"ئێمەی دایکانی شەڕڤانانی ئازادی دەبینە قەڵغان لە دژی هێرشەکان"

ئەو دایکانەی کە منداڵەکانیان لە باشوری کوردستانە و لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە شەڕ دەکەن، وتیان: "ڕۆڵەکانمان لە دژی داگیرکەران لە باشوری وڵاتەکەیان شەڕ دەکەن".

قامیشلۆ

دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٧ی نیسان هێرشی کردە سەر خاکی باشوری کوردستان و تا ئێستا شەڕ بە قورسی بەردەوامە، لە دژی ئەو هێرشانەش گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات چوونە مەیدانەکان و ئیدانەی ئەو هێرشانەیان کردووە، لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریاش گەل بەشدارن لە چالاکییەکان و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکەن، سەبارەت بەو هێرشانەش بنەماڵەی شەڕڤانانی ئازادی لە قامیشلۆ- باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵوێستی خۆیان لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و هاوپەیمانەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشاندا.

 

"بە تێکۆشانی کچەکەم سەربەرزم"

لەیلا کەلش، دایکی شەڕڤانێکی ئازادی کە بەرگری لە خاکەکەی دەکات لە دژی هێرشەکانی باشوری کوردستان وتی: "ئەمڕۆ بە تێکۆشانی کچەکەم سەربەرزم کە بۆ خاکەکەی تێدەکۆشێت، کچەکەم بەرهەڵستی دەکات بۆ ئەوەی گەلی کورد مافی هەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هاوکاری دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر خاکی باشوری کوردستان و بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین لە چاوی گەلی کوردەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دوژمنی کورد و دەوڵەتی تورک هاوڕایە و هێرش دەکاتە سەر گەلەکەی،  دەبوو ماڵی بارزانی دەستی لەگەڵ گەلی کورد بوایە و یەکپارچەیی دروست بکردایە، بەڵام بە پێچەوانەوە دەستی داوەتە دوژمنانی کورد و دژی ئێمە دەجەنگێت، پەیامێکمان بۆ بارزانی هەیە ئێمە دەڵێین بەسە بۆ براکوژی و خوێنڕشتن، ئەمڕۆ ئەو منداڵانەی کە لە خاکی باشوری کوردستان شەڕ دەکەن و بەرگری لە دوژمن دەکەن منداڵانی کوردن".

 

"ئێمە شوێنپێی منداڵەکانمان دەکەوین"

لەیلا کەلش ڕایگەیاند، کە دژی ئەو هێرشانە ڕادەوەستن و وتی: "تا دڵۆپێک خوێن لە لەشماندا بێت، ئێمە شەڕ دەکەین و بە شوێنپێی منداڵەکانماندا دەچین، ئەردۆغان بووەتە گورگێکی هارو کەوتووەتە جیهان لە لایەکەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەدات لە لایەکی دیکەشەوە لە باشور و شەنگال دەدات، ئێمە بە هەموو دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان دەڵێین، دەنگی ئێمە نابیستین و لە دژی تاوانەکانی ئەردۆغان کەڕ وڵاڵن، دەوڵەتانی نێودەوڵەتیش ڕێگەیان بە ئەردۆغان داوە هێرش بکاتە سەر خەڵک، ئەمڕۆ ئەردۆغان چەکی کیمیایی لە دژی منداڵەکانمان بەکاردێنێت، دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، وەک دایکان، ئێمە بەرگری دەکەین و بەردەوام دەبین لە شوێنپێی منداڵەکانمان".

 

"وەک دایک دەبینە قەڵغان لە دژی هێرشەکان"

مەنیشە حەیدەر، کە منداڵەکەی لەناو تەڤگەری ئازادییە، بۆچوونی خۆی بڵاوکردەوە و وتی: "من ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتی کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆم، هاوکات دایکی شەڕڤانێکم، ئیدانەی خیانەتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین کە چەندین سالە دژی گەلی کورد دەیکات، پارتی هەرگیز بەم سیاسەتەی دژ بە منداڵەکانمان سەرناکەوێت، منداڵەکانمان لەناو ناچن چونکە لەسەر ڕێبازی ڕێبەر ئاپۆ دەڕۆن، ئێمە وەک دایکان بە باوەڕەوە پشتگیری منداڵەکانمان دەکەین، بۆ بردنەوەی ئەم شەڕە ئێمە دەبینە شوێنکەوتووی ڕۆڵەکانمان و دژی خیانەت و ئەم شەڕە دەوەستینەوە، تاکۆتایی بەشوێن ڕێبازی منداڵەکانماندا دەچین و ناهێڵین خاینەکان دەستدرێژی بکەنە سەر منداڵەکانمان، ئەم هێرشە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر منداڵەکانمان بەڵام جارێکی تر منداڵەکانمان واز لە پاراستن ناهێنن، ئەمڕۆ دەبینین پارتی دیموکراتی کوردستان جارێکی تر دەستی دوژمنی گرتووەو پیلانی پیسی دژ بە شەڕڤانانی ئازادی ئەنجام دەدات، ئێمە سیاسەتی پەدەکە قبوڵ ناکەین و دژی ئەو سیاسەتە پیسە تێدەکۆشین شۆڕشەکەمان بە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ بنیات نرا و ڕێگە بەم خیانەتە نادەین، ئێمە وەک دایکان بەڵێن دەدەین بە شەڕڤانان و شەهیدانمان کە تا کۆتایی وەڵام و بڕیارمان دەبێت ئێمە هەرگیز ڕێگە بە دوژمن نادەین لە پلانەکانیاندا سەرکەوتوو بن".