو لە ئەزموونەکانی چارەسەرکردنی شەڕ لە سەرانسەری جیهاندا دەبینرێت، بە شێوەیەکی بەپەلە گۆڕانکاریی یاسایی پێویستە. لەم چوارچێوەیەدا، ئێمە باوەڕمان وایە کە تورکیا پێویستی بە پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێ و دیموکراتیک هەیە کە هەموو گەل، باوەڕی و ناسنامەکان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوونی یەکسان بگرێتەخۆ. پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کە هیچ بەشێکی کۆمەڵگە پەراوێز نەخات، ئەمە بەتەواویی توندوتیژی لە تورکیا بنبڕ دەکات.
- تێڕوانینی وشکی ناوەندی پێویستە وازی لێ بهێنرێت
وەکو لە نموونەکانی باشووری ئەفریقا، ئێرلەندا، هەرێمی باسک و کەتەلۆنیادا نیشاندراوە کە لە تەواوی کۆنفرانسەکەدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا، پێویستە ڕێبازە وشک و ناوەندییەکان کە دەبنە هۆکاری شەڕ و پێکدادان، بگۆڕدرێن بەو ڕێبازانەی کە یەکێتیی کۆمەڵگە بەرهەمدێنن و توندوتیژی بنبڕدەکەن. مۆدێلی بەڕێوبەرایەتیی هەرێمەکان لە تورکیا پێویستە هەم لە ئاستی سیاسیدا و هەم لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت. ئێمە ڕایدەگەیەنین کە پێویستە لە چوارچێوەی ئەم گفتوگۆیانەدا ئەو یاسایانە دەربکرێن کە بەڕێوبەرایەتییە هەرێمییەکان بەهێز دەکەن.
- پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت
ئێمە هەڵوێستی ئەرێنیی پەرلەمانی ئەورووپا دەبینین؛ بەڵام پێویستە یەکێتیی ئەورووپا ڕۆڵێکی چالاکتر و بنیاتنەرتر بگێڕێت. بیردەهێنینەوە کە ئەگەر پێویست بێت و بە ڕازیبوونی هەموو لایەنەکان، یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت وەکو نێوەندگیر یاخود گەرەنتیکار بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا بکات".
پێویستە هەموو زیندانییانی سیاسی ئازاد بکرێن
ئەنجامنامەکە بەم قسانە کۆتایی هات:
"بۆ داهاتووی ئاشتی و گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە تورکیا، لە چوارچێوەی یاسای ئاشتیدا، لەپێشدا ئازادیی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییانی دۆزی کۆبانێ و ئازادیی هەموو زیندانییانی سیاسی، چاکە و هاندانێک نییە؛ بەڵکو پێویستییەکی مێژوویی و یاساییە. گۆشەگیریی قورس کە زیاتر لە ٢٦ ساڵە سەپێنراوە، لەگەڵ یاسا نەتەوەیی و نێونەتەوەییەکاندا یەکناگرێتەوە. بانگەواز لە تورکیا دەکەین کە بە گوێرەی ئەرکەکانی خۆی لە بواری مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییەکان مامەڵە بکات.
ئێمە ئەم بەرنامەیە بە هەنگاوێکی مێژوویی بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی دەبینین و بانگەواز لە هەموو لایەنەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن. چاودێریی بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە دەکەین و هیوای خۆمان بۆ گۆڕانکارییەک بەرەو کۆمەڵگەی دیموکراتیک و بەرفراوان مکوڕانە دەپارێزین".