تاژێ لە بەرامبەر هێرشەکان داوایەک ئاڕاستەی هەموو کەسێک دەکات

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوەدەکەن کە ژنانی ئێزدی ئازارێکی زۆریان بینیوەو بۆ ئەوەی ئازارەکەیان زیاتر نەبێت داوا دەکەن هەر کەسێک بە ئەرکی خۆی هەستێت.

شەنگال

تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی  "تاژێ" لەبارەی دۆخی ئەم دواییەی شەنگالەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، ڕاگەیەندراوەکە لەبەردەم ئەنجومەنی ژنانی شەنگال لەلایەن وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تاژێ سوهام شەنگالی خوێندرایەوە.

 

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا سەرنج ڕاکێشرا بۆ دۆخی ئێستا و تێیدا هاتووە: "لەم ڕۆژانەی کە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان، هەندێک لە هێزە سەربازییەکانی سەر بە عێراق و هێرشیان کردە سەر هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیخان، ئەمە هێرشکردنە سەر ئیرادەی گەلی ئێمەیە، دەمانەوێت ئەمە بۆ هەموو بەرپرسانی عێراق و سوپای عێراق ڕوون بکەینەوە کە دەمانەوێت کێشەی شەنگال چارەسەر بکرێت و ئێمە هەرگیز دیالۆگمان نەکردووە و لایەنگری جەنگ نەبووین، ئێمە قبوڵ ناکەین کێشەکە لەسەر دەستکەوتەکانمان چارەسەر بکرێت دەستکەوتەکانمان هێڵی سورن، بە خوێنی قارەمانەکانمان وەک بەرخۆدان و بێریڤان و سەید و دژوار و زەردەشت بەدەستهاتووە، ئێمە لە ٣ی ئابەوە ئەزموونمان وەرگرت، چیتر پاراستنی خۆمان و بەڕێوەبەریی و ئیرادەی خۆمان نەدەینە دەست کەس،  ئەم داواکاریانە ڕەوان و بەپێی یاسای عێراقیین، بۆیە داوا لەحکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری عێراق دەکەین ئەو هێزانە کۆنتڕۆڵ بکەن و لە هەرێمەکەمان دووریان بخاتەوە، لەسەر هەر شەقامێک بەربەست هەیە ئێمەی ژنان ناتوانین بە ئاسودەیی بچینە بازاڕ، بڵاوبوونەوەی سوپا بەم شێوە ترسناکە ناڕەحەتی لە نێو کۆمەڵگەدا دروست دەکات، ئێمە وەک ئیرادەی ژنانی شەنگال بڵاوبوونەوەی سوپای عێراق بەم شێوەیە لە کۆڵان و شەقامەکان قبوڵ ناکەین، لە کوێی جیهان سوپا لە ناو خەڵکی مەدەنیدا بڵاوبووەتەوە؟ با حکومەتی کازمی کێشە و ناکۆکییەکانی لەسەر شەنگال چارەسەر بکات و ئەرکی تورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان لە شەنگال جێبەجێ نەکات".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، تاژێ داوای لە هەمووان کرد کە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و وتی: "ئێمە داوا لە تەواوی گەلەکەمان دەکەین ڕۆژەکە ڕۆژی بوون و نەمانە، پێویستە بوونی خۆمانمان هەبێت،  یەکریزی و هاوهەڵوێستیمان بەهێزترین وەڵامە بۆ ئەو هێرشانە، هەروەها داوا لە ژنان دەکەین کە لەم کاتە مێژووییەدا بێدەنگ نەبن پێشەنگایەتی بۆ یەکپارچەیی کۆمەڵگاکەمان بکەین، هەروەها داوا لە هەموو سەرۆک هۆزی ئێزدی و پیاوانی ئایینی ئێزدی و سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیرانی ئێزدی و هەموو بەرپرسەکان دەکەین  کە بە شێوەیەکی سەرەکی ڕۆڵی خۆیان لە کشانەوەی ئەو هێزە شەڕکەرانە بگێڕن".