کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی کوردستان ڕاگەیەندرا
بەبۆنەی ١٢٤ەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک "کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی کوردستان" لەپێناو پاراستنی هزر و قەڵەمدا، دروستبوونی خۆی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی ١٢٤ەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک "کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی کوردستان" دروستبوونی خۆی ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا: بە پاراستنی هزر و قەڵەم، ١٢٤ەمین ساڵیادی ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی کرایەوە کە میراتی میقداد مەدحەت بەدرخانە و هێشتا ڕووناکییەکەی دەدرەوشێتەوە و ڕێگای تاریکمان بۆ ڕووناک دەکاتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: داستانی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان-ئێران بە هەموو زەحمەتییەکانییەوە لە هەلومەرجێکی خراپدا بەڕێوەدەچێت، لەم ساڵانەی دوایدا بە پڕۆژەیەکی ئامانجدار ڕۆژنامەنووسانی ڕەسەن و بەڕێز و ڕەخنەگری پەراوێزخست و مەیدانی بۆ کەسانی سەر بە میدیای حکومەت چۆڵکرد، ئەنجامی ئەم پڕۆژەیە زیادبوونی کەسانی لومپەنی میدیایی و باج وەرگر بوون بە ناوی ڕۆژنامەکانەوە، پیشەی ڕۆژنامەنووسی ڕاستەقینە لەناوچوو و گەیشتە نزمترین ئاستی کاری ڕۆژنامەوانی لە کوردستان.
لە کۆتایدا هاتووە، "ئێمە وەک کۆمەڵێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ڕاگەیاندن بە درک کردن بە دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەری، بە ڕۆحێکی بەرپرسیارێتی دوور لە باکگراوندی سیاسی و فیکریی و لەپێناو زیندوو کردنەوەی کایەی ڕاگەیاندن و پاراستنی هزر و قەڵەم دامەزراندنی "کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادی کوردستان ڕادەگەیەنین".